سەردانەکەی رەئیسی بۆ سنە زیاتر بۆ بابەتی ئابووری بوو؛ 'سەردانەکە کێشەکان چارەسەر ناکات'

04-11-2023
سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان
سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان
نیشانەکردن ئیبراهیم رەئیسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵێک پرۆژەی ئابووری لە پارێزگاکە کردەوە و لە روانگەی خۆی و بەرپرسانی سنەوە کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی رەوشی ئابووری پارێزگاکە دەبێت.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە سنەوە رایگەیاند، "پارێزگای کوردستان بواری کار، هەوڵ و تێکۆشانی زۆرە. لەم پارێزگایەدا توانای زۆر هەیە. گرووپێک لە سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ کاروباری راپەڕاندن، وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی و پارێزگار پێکدێن و رێگەچارە بۆ نەهێشتنی کێشەی بێکاریی دەرچووانی زانکۆ دەخەنەڕوو. سیاسەتی حکومەت ئەوەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بسازێت و ئاڵوگۆڕییان هەبێت؛ پارێزگای کوردستانیش ئەم توانایەی هەیە و دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت."
 
بەگوتەی بەرپرسان، پارێزگای سنە پارێزگایەکی پشتگوێخراوە و لەڕووی بنەما ئابوورییەکانەوە پەرەی نەسەندووە. هۆکارێکی پەرەنەسەندنە کە سەرۆککۆماری ئێرانیش باسی کرد، "پرسی رۆتیناتە لە فەرمانگەکاندا"، کە وەبەرهێنەران لە وەبەرهێنان پاشگەز دەکاتەوە. 
 
بەگوتەی بەشێک لە چالاکڤانانی پارێزگای سنەش، هۆکارێکی دیکە روانگەی ئەمنیی حکومەتە بۆ پارێزگاکە کە وایکردووە وەبەرهێنەران روو لە پارێزگای سنە نەکەن، لە کاتێکدا حکومەت ئەم تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
 
نەبوونی وەبەرهێنان و پەرەنەسەندووی وایان کردووە هەلی کار بە گوێرەی پێویست نەڕەخسێت؛ بۆیە خەڵکێکی زۆر، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان، روویان لە کۆڵبەری کردووە، ئەویش چەند ساڵ بوو داخرابوو و ئێستا حکومەت چەند شوێنێکی بۆ هاتووچۆی کۆڵبەرەکان کردووەتەوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران لەوبارەیەوە گوتی، "ئەگەر دەروازە سنوورییەکان و بازاڕەکان بکرێنەوە، رێگە بۆ ئەو کەسانە دەکاتەوە کە دەیانەوێت لە سنوورەکان کەلوپەل ئاڵوگۆڕ بکەن، بۆ نموونە، بۆ کۆڵبەرەکان. ئەگەر ئاڵوگۆڕی کەلوپەل ناڕێکخراو بێت، هەم بۆ کۆڵبەرەکان و هەم بۆ باری ئەمنیی ناوچە، کێشە دروست دەکات. بەڵام ئەگەر رێکبخرێن، ئەوانەی دەیانەوێت کەلوپەل ئاڵوگۆڕ بکەن، قازانج دەکەن، رێگای ئەمەش ئەوەیە بازاڕەکانی سنوور چالاک بکرێن. بەرنامەی حکومەت ئەوەیە لە رێگەی چالاککردنی بازاڕەکانی سنوورەوە، ئاڵوگۆڕ کەلوپەل لە نێوان دوو وڵاتدا رێکبخرێت، یان ناوچەی ئازادی بانە و مەریوان چالاک بکرێت."
 
سەردانەکەی رەئیسی دووەم سەردانی سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ ئەو پارێزگایە؛ هەندێک لە چالاکڤانان پێیان وایە، هاتنی سەرۆککۆمار بۆ پارێزگاکەیان کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان نابێت.
 
دەشڵێن، ئەو بابەتە پلان و بەرنامەی دەوێت، بەڵام بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە پێیوایە سەردانی لەو جۆرە وادەکات بەرپرسانی ئاستبەرز ئاگاداری کێشەکان بن و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.