رووداو دیجیتاڵ
قەشە فرانسیس تەمەنی 92 ساڵانە، زیاتر لە 60 ساڵە لە شەقڵاوە قەشەیە. سەرەڕای باری تەندروستی و زۆریی تەمەنی، رۆژانی نزیک لە هاتنی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق گەڕاوەتەوە کەنیسە. لەگەڵ نوێژەکان نزا بۆ بە سەلامەت هاتن و چوونەوەی پاپا دەکات.
فرانسیس شێر، قەشەی خانەنشینە، بە رووداوی گوت، "هاتنی پاپا زۆر گەورەیە، نەک هەر بۆ کریستیانەکان، بۆ ئیسلام و بۆ هەموو خەڵکیش، چونکە ئەو نیشانەیەکی گەورەیە بۆ پێکەوەژیان، نوێژ هۆکارێکی زۆر گەورەیە بۆ خێر و بەرەکەت، ئێمەش نوێژ دەکەین و بە پێشوازیی پاپاوە دەچین".
لە شارۆچکەی شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 600 کریستیان نیشتەجێن. بە گوێرەی ئامارەکانی کەنیسەی شەهیدان لە شەقڵاوە، زیاتر لە هەزار کەسیشیان لە دەرەوەی وڵات و لە هەولێر نیشتەجێن. لە شەقڵاوە زیاتر لە 300 کەس خۆیان بۆ دیداری پاپا ئامادەکردووە.
ئەنیس یەعقوب، قەشەی کەنیسەی شەهیدانە لە شەقڵاوە و دەڵێت "زۆر دڵخۆشین بەم سەردانە، ئەمە هاندەرێکە بۆ ئێمە کە لە وڵاتی خۆمان جێگیربین و کوردستان بەرەو هەندەران جێنەهێڵین".
بەتوول عیسا، دانیشتووی شەقڵاوەیە و لەبارەی سەردانی پاپا فرانسیس باسی لەوە کرد، "ئێمە زۆر دڵخۆشین کە پاپا دێتە کوردستان و ئەوە رووداوێکی زۆر دڵخۆشکەرە بۆمان". رەمزییە بییەش دانیشتوویەکی دیکەی ئەو شارۆچکەیەیە و دەڵێت، "پشتبەخوا هاتنی پاپا ئاشتی و ئاسایش دەهێنێت و ئێمە زۆر دڵخۆشین".
کەنیسەی مەریەمی پاکیزە لە گوندی کریستیاننشینی هەرمووتە لە شارۆچکەی کۆیە. مۆمێک بە یادی قەشە دەنحای کۆچکردوو، هەڵدەکات کە ساڵێک لەمەوبەر بە رووداوی هاتووچۆ کۆچی دواییکرد. مام سەلام و زیاتر لە 700 دانیشتووی کریستیان لە کۆیە چاوەڕێی هاتنی پاپان و نزیکەی 400 کەسیان خۆیان ناونووس کردووە.
سەلام عەمان کریستیانە و باس لەوە دەکات، ئەگەر خەڵکی گوندی هەرمووتە مەجالیان هەبووایە هەموو بە هەلهەلە و چەپڵەلێدان دەچوون پێشوازیان دەکرد، "هاتنی پاپا پێکەوەژیان رادەگەیێنێت".
بەپێی ئامارەکانی کەنیسەی کلدانی لە هەولێر، ژمارەی کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکەی 200 هەزار کەسن. لەو ژمارەیە نزیکەی 80%یان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەژین. بڕیارە لە نوێژی قەداسەدا کە بە ئامادەبوونی پاپای ڤاتیکان لە 7ـی ئادار لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەڕێوەبچێت، بەپێی پێشبینییەکانی کەنیسەی کلدانی لە هەولێر، زیاتر لە 10 هەزار کەس ئامادە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ