شارەوانی سۆران مۆڵەتی دروستکردنی خانووی لە چەند گوندێک راگرتووە

05-05-2023
ئەندام جەبار
.
.
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییانی پێنج گوندی سنووری سۆران داوا دەکەن مۆڵەتی دروستکردنی خانوو دەستپێبکاتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سۆرانیش دەڵێت، مۆڵەت دان بەو شوێنانە "نایاساییە" و بۆئەوەی بتوانرێ رێکبخرێنەوە، پێویستە نەخشەیان بۆ دابنرێ و سنووری گوند بەگوێرەی نەخشەی کادسترۆ دیاریبکرێت. 


زریان جەمیل، دانیشتووی گوندی دێڵزیانە لە سۆران لەسەر بناخەی خانووەکەی کە کارەکانی راگیراوە دەڵێت، شارەوانیی سۆران پێشتر لەسەری نووسی بوو، "زەوییەکەت سنووری گوندە و دەتوانرێت خانووی لەسەر دروستبکرێت،" کەچی دواتر کارەکانیان پێ راگرتوووە. دەڵێت: "لە 2013  هەر رێگەپێدانی پێدراوە، ئەو بادلۆیە لە 2023ش هەمان رێگەپێدانی دراوەتێ و لێش ناگەڕێن دروستی بکەین." 

ئەو پێنج گوندەی ئێستا مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان تێدا راگیراوە، گوندەکانی باپشتیان، بادلیان، گوان، کەورین و دێڵزیانن کە پێشتر بە رەزامەندیی شارەوانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان تێدا دەدرا. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەشێکی موڵکی ئەو پێنج گوندە هەیانە تاپۆیە، هەشیانە لە باو و باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە یان کڕیویانە. لەو بارەیەوە، رزگار دێڵزی، هاونیشتمانیی دەڤەری سۆران دەڵێت: موڵکەکە هی باو و باپیرانمانە، ئێستا رایانگرتووە و دەڵێن هیچ رێگەپێدان نادەن. 

رەشید خورشید کە پێشمەرگەیە و دانیشتووی ناوچەکەیە دەڵێت، "بە هەزار دەردەسەری و نەبوونییەوە بڕە پارەیەکمان کۆکردووەتەوە و ئەو زەوییەمان کڕیوە، لە هەر دەرگەیەکمان دابێت و بۆ هەر شوێنێک چووبین، بێ ئەنجام بووە." 

خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران دەڵێت، "مۆڵەتدان بەو شوێنانە نایاساییە، کاتی خۆی کە بەهەر شێوەیەک درابێت، ئەو مۆڵەتانە لە ئێستادا لە دوای دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنی شارەوانیی نوێ راگیراوە. بۆئەوەی بتوانرێ رێکبخرێنەوە، پێویستە نەخشەیان بۆ دابنرێ و شوێنەکانیش دیاری بکرێن کە سنووری گوند بەپێی نەخشەی کادسترۆ تاکوێیە و سنوورەکەی لەکوێ کۆتایی دێت."

لە سۆران 38 گەڕەک هەن؛ لە هەر 38یان دروستکردنی خانوو لە چوارچێوەی رێنماییەکانی شارەوانی رێگەپێدانیان پێدەدرێت، ئەو پێنج گوندە کە سنووریان لەگەڵ سەنتەری شار تێکەڵبووەتەوە، رێگەپێدانیان راگیراوە و دیار نییە کەی کێشەکەیان چارەسەر دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.