رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر پەناگەیەک بۆ ئافرەتە بێ ماڵ و تەنیاکان دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ی کانوونی یەکەمی 2024، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر وەک چۆن کەسانی بە تەمەن، ئەو ئافرەتانەی کێشەیان هەیە و منداڵانی بێ سەرپەرشت شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە، بە پێویستمان زانی ئەو ئافرەتانەی کێشەیان نییە، بێ کار و شوێنن و تەنیان شوێنێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، "وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیارەکەی دەرکرد بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پارێزگای هەولێر دەستپێشخەری کرد لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، پڕۆژەکە کارەکانی بەرەو تەواو بوون دەڕوات".
لەبارەی پڕۆژەکە بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر گوتی، "ئەو ئافرەتانەی ماڵیان نییە و بێکارن، دەتوانن لەوێ بمێننەوە تاوەکو کار و شوێنی مانەوەیان دەستدەکەوێت، بەڵام گرێبەستەکانیان بۆ ماوەی 6 مانگە، ئەگەر 6 مانگ تێپەری و کار و شوێنیان دەستنەکەوت دووبارە گرێبەستەکانیان نوێ دەکەینەوە".
بە گوتەی یوسف چاوشین، "ژمارەی ئەو ئافرەتانە لە هەرێمی کوردستان زۆر نین، ئەو شوێنەی لە هەولێر دەکرێتەوە توانای وەرگرتنی 15 ئافرەتی هەیە".
سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتن یوسف چاوشین دەڵێت، "پێویستە دانیشتووی سنووری پارێزگای هەولێر بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ