کەشناسی: ئەگەر هەیە ئەمڕۆ بەفربارین سەنتەری سلێمانی و دهۆک بگرێتەوە

04-02-2023
سۆران حوسێن
هاونیشتمانییەک لە کاتی بەفربارینی پار لە سنووری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
هاونیشتمانییەک لە کاتی بەفربارینی پار لە سنووری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراو ئەمڕۆ لە حاجی ئۆمەران بووە بە 9 پلە ژێر سفر. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، ئەمڕۆ "ئەگەر هەیە" بەفر لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆک ببارێت. کەشناسێکێش دەڵێت، ئەم شەپۆلە تاوەکو چوارشەممە بەردەوام دەبێت و رۆژی پێنجشەممە کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە. 
 
رۆژی شەممە، 4-2-2023، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوای نیوەرۆی ئەمڕۆوە بارانبارین لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و شەو دابارین زیاد دەکات و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
دیلان رەشاد ئاماژەی بەوەشکرد، بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و "ئەگەر هەیە سەنتەری سلێمانی و دهۆکیش بگرێتەوە".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی یەکشەممە بڵاویکردەوە، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم شەپۆلە بایەکی ساردی لەگەڵ دەبێت و تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت و رۆژی پێنجشەممە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و کەشوهەوا جێگیر دەبێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
- هەولێر؛ 10 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 6 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 7 پلەی سیلیزی 
- کەرکووک؛ 13 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 8 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 8 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 4 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 16 پلەی سیلیزی
 
هەر بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، نزمترین پلەی گەرما کە ئەمڕۆ شەممە تۆمارکرابێت لە حاجی ئۆمەران بووە کە 9 پلە ژێر سفر بووە، هەروەها لە ئامێدی 4 پلە ژێر سفر، لە سۆران یەک پلە ژێر سفر، لە سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە پلەی گەرما سفر بووە و لە هەولێریش نزمترین پلە یەک پلەی سیلزی تۆمارکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باخچەی ساوایانی بەیبوون.

لە ئێلیهـ دوای دانانی قەییوم مامۆستایانی کوردیی باخچەیەکی ساوایان وازدەهێنن

لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە دانرا، مامۆستایانی زمانی کوردی باخچەی ساوایانی بەیبوون وەک کاردانەوەیەک وازیان لە کارەکانیان هێنا.