رووداو دیجیتاڵ
دەربەندیخان بووە خاوەنی ماستەرپلانێکی نوێ و قایمقامی شارەکەش دەڵێت، "دوای رووخانی رژێمی بەعس ئەوە یەکەمجارە دەربەندیخان دەبێتە خاوەنی نەخشە و ماستەرپلانی خۆی، بەگوێرەی نەخشەی نوێ پێویستە سەرجەم ئەو کارگانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، لە سنووری دەربەندیخان بچنە دەرەوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-11-2022 سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان کە دوێنێ شەو دوایین واژۆی لەسەر نەخشەی نوێی فراوانبوونی قەزای دەربەندیخان کرد، بە رووداوی گوت، "ماوەی چەندین ساڵە دەربەندیخان خاوەنی نەخشە نییە دوای فراوانبوونی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان هەر لەسەر نەخشەی کۆن بووە، دوای رووخانی رژێمی بەعس ئەوە یەکەمجارە دەربەندیخان دەبێتە خاوەنی نەخشە و ماستەرپلان."
لەبارەی گرنگیی نەخشەکە، سلێمان محەممەد ئەوەی خستەڕوو، "هەموو ئەو ناوچە و شوێن و جێگایانەی هاتوونەتە سنووری قەزای دەربەندیخان، لە نەخشەکە جێگیر کراون."
بە گوتەی قایمقامی دەربەندیخان، لە ماستەرپلانی نوێی دەربەندیخاندا پێویستە سەرجەم ئەو کارگانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، لە سنووری قەزاکە بچنە دەرەوە.
سلێمان محەممەد دەڵێت، "لە ماستەرپلانی نوێ رووبەری قەزای دەربەندیخان فراوان دەبێت، سێ گەڕەک و دوو گوند و بەشێکی ناوچەیەکی پیشەسازی دێنە سنووری قەزای دەربەندیخان، ئەگەر دەربەندیخان بکرێتە چوار بەش، ئەوە بەشێکی دیکە دێتە ناو ماستەرپلانەکە."
لەبارەی کاتی کارکردن لەسەر نەخشەی نوێی دەربەندیخان، قایمقام ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا نەخشەی نوێی دەربەندیخان تەواو بووە و لە بەردەستی شارەوانییە و وردە وردە کارکردن لەسەری دەستیپێکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ