رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لەبارەی کڕین و فرۆشتن بە قاچاخ لە سنوورەکان دەڵێت: "هه‌ر كار و كاسبییه‌ک ببێته مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ یان كه‌مئه‌ندامبوونی، حەرامە." بڕیاردەری ئەنجوومەنی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "تەنیا بۆ ئەو کەسانە حەڵاڵە کە لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان گەمارۆیان لەسەرە و ناچارن لەبەر بژێویی ژیانیان کاڵا و شمەک بهێننە ژوورەوە، چونکە لە کاتی ناچاری زۆر شت حەڵاڵە."
ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توای هەرێمی کوردستان لەبارەی حوکمی کڕین و فرۆشتن بە قاچاخ لە سنوورەکان و بەتایبەت لە چیای قەندیل و بەتایبەتیش هێنانی مەڕوماڵات له‌و رێگه‌یه‌وه كه زۆرجار بووه‌ته مایه‌ی له‌نێوچوونی مه‌ڕوماڵات فەتوایەک دەردەکات و دەڵێت: "به‌پێی ده‌قه‌كانی شه‌رع، هه‌ر كار و كاسبییه‌ک ببێته مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ یان كه‌مئه‌ندامبوونی، یان ئه‌وه‌نده ریسكی تێدا بێت کە ببێته مایه‌ی له‌ناوچوون و فه‌وتانی گشت یان زۆربه‌ی سه‌روه‌تی مرۆڤ، ئه‌و كار و كاسبیه ده‌بێت به حه‌رام له جۆری (الحرام لغیره)."
بە گوێرەی فەتواکەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: "ره‌چاوکردنی مافی ئاژه‌ڵان و بێ زمانان ئەرکێکی شه‌رعییه و پێویسته جێبه‌جێ بكرێت؛ هه‌ركه‌سێكیش ببێته هۆكار بۆ ئه‌و جۆره كارانه و خه‌ڵكی بنێرێت وه‌ک كرێكار یان شوان یان خه‌ڵكی ناچار بكات بۆ ئەو جۆره كارانه ئه‌وا گوناهبار ده‌بێت و هه‌مان حوكمی هه‌یه."
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دەشڵێت، هه‌ر كه‌سێك له ده‌زگە په‌یوه‌ندیداره‌كانی سه‌ر سنوور به هه‌ر پاساوێک ببێته مایه‌ی كوشتن یان هه‌ڵدێران یان برینداربوونی هه‌ر هاووڵاتییه‌كی بێ چه‌ک كه بیه‌وێت كاسبی بكات گوناهبار ده‌بێت، چونكه پێویسته به شێوه‌ی ئارام و یاسا به‌ركاره‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره هاووڵاتییانه بكرێت نه‌ک به گولـله و تووندوتیژی.
رۆژی چوارشەممە 4-1-2023، د. حەسەن پشدەری، بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان لەبارەی دەرکردنی ئەو فەتوایە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاری قاچاخچێتی پرسیاری مامۆستایانی پشدەر بووە و لە سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان زۆر بووە. زۆرجاریش مامۆستایانی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستانیش سوود لە فەتواکانمان وەردەگرن، بۆیە فەتوایەکی لەو جۆرەمان دەرکرد."
بە گوتەی د. حەسەن پشدەری، دەرکردنی فەتواکەیان دوو رەهەندی هەیە؛ رەهەندی یەکەم لە رووی ئابوورییەوەیە بۆ ئەوەی هەموو شتێک بە "فەرمی بهێندرێتە نێو هەرێمی کوردستان"، هاوکات رەهەندی مرۆڤایەتیشی هەیە، چونکە "پۆلیسەکانی سنووری ئێران زۆر بەبێ بەزەییانە لە کۆڵبەر و شوانەکان دەدەن، هەندێک کات پێیان دەڵێن، بڕۆن و دواتر دەیانکوژن."
بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان لەبارەی کاریگەری فەتواکانیان گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆر بابەت بە قسەی کردووین و تێبینی وەرگرتووین، بۆ زۆر شت لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و دادگە و پەرلەمانیش قسەمان کردووە و زۆر بە جیدی تێبینییەکانیان وەرگرتووە و کاریان لەسەرکردووە."
یەکێتیی زانایان 17 لقی لە هەرێمی کوردستان هەیە. لەبارەی کاری قاچاخچێتی لە رووی شەرعی ئیسلامەوە، د. حەسەن پشدەری گوتی: "نابێت هیچ کاڵایەک کە قەدەخەیە داخڵی هەرێمی کوردستان بکرێت و هەر کەسێکیش داخڵی بکات دەبێت بزانێت ئەو کارە حەرامە، چونکە هەر یاسا و رێنماییەک کە حکومەت دەریدەکات لەبەر بەرژەوەندی گشتییە، بەڵام هەندێک بابەت هەیە لە سنووری رۆژهەڵات بەهۆی ئەوەی گەمارۆیان لەسەرە ناچارن هەندێک شت بە نهێنی بهێننە هەرێمی کوردستان. ئەوانە کۆڵبەرن و ئەو شتانەی دەیهێنن لە هەرێمی کوردستان قەدەخە نییە بەس لە سنووری بەرامبەر قەدەخەیە بۆ ئەوان حەڵاڵە، چونکە لە کاتی ناچاری زۆر شت حەڵاڵە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ