سەنتەری میترۆ: خەڵاتکردنی دیار کوردە پێگەی پیشەیی رووداو و کاریگەریی پەیامنێرانی لە جیهان دەردەخات

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەنتەری میترۆ، خەڵاتکردنی دیار کوردە وەکو یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی بیانی لە ئەمریکا بە "موژدە و رۆژە خۆشەکە" ناودەبات و دەڵێت، ئەم خەڵاتە پێگەی پیشەیی رووداو لە جیهان و كاریگەریی پەیامنێرانی لە پایتەختی وڵاتانی دنیا دەردەخات.
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو لەلایەن کۆمەڵەی پەیامنێرانی میدیای بیانی لە ئەمریکا AFPC-USA خەڵات دەکرێت، خەڵاتەکەی لەسەر بنەمای چالاکی و لێهاتوویی دەبێ وەکو یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی ساڵی 2024.
 
دیار کوردە، رۆژی چوارشەممە، 04-12-2024، کاژێر 06:00ـی ئێوارە بە کاتی واشنتن (02:00)ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، لە رێوڕەسمێکی زۆر گەورەدا ئەو خەڵاتە وەردەگرێت.
 
سەنتەری میترۆ "بە گەرمی" پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت، "خۆشحاڵین بە بەخشینی بەرزترین خەڵاتی رێكخراوەكە بە رۆژنامەنووس دیار كوردە، كە بەرهەمی لیهاتوویی پیشەیی و ئەو رۆڵە گرنگەیە كە لەناو كۆمەڵگەی ئەمریكی دەیگێڕێت و كارەكانی كاریگەرییان هەبووە".
 
میترۆ دەشڵێت: "وەرگرتنی ئەم خەڵاتە لەلایەن رێكخراوێكی بەناوبانگی ئەمریكاوە كە پێشتر بە ئەستێرە دیارەكانی میدیای نێودەوڵەتی بەخشراوە، پێگەی پیشەیی رووداو لەسەر ئاستی جیهان و كاریگەری پەیامنێرانی لە پایتەختی وڵاتانی دنیا دەردەخات."
 
لەگەڵ دیار کوردە، 7 پەیامنێر و رۆژنامەڤانی دیکە لە تەلەڤیزیۆنی CNBC، فۆکس نیوز، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەکسیۆس، ZDFـی ئەڵمانی، گرووپی تەلەڤیزیۆنەکانی ئینتەرڤیژن، گۆڤاری بارۆنس، لەلایەن AFPC-USAـەوە خەڵات دەکرێن.
 
ساڵانی پێشتریش چەندین رۆژنامەڤانی نێوداری نێودەوڵەتیی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کە لە ئەمریکا کار دەکەن، ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە. هەروەها چەندین کەسایەتی کە رۆڵیان هەبووە لە هاوکاریکردن و پاراستنی رۆژنامەڤانە بیانییەکان لە باکووری ئەمریکا لەلایەن ئەو کۆمەڵەیەوە خەڵاتکراون، لەوانەش:
 
- جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا.
- لیندا تۆماس گرینفیڵ، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
- ئانتۆنی فاوچی، راوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا
- جودی جیسنبێرگ، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان CPJ خەڵات دەکرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە