قەرەبووى مووچەى نەدراوى لیوا هاوبەشەکان دەکرێتەوە

04-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە بودجەى 2024دا، قەرەبووى مووچەى نەدراوى شەش مانگى ئەفسەرانى لیوا هاوبەشەکان دەدرێتەوە کە لەلایەن وەزارەتى بەرگریى عێراقەوە نەدراوە.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە دواى پەسندکردنى خشتەى بودجەى 2024، پارەى مووچەى نەدراوى لیوا هاوبەشەکان دەدرێت کە لایەن وەزارەتى بەرگریی عێراقەوە نەدراوە. 
 
لە 20ـى تشرینى یەکەمى 2021، بە بڕیارى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، لیواى 20ـی پێشمەرگە خراوەتە سەر وەزارەتى بەرگریى عێراق وەک بەشێک لە لیواى هاوبەشى نێوانیان لە بۆشایی ئەمنى ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام لە کۆتایی 2023 دەستبەکار بوون.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لەو لیوا هاوبەشانە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دیارنییە قەرەبووەکە لە ساڵى 2021 ـەوە دەبێت، یان لەدواى دەستبەکاربوونى لیواکەوە."
 
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، لە دواى دەستبەکاربوونى ئەو لیوا هاوبەشە لە مانگى کانوونى یەکەمى 2023، مووچەى شەش مانگى 166 ئەفسەریان نەدراوە. 
 
سەگڤان سندى گوتى: "رەنگە مانگانە مووچەیەکى دیکەی زیادە بدرێتە ئەوانەى مووچەکانیان نەدراوە، وەک قەرەبووى مووچەى پێشوویان"
 
پارەى تەرخان کراو بۆ مووچەى وەزارەتى بەرگریى عێراق لە خشتەى بودجەى 2024 بووە بە 8.2 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا ساڵى 2023 ئەو خەرجییە 7.6 تریلیۆن بووە، بەوە نزیکەى 600 ملیار زیادیکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە