رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بە لیژنەکەیانی راگەیاندوە، ترسیان هەیە ئیسرائیل بەندەری فاو بۆردوومان بکات، بۆیە دەیانەوێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو (1-12-2024)، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداری شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراقی لەبارەی پرسی هەموارکردنەوەی مادەی 12ـی یاسای بودجە کرد. مادەکە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
شاندەکە پێکهاتبوو لە باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و خزەیر عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ).
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە (04-12-2024)، دەربارەی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای تاوتوێکردن و گەنگەشەکردنی چڕوپڕی ئەو بابەتە و راگۆڕینەوە، لیژنەی دارایی داوای دوایین هەڵوێستی فەرمیی وەزارەتی نەوتی کرد لەبارەی هەمواری مادەکە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق پشتیوانی و پشتگیری هەموارەکە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردەوە.
بەگوتەی جەمال کۆچەر، "بریکاری وەزارەتی نەوت بە لیژنەی دارایی گوتووە، مەترسیمان هەیە ئیسرائیل بەندەری فاو بۆردوومان بکات و گرفت بۆ هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکە دروست بێت، بۆیە پێویستە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێبکاتەوە، تاوەکو سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتیان لە نەوت دەستبکەوێت".
دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە (26-11-2024)، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری بودجەی سێ ساڵەی وڵاتەکە (2023،2024-2025) کرد. خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پڕۆژەیاساکە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەماندایە.
5ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسندکرد و 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکرد.
بڕگەی یەکەمی هەموارەکە باس لەوە دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی بکات.
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ