پاراستنی بارەگای بزووتنەوە لە رانیە دەدرێتە دەست پۆلیس

04-10-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هێزێکی چەکداری بزووتنەوەی ئیسلامی کە لایەنگری عیرفان عەبدولعەزیزن هەڵدەکوتنە سەر مەڵبەندی بزووتنەوەکە لە رانیە. دەمەقاڵێ لەنێوان هەردوو باڵەکەی بزووتنەوەدا دروست دەبێت، بۆ رێگەگرتن لە پەرەسەندنی کێشەکان مەفرەزەیەکی پۆلیسی راپەڕین ئاسایشی بارەگاکە و ئەندامانیان لە ئەستۆگرتووە، بەڵام سەرکردەیەکی نزیک لە کامیلی حاجی عەلی دەڵێت: "گرژییەکانیان ناگاتە ئاستی شەڕی چەکداری."
 
محەممەد بازیانی: زۆرینەی بزووتنەوە پێکدەهێنین
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2022، محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی-باڵی کامیلی حاجی عەلی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆرینەی ئەندامان و لایەنگرانی مەڵبەندی رانیە، واتە 95٪ـیان لەگەڵ ئێمەدان و باوەڕیان بە کاک حاجی کامیلە و پێیانوایە ستەملێکراوە، بەڵام دیارە هەندێک کەس بە چەکەوە هەڵیانکوتایە سەر مەڵبەند و دواتریش پۆلیسی هاتووەتە نێو کێشەکە و پێیگوتوون، ئەگەر دوورنەکەنەوە دەستگیریان دەکەن."
 
دوای گرژییەکانی نێو مەڵبەندی بزووتنەوە لە رانیە، ئێستا هێزێکی پۆلیس لەوێ جێگیرکراون. بازیانی دەڵێت: "تاوەکو کێشەکان چارەسەر دەبن، ئەو هێزە لەوێ دەبێت."
 
دوای نیوەڕۆی یەکشەممە 02-10-2022 ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ـی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: کۆنگرەکە ئامانجەکەی بەدی نەهێناوە، بۆیە دوایین کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدەن. هەروەها بۆ دروستنەبوونی بۆشایی سیاسی، یاسایی و شەرعی لە حیزبەکە، کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستنیشان دەکەن.
 
دکتۆر محەممەد بازیانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لەو هەشت مەڵبەندەی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوان "زۆرینەن،" بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی مەڵبەندەکان خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، لە رۆژانی داهاتوو زیاتر ئەوانە رووندەبێتەوە و ئەوان زۆرینەن لەنێو بزووتنەوەی ئیسلامی.
 
رۆژی دووشەممە 03-10-2022 ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی کامیل حاجی عەلی و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ـی بزووتنەوەیان دایەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 لە رووی شەرعی، یاسایی و سیاسییەوە، قبووڵکراون و کۆتاییان پێ هاتووە. ئەوانەی ئێستا بە بزووتنەوەی ئیسلامی رازی نین، رێگەیەکە خۆیان هەڵیان بژاردووە و "ئێمە ناوەستین لە رێبازی خۆمان."
 
لەدوای پەرەسەندنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە ئێستا ئەم حیزبە تاکە حیزبی هەرێمی کوردستان و عێراقە کە دوو رابەڕی لەیەککاتدا هەبێت، یەکێکیان بە شەرعیەتی کۆنگرە و ئەوی دیکەیان بەشەرعییەتی لێژنەی باڵای کۆنگرە.
 
ئەندامێکی سەرکردایەتیی بزووتنەوە: دەمەقاڵییەکەی مەڵبەندی رانیە چارەسەربووە
 
سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی و نزیک لە باڵی عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، لەگەڵ ئەوەی دان بە بوونی دەمەقاڵێدا لەنێوان هەردوولا دەنێت، بەڵام دەڵێت: "ئەوەی روویداوە برادەرانی ئێمە بە چەکەوە نەچوونەتە سەر بارەگاکە و هیچ قسەیەکی نەشیاویان نەکردووە، بەڵکو دەمەقاڵێیەکی ئاسایی بووە."
 
سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزی پۆلیس لەنێو مەڵبەندی رانیە، سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی گوتی: "بۆ ئەوەی لایەنی سێیەم چ لەنێو بزووتنەوە بێت یان لە دەرەوەی سوود لە ناکۆکییەکان وەرنەگرێت پۆلیس لەوێ جێگیربوون."
 
محەممەد بازیانی بە دووری دەزانێت گرژییەکانی نێو بزووتنەوە بگەنە ئاستی پێکدادانی چەکداری و گوتی، "چونکە کێشەکە لەسەر کورسی دەسەڵات نییە، بەڵکو لەسەر رەوایەتی و شەرعیەتی کۆنگرەیە و لە داهاتوودا ئەوە رووندەبێتەوە. باوەڕدەکەین کاک حاجی عیرفان دەست لە پۆستەکەی بەربدات بەتایبەت لە رۆژانی رابردوو ئەوەی بە شاندێکی زانایانی ئایینی کە سەردانیان کردبوو، راگەیاندووە و گوتوویەتی لە 1-1-2023 لە بەرژەوەندیی کاک حاجی کامیل دەستلەکاردەکێشێتەوە، لیژنەی باڵای کۆنگرەش ئاڵای بزووتنەوەی ئیسلامی و قورئانەکەی رادەستی کاک حاجی کامیل کردووە کە نەریتێکە لەلایەن رابەرەکانی بزووتنەوەوە پەیڕەوکراوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداویش هیچ نیازێک بۆ دەستلەکارکێشانەوەی عیرفان عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی نییە، چونکە پێشتر داوای خۆهەڵبژاردنی لەنێو شوورای بزووتنەوە و کۆنفرانسی ئەو حیزبەشی لە کامیل حاجی عەلی کردووە و پێیگوتووە هەرکاتێک شوورا یان کۆنفرانس وەکو رابەر هەڵیان بژاردی، ئەو لاریی نییە، بەڵام کامیلی حاجی عەلی، رەتیکردووەتەوە.
 
رۆژی 05-02-2022 دوانزەیەم کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو کە تەنیا کامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەری گشتی بەربژێر کردبوو. دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، کامیلی حاجی عەلی نەیتوانی 50+1ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەوەش نەیتوانی ببێتە رابەری نوێی بزووتنەوەکە و، تەنیا 265 دەنگی بەدەستهێنا. دواتر هەرچەندە عیرفان عەبدولعەزیز خۆی بەربژێر نەکردبوو، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە رایان سپارد جارێکی دیکە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆی خۆی.
 
لە دوایین کۆنگرەی حیزبەکە 277 ئەندام دەنگیان بە كامیل حاجی عەلی نەدا، بەو شێوەیەش عیرفان عەبدولعەزیز بۆ ساڵی نۆیەم و بۆ جاری سێیەم بووەوە بە رابەری گشتیی بزووتنەوەکە، هەرچەندە خۆیشی بەربژێر نەکردبوو.
 
رۆژێک دوای کۆنگرەکە، کامیل حاجی عەلی، بەربژێری بێ رکابەر و دەرنەچووی رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بە رووداوی راگەیاند، "دەرچوونەوەی عیرفان عەبدولعەزیز، لە کۆنگرەدا، کارێکی تەواو نایاساییە و لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبدایە، بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵای یاساییم لە دژی ئەنجامی کۆنگرەکە لەلای لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر تۆمار کردووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەی تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە.

لە سێ رووداوی هاتووچۆدا لە ورمێ 10 کەس بریندار بوون

لەسەر رێگەی ورمێ-سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێ 10 کەس بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون؛ بەڕێوەبەری گشتیی خاچی سووری پارێزگاکە دەڵێت، رووداوەکان بەهۆی بارانبارینەوە بوون.