پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان: ئەو کەسەمان دەستگیرکرد، کە ئاسکێکی کوشتبوو

04-05-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان راگەیاند ئەو کەسەی ئاسکێکی ئاوسی کوشتبوو، دەستگیرکراوە و گۆشتی ئاسکەکە و چەکەکەشی دەستی بەسەردا گیراوە، دەشڵێت؛ ساڵانە نزیکەی 500 کەس لەسەر راوکردن دەستگیردەکەن، بەڵام کەس سزا نادرێت.
 
رۆژی 4-5-2022، عەمید شوان محەممەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، لەبارەی بڵابوونەوەی وێنەی کەللەئاسکێک دوای کوشتنی لەگەڵ بێچووەکەی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ "رووداوەکە لە ناوچەی مەیدانی سەر بە خانەقین بوو، ئەو کەسەی ئاسکەکەی کوشتووە دیارە لەو ناوچەی مەیدان باخێکی هەیە، کەسەکە دانیشتووی سلێمانییە، ئەو ئاسکەی بە چەکی کڵاشینکۆف کوشتووە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە ئەو ئاسکە بەچکەیەکی لە سکدایە، بۆیە دوای هاوئاهەنگی لە بازگەی بانیخێڵانی نزیک دەربەندیخان دەستگیرکراوە."
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی سەری ئاسکێک دوای کوشتنی لەگەڵ بێچووەکەی، کە لەسکیدا بووە، بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی زۆری خەڵکی بەدواداهات.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، گوتی: "ئێستا وەرزی زاوزێیە، لەگەڵ ئەوەشدا وشکەساڵی هەیە، بۆ گەڕان بەدوای ئاو و خۆراکدا، ئاژەڵە کێوییەکان لە شوێنی نیشتەجێبوون نزیکدەبنەوە، ئەمەش وایکردووە خەڵکانێکی نەفسنزم دۆخەکە بقۆزنەوە و راویان بکەن".
 
عەمید شوان محەممەد، بە نیگەرانییەوە دەڵێت ئەوان کەمترین ئۆتۆمبێلیان لەو سنوورەی خۆیان بۆ دابینکراوە و گوتی: "ئۆتۆمبێلەکانمان کۆنن و بەشێکیان لەکارکەوتوون، ئۆتۆمبێلی راوچییەکان مۆدێل بەرزن، بۆیە زۆر جار نەمانتوانیوە وەکو پێویست ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین."
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لێپێچینەوەی زیاتر بەپێی یاسا لەگەڵ راوچییەکان بکات و دادگەکان سزایان بدەن و گوتی: "ئێمە ساڵانە نزیکەی 500 راوچی دەستگیردەکەین، بەڵام کەسیان سزانادرێن. نابێت ئێمە بیانگرین و لەولاوە بەربدرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە