چیرۆکی دڵتەزێنی سەربڕینی ژنێکی کورد؛ 'گرووپە چەکدارەکان سەریان لە ژوورەوە دانابوو'

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
خالید حوسێن
 محەممەد حاجی، هاوژینی ئەمینە حەنان باسی چیرۆکی سەربڕینی هاوژینەکەی دەکات
محەممەد حاجی، هاوژینی ئەمینە حەنان باسی چیرۆکی سەربڕینی هاوژینەکەی دەکات
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان دا، لە گوندەواری باکووری حەلەب، گرووپە چەکدارەکان چەندین پێشێلکارییان دژی خەڵکی سڤیل کردووە. پیاوێک چیرۆکی سەربڕینی هاوژینەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "سەری لە لاشەی کراوەتەوە".
 
محەممەد حاجی شێخۆ، باوکی سێ منداڵە و خەڵکی عەفرینە. ئەو ساڵی 2018 ئاوارەی تلڕەفعەت بوو، ئێستاش جارێکی دیکە ئاوارەی تەبقە بووە. 
 
محەممەد قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، بە دیاریکراوی فرقەی حەمزات، بۆ سەر ناوچەی تەلڕەفعەت لە رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی2024، کاتێک ئەو لەکار گەڕاوەتەوە، بینیویەتی کە ئەمینە حەنانی تەمەن 40 ساڵانی هاوژینی لەلایەن ئەو گرووپەوە کوژراوە و سەری لە لاشەی کراوەتەوە.
 
محەممەد حاجی، هاوژینی ئەمینە حەنان دەڵێت: "لە کار دەگەڕامەوە، دەنگی تەقەیەکی زۆر دەهات و گوتیان تەلڕەفعەت لەدەستچووە، کاتێک گەیشتمەوە ماڵ، سێ منداڵم هەیە؛ منداڵەکانم رزگارکردن و هاتم. بینیم سەریان بڕیوە و بە گولـلە لە وێنەکانی ژوورەوەیان دابوو، سەریان بڕیوە و سەریان لە ژوورەوە داناوە. سەریان بڕیبوو و وێنەکەشیان لەسەری دانابوو، وەکو ئەوەی نووستبێ. من کەسێکی ئاوارەم، لە 2018 لەبەر شەڕی عەفرین هەڵاتین و هاتینە تەلڕەفعەت، بۆ ئەوەی کەمێک بحەوێینەوە و کاربکەین؛ تەنیا منداڵ و هاوژینی خۆمان بەخێوبکەین، بەڵام ئەوان ئەویشیان کوشت".
 
لەترسی کوشتنی خۆی و منداڵەکانی، محەممەد حاجی شێخۆ نەیتوانیوە تەرمی هاوژینە سەربڕاوەکەی بە خاک بسپێرێت.
 
محەممەد حاجی، هاوژینی ئەمینە حەنان باسی لەوە کرد، ئەو هاوژینەکەی بە خاک نەسپارد، بەڵام "کاتێک ئەوەم بینی، گوتم زوو خۆم و منداڵەکانم رزگاربکەم، باشە بۆ کوێ بچم؟ من نەخۆشم." بە دڵێکی خەمگینەوە گوتی "دەمەوێ بڵێم کورد وێران بوون، خەڵکی ئێمەی کرمانج وێران بوون".
 
چارەنووسی ئەمینە حەنان، چیرۆکی ژنێکی نەخۆشە کە دایکی سێ منداڵ بووە و توانانی رۆیشتنی نەبووە.
 
ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی سڤیل گوتی "رۆژی 02ـی مانگ، لە شارۆچکەی تەلڕەفعەت، پیاوێک کە بە محەممەد حاجی ناسراوە، هاوژینە تەمەن 40 ساڵەکەی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەتایبەتی (فیرقەی حەمزات/ هێزی هاوبەش)، کوژراوە، لەکاتێکدا خەوتبوو، چونکە باری تەندروستیی زۆر خراپ بووە و نەیتوانیوە لە ماڵەوە دەربچێت. بینیمان هاوژینەکەشی باسی چۆنیەتی کوژرانی ژنەکەی کردووە."
 
رۆژی 2ـی تشرینی دووەمی 2024، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی دەستەی تەحریری شام بۆ حەلەب و دەوروبەری، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە بە سوپای نیشتمانی سووریا ناسراون و لە تورکیا نزیکن، هێرشێکیان بەناوی (ئۆپەراسیۆنی فەجر ئەلحوڕییە) دەستپێکرد. 
 
لەو هێرشەدا پێشێلکاری و وێرانکارییەکی زۆریان بەرامبەر بە ئاوارەکانی عەفرین لە سنووری تەلڕەفعەت و شەهبا و باکووری حەلەب کرد.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە