تۆماری خانووبەرە: تاپۆکردنی زەویی کارت بەردەوامدەبێت

05-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زۆربەی ئەو زەوییانەی کارتن تاپۆ و تۆمارکراون، ئەوانەشی کە ماون، کەمترن لەوانەی تۆمارکراون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023، دکتۆر لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر لەو زەوییانەی کارتیان هەیە لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تاپۆکراون و تۆمارکراون، ئەوەی ماوە ژمارەیەکی کەمترە لەوەی تۆمارکراوە."
 
دکتۆر لوقمان عومەر گوتی: "کارەکانی تۆمارکردنی زەویی کارت لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و دادەوە دەکرێت و پرۆسەکەش بەردوام دەبێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵی 2022دا لە رێگەی فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرەوە هەشت هەزار و 131 کارتی زەوییان تۆمار کردووە.
 
بەپێی داتاکان، 7500 کارتی زەوی لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی دووەمی هەولێر لە کەرتی باغەمرە ئەفەندی و 631 کارتی زەوی لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی عەنکاوە لە کەرتی یەکی گردجووتیار تۆمارکراون.
 
هەروەها ئاشکراشی کردووە، لە رۆژانی داهاتوودا سەرجەم وێنەی تۆمارەکان رادەستی لیژنەی باڵای گۆڕینی کارت بۆ تاپۆ دەکرێن.
 
وەزارەتی داد داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات كە لەم دوو كەرتەدا كارتیان پێدراوە، سەردانی شارەوانیی تایبەتمەند بكەن بۆ ئەوەی نووسراوی تەملیكیان بۆ بكرێت و زەوییەكانیان بەناوەوە تۆمار بكرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە