دەرهێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر کۆسپی بەردەم رێککەوتنی ئەتۆمییە

05-08-2022
فواد حەقیقی
عەلی باقری، نوێنەری ئێران بۆ دانوستاندنە ئەتۆمییەکان. وێنە: Alex HALADA / AFP
عەلی باقری، نوێنەری ئێران بۆ دانوستاندنە ئەتۆمییەکان. وێنە: Alex HALADA / AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ڤیەننا خولێکی دیکەی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەستیپێکرد، بەرپرسێکی ئێران دەڵێت، پێشنیازی باشیان پێدراوە، ئێرانیش پێشنیازی خۆی هەیە.
 
دەرهێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکا، کۆسپی بەردەم رێککەوتنی هەردوولایە دانوستاندنکارێکی ئێران دەڵێت، ئێران نیازپاکیی خۆی بۆ دانوستاندن نیشان داوە و تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە.
 
قۆناخێکی دیکەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هۆتێل کۆبێرگ لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت. دانوستاندنەکە بە دەستپێشخەریی یەکێتیی ئەوروپایە. جەواد کەریمی قدوسی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، گوتوویەتی: پێشنیازی باش بە ئێران دراوە و بڕیارە پێشنیازەکانی ئێرانیش بە لایەنی ئەمریکی بدرێت.
 
میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئێران بەرامبەر دەرهێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر نەرمی نواندووە. بەڵام ماڵپەڕی ئیرنا، زمانحاڵی حکومەتی ئێران، لە زاری ئەندامێکی تیمی دانوستاندنکاری ئێرانەوە ئەوەی رەتکردەوە و گوتی: ئێران نیازپاکیی خۆی بۆ دانوستاندن نیشان داوە و تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکا دایە.
 
مەجید تەخت رەوانچی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئێران بە نیازێکی پاکەوە لەگەڵ هەموو لایەنە بەشداربووەکان دانوستاندنی کردووە بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە دواخراوە، چونکە ئەمریکا هێشتا بڕیاری دڵنیاکەرەوەی نەداوە کە ئێران چێژ لە سوودە ئابوورییەکانی رێککەوتنەکە وەردەگرێت."
 
دیپلۆماتە رۆژئاواییەکان هیوایەکی ئەوتۆیان بەم خولەی دانوستاندن نییە. رۆبێرت مالی، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، گوتوویەتی: چاوەڕوانی ئێمە بۆ رێککەوتن سنووردارە و لە ماوەیەکی کورتدا دەردەکەوێت کە ئاخۆ ئێرانیش وەک ئێمە ئامادەی رێککەوتنە یان نا.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندووە، ئێران سێ کۆمەڵە سەنتەرفیوجی نوێی داناوە و لە هەوڵدایە 6 کۆمەڵەی دیکەش دابنێت. ئێران ئەمە وەک دیپلۆماسی چالاک لە قەڵەم دەدات و پێیوایە لەم قۆناخەی ئێستادا، کە بەهۆی شەڕی رووسیاوە رۆژئاوا پێویستیی بە وزە هەیە، دەرفەتێکی لەبارە بۆ وەرگرتنی سەرەتی زیاتر. 
 
رافائیل گرۆسی، سکرتێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، "پێموایە ئێمە دەبێت تێبگەین جیاوازیی زۆر لەنێوان لایەنە دانوستاندنکارەکاندا هەیە، هەروەها هەندێ بابەتی گرنگی پەیوەندیدار بە چالاکیی ئەتۆمییەکانی رابردووی ئێران هەیە، کە دەبێت پشتڕاست بکرێنەوە و ئێران دەبێت وەڵامی بۆیان هەبێت، بەڵام هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە، ئەوەش شتێکی زۆر ئەستەم نییە. بابەتەکە هەندێ ئاڵۆزە."
 
ئێران لە دانوستاندنەکاندا خوازیاری ئەوەیە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە واز لەم مەرجانەی بێنێت و هەروەها ئەمریکاش گەرەنتی پێبدات جارێکی دیکە ناکشێتەوە، بەڵام قبووڵکردنیان زۆر ئەستەمە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە