رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شەوی دووشەممە شەوی بەراتە و 15 رۆژ دوای ئەوەش لیژنەی بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف کۆدەبنەوە و هەمان رۆژ بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان چاودێری بینینی مانگ دەکەن.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە واتا 6 لەسەر 7ی ئادار، شەوی بەراتە و بڕیارە دوای 15 رۆژ لیژنەکانمان چاودێری بینینی مانگ بکەن."
هەموو ساڵێك منداڵان لە شەوی 15ـی شەعباندا، كە شەوی بەراتە، ماڵان دەگەڕێن و نوقڵ و شیرینی دەبەخشرێتەوە بەسەریاندا. خۆشحاڵکردنی خەڵکی نەریتێکی سەرەکی شەوی بەراتە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "بەردەوام باس لەوە دەکرێت 15 رۆژ دوای شەوی بەرات یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە، بەڵام زۆرجار بەگوێرەی مانگەکانیش دەگۆڕدرێت، شەوی 21ی ئادار واتا یەکەم رۆژی نەورۆز لیژنەکانی بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف کۆدەبنەوە و هەمان رۆژ بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان چاودێری بینینی مانگ دەکەن."
ساڵی رابردوو، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان رۆژی 1ـی نیسانی 2022 کۆبووەوە و رۆژی 2ـی نیسانی 2022ـی بە یەکەم رۆژی رەمەزانی ساڵی 1443ـی کۆچی دیاریکرد.
ساڵانە بەپێی رۆژمێری زایینی، مانگی رەمەزان 10 رۆژ پێش وادەی دیاریکراوی ساڵی پێشوو دەبێت، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە هاتنی مانگی رەمەزان، بینینی مانگ بۆ بە رۆژوبوون کراوەتە پێوەر.
هەموو ساڵێکیش لە دوایین رۆژەکانی مانگی شەعبان لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ چاودێریکردنی مانگ، داوا لە هەموو هاونیشتمانییانیش دەکەن چاودێری مانگ بکەن و مانگیان بینی لیژنەکە ئاگاداربکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ