رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ماراسۆنی (راکردنی منداڵان بۆ خۆشی) لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت. رێکخەرەکەی دەڵێت، هەزار منداڵ بەشداریی تێدا دەکەن و بڕوانامەیان پێشکێش دەکرێت.
ماراسۆنەکە لەلایەن رێكخراوی ئەربیل ماراسۆن بۆ وەرزش و ئاشتی لە رۆژی شەممە، 06-07-2024، کاژێر 06:00ـی ئێوارە لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و دەرگەی بەشداریکردن بۆ منداڵانی کوڕ و کچ لە تەمەنی شەش ساڵ بۆ 13 ساڵ کراوەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە عەبدولستار یونس، سەرۆكی (رێكخراوی ئەربیل ماراسۆن بۆ وەرزش و ئاشتی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەرزی هاوینە و ئامانجمان ئەوەیە منداڵان لەبری مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان رووبکەنە وەرزش و لایان خۆشەویست بێت".
رێکخراوەکە شەشەم جارە لە نۆ ساڵی رابردوودا چالاکییەکە بەڕێوەدەبات.
عەبدولستار یونس گوتی، راکردنەکە دوو کیلۆمەتر دەبێت و ئامانجیان ئەوە نییە چەند منداڵێک سەربکەون، بەڵکو مێدالیا و بڕوانامەی بەشداربوون دەدەنە هەموو منداڵانی بەشداربوو بێ جیاوازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ