رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی رزگاری رایگەیاند، ناوچەیەکی پیشەسازی دروستدەکرێت کە زیاتر لە پێنج هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4-7-2022، ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی رزگاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناوچەیەکی پیشەسازی لە ناحیەی رزگاری لە ناوچەی کەلار لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دروست دەکرێت لەسەر رووبەری 300 دۆنم زەوی کە دەتوانێت زیاتر لە پێنج هەزار هەلی کار بۆ سنووری ئیدارەی گەرمیان بڕەخسێنێت."
ئەرسەلان ئەحمەد گوتیشی: "بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی گەرمیان پێیان راگەیاندوون کە ناوچەی پیشەسازیی کۆن هیچ سیفەتێکی پیشەسازی تێدا نییە، چونکە کەوتووەتە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی چڕەوە، بۆیە شارەوانی هەستاوە بە دابینکردنی پارچەزەوییەک کە لە بنەڕەتدا موڵکی شارەوانیی رزگارییە، ئێستا لە 250 دۆنم زەویی کار دەکرێت و 50 دۆنم بۆ داهاتوو دابینکراوە لە ئەگەری گەورەکردنی زیاتری پڕۆژەکە."
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی رزگاری: "ئەو ناوچە پیشەسازییە لە رووی دیزاینەوە مۆدێرن و جیاوازترە، تەنانەت شەقامە سەرەکییەکانی ناوچەکە 50 مەترن، بچووکترینیشی 20 مەترە."
ئەرسەلان ئەحمەد دەڵێت، ئەو ناوچە پیشەسازییە نزیکەی 60 کارگە لە خۆدەگرێت، کە بەشێکی سێکتەری خۆراکی، کانزایی، پترۆکیمیای، چنین و دارتاشی، پلاستیکی و بەشێکی سێکتەری هەمەچەشنە کە ئەوە بۆ کارگە بچووکەکانە و 300 دووکانی پیشەوەری تێدایە بە رووبەری جیاواز.
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی رزگاری: "ناوچەکە پێنچ شووشتنگە و گەراجی پشکنینی ئۆتۆمبێل، خزمەتگوزارییەکانی وەک بنکەی ئاگرکوژێنەوە، پۆلیسی و تەنانەت مزگەوتیشی تێدایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ