کوردستان
هەردووکیان وێنەی فەوزییە ئەمین سەیدۆن، بەڵام ئەوەی دەستە چەپ لە پاش رزگارکردنی و گەڕانەوەیەتی بۆ عێراق. وێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ژنێکی ئێزدیی تەمەن 21 ساڵیان لە "بارمتەیی" لە غەززە رزگارکردووە وبۆ عێراقیان ناردووەتەوە. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت، یەکەم جار لە رێگەی شاشەی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەداوی ئەو کچەیان دەستکەوتووە.
رۆژی پێنجشەممە 03-10-2024 سوپای ئیسرائیل لە ئێکس رایگەیاند: "دوای زیاتر لە 10 ساڵ دەستبەسەریی لە غەززە، ژنێکی ئێزدیی 21 ساڵ کە لەلایەن تیرۆریستێکی (حەماس)ی سەر بە داعش بە بارمتە گیرابوو، رزگارکرا و بۆ خێزانەکەی خۆی لە عێراق گەڕێنرایەوە".
سوپای ئیسرائیل هەروەها بڵاویکردەوە: "لە ئۆپەراسیۆنێک کە لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل و کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم و چەندین لایەنی دیکەی نێودەوڵەتی رێکخرابوو، فەوزییە ئەمین سیدۆ لە بارمتەیی رزگارکرا و رەوانەی لای خێزانەکەی لە عێراق کرایەوە".
فەوزیییە لە تەمەنی 11 ساڵی لەلایەن داعشەوە رفێندراوە و بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل بە "تیرۆریستێکی حەماس" لە غەززە فرۆشراوە. دوای ئەوەی چەکدارەکەی حەماس لە هێرشێکی ئیسرائیل دەکوژرێت، ژنەکە خۆی لە حەشارگەیەک دەشارێتەوە و دواتر لە "ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی" رزگاردەکرێت.
سوپای ئیسرائیل گوتی: "ئەمە بەڵگە و دەرخەری ئەوەیە پەیوەندیی لە نێوان حەماس و داعشدا هەبووە. ئێمە بەردەوام دەبین لە داماڵینی رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس-داعش لە چەک و رزگارکردنی هەموو بارمتەکان".
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی رزگاربووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەوزییە لای چەکدارێکی داعشی خەڵکی کەرتی غەززە-ی فەڵەستین بووە. چەکدارەکە کوژراوە، چوار ساڵ دەبێت دایکی چەکدارە کوژراوەکە فەوزییەی لەگەڵ خۆی بردبووە کەرتی غەززە".
دکتۆر خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکەم جار لە رێگەی شاشەی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەداوی ئەو کچە فێنراوە ئێزدییەمان لە کەرتی غەززە دەستکەوت، کاتێک لە شاشەی رووداو دەرکەوت و باسی لەوە کرد کە ئێزدییە و لە غەززەیە".
بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی دەڵێت، دوای دەستکەوتنی "زانیاریی گرنگ"، شوێنەکەیان لە کەرتی غەززە دۆزیوەتەوە، توانراوە لە رێگەی ئوردن بگەڕێندرێتەوە و دوێنێ چوارشەممە پێشوازییان لێکردووە و رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە و ئێستا لە شنگالە.
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەڵێت، فەوزییە برابووە کەرتی غەززە، برایەکی چەکدارە کوژراوەکەی داعش، لەخۆی مارە کردبوو، کردبوویە ژنی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ