لەگەڵ رەنج؛ بۆ داگیركردنی زەوی كورد ‌و توركمان هێشتا كار بە بڕیارەكانی بەعس ‏دەكرێت

03-07-2023
هیدایەت جان
دیمەنێک لە بەرنامەکەی لەگەڵ رەنج
دیمەنێک لە بەرنامەکەی لەگەڵ رەنج
نیشانەکردن دەستەی دەستپاکیی عێراق لەگەڵ رەنج جووتیارانی کورد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرنامەی ئەمجارەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان بوو لە سنووری پارێزگای کەرکووک بە میوانداری نەجوا كاكەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق؛ سەباح شێخ حەبیب، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق؛ محەممەد ئەمین، جووتیار لە سنووری كەركووك؛ شکار مەردان، پارێزەر؛ حوسێن مەردان، نوێنەری جووتیارانی توركمانی شیعە و سەلاح فەرحان، نوێنەری جووتیارانی توركمانی سوننە. 
 
32 رۆژە جووتیارانی کەرکووک مانیان گرتووە
 
ماوەی 32 رۆژە جووتیارانی کورد و تورکمان لە تۆپزاوای کەرکووک خێوەتیان هەڵداوە و دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان مانیان گرتووە. سامی غەفوور، نوێنەری جووتیارانی کورد لە کەرکووک دەڵێت، "تاوەکو ئێستا کەس بەدەنگمانەوە نەهاتووە؛ پەیوەندییمان پێوە دەکرێت و هەوڵمان بۆ دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچی وامان بۆ نەکراوە کە دڵخۆشکەر بێت".
 
بڕیاری دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر زەوییەکانی کورد و تورکمان لە تۆپزاوا بۆ سەربازانی سوپای عێراق دراوە و نوێنەری جووتیارانی کوردی کەرکووک پێیوایە، "تاوەکو ئێستاش بڕیارەکە بەرکارە و هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە؛ تەنیا شتێک کە پرۆژەکەی راگرتووە، ئەم خێوەتەیە کە وەک ناڕەزایەتی هەڵمان داوە".
 
سامی غەفوور گوتی، بەهیچ شێوەیەک ئامادە نین دەستبەرداری زەوییەکانیان بن و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "دەستبەرداربوون لەم زەوییانە، واتای دەستبەرداربوونە لە ژیانمان؛ هەموو ژیان و بژێویمان لەسەر ئەم زەوییانەیە؛ بۆیە داوا لە سەرۆک بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانی دەکەم، بانگمان بکەن و لە نزیکەوە گوێ لە داواکارییەکانمان بگرن".

 

 
"بە هەوڵی سەرۆک بارزانی، لیژنەی مادەی 140 کارا کرایەوە"
 
نەجوا كاكەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بە هەوڵی سەرۆک بارزانی لیژنەی مادەی 140 لەم کابینەیەی حکومەتی عێراقدا کارا کرایەوە و دەڵێت،"لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا داکۆکی زۆر لە مافی جووتیارانی کوردی کەرکووک کراوە، بەڵام لەم خولەدا توانیومانە مادەی 140 کارا بکەینەوە".
 
نەجوا کاکەیی دەڵێت، "کاتێک بیستمان سوپا رێگە بە دروێنەکردنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک نادات، لەگەڵ وەزارەتی بەرگری قسەمان کرد و سێ ئەفسەری باڵای سوپامان هێنا بۆ ئەوەی دواتر حاشای لێنەکەن و ببینن هەمەڕی سەربازی لەنێو گوندەکان رێگە نادات جووتیارانی کورد بەرهەمەکانیان بدروونەوە".

 

 
ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە پەرلەمانتارانی کوردی گوتووە، ئەوان رێنماییەکیان بۆ چووە و بەپێی رێنماییەکە مامەڵە دەکەن و رێگە نادەن جووتیاران لەو زەوییانە کار بکەن کە وەزارەتی بەرگری بە موڵکی خۆیانی دەزانێت، لەبەرئەوەی ئەو زەوییانە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا بەشێکیان خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگری و بەشێکیش بۆسەر بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی کەرکووک. بە گوتەی نەجوا کاکەیی، "لە ساڵی 2003 کە خەڵک گەڕانەوە سەر زەوییەکانیان ئەو بڕیارانە بەرەو کاڵبوونەوە رۆیشتن".
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، "لە ساڵی 2017ـەوە گوشارەکان بۆسەر جووتیارانی کورد و تورکمان لە تۆپزاوا و تەرکەڵان روویان لە زیادبوون کردووە، لەکاتێکدا لە تازە و حەویجە کە ئەوانیش سەر بە کەرکووکن، ئەو گوشارە نییە".
 
نەجوا کاکەیی باس لە هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری کێشەی جووتیارانی کەرکووک دەکات و دەڵێت، "ئەگەر سەرۆک بارزانی پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە نەکردبا، ئێستا جووتیارانی کورد لە کەرکووک نەیاندەتوانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان کۆبکەنەوە".
 
"پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەو دۆخەی دروستکردووە"
 
سەباح شێخ حەبیب، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکان بووەتە هۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا مادەی 140 جێبەجێ نەکرێت و دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوو نەبوون بۆ چارەسەرکردنی پرسی مادەی 140 و ئەگەر هەرێمی کوردستان لە دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر مادەی 140 یەکگرتوو و رژدتر بووبا، ئێستا ئەو مادەیە دەمێک بوو جێبەجێکرابوو".
 
پەرلەمانتارەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "ئێمە 63 پەرلەمانتاری کوردین لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام زۆرجار ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان بەهۆی پەرتەوازەبوونمان وەکو پێویست جێبەجێ ناکەین؛ ئێستاش بۆ چارەسەری دۆخی جووتیارانی کورد، تاکە چارەسەر؛ یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی بتوانن بەیەکەوە رێگەچارەی سیاسی بۆ بدۆزنەوە".
 
"دەستوەردانی سوپای عێراق کێشەکانی قووڵتر کردووە"
 
محەممەد ئەمین، جووتیار لە سنووری كەركووك پێیوایە، دەستوەردانی سوپا لە کێشەی زەویوزارەکانیان یەک لە کێشە هەرە گەورەکانە و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "سوپا بووەتە ئامرازێک بۆ راگرتنی کشتوکاڵی ئێمە؛ چووینەتە لای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بۆ ئەوەی رێگەمان بدرێت گەنمەکانمان دروێنە بکەین، دەڵێت نووسراوی وەزیری بەرگرییم لایە کە رێگەم نادات بهێڵم کاری کشتوکاڵی بکەن".
 
بە گوتەی ئەو جووتیارە کوردە، هەموو رۆژێک سوپا دەچێت بۆ ناوچەکەیان "و، هەر جووتیارێک ببینن لەسەر زەوییەکەی کار دەکات، لە کارەکەی رایدەگرن یان دەستگیری دەکەن".
 
"یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوی، مەترسیی داگیرکردنی لەسەرە"
 
محەممەد ئەمین باس لە دوو بڕیاری دەسەڵاتی بەعس دەکات کە بووەنەتە هۆی ئەوەی یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان داگیربکرێت و دەڵێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە نەکەن، ئەو زەوییانە بەتەواوەتی داگیر دەکرێن.
 
کۆی زەوییەکانی کەرکووک بە دوو بڕیاری لیژنەی کاروباری باکوور و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش داگیرکراون. بە گوتەی محەممەد ئەمین، "تەنیا بەهۆی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشەوە 300 هەزار دۆنم زەوی جووتیاران و بەهۆی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووریشەوە 900 هەزار دۆنم زەوی داگیرکراون، کە دەکاتە تێکڕا یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوی کورد و تورکمانی کەرکووک".
 
ساڵی 2012 بڕیارێک دەرچوو بۆ پووچەڵکردنەوەی بڕیاری ژمارە 17ـی ساڵی 1976 کە بەپێی بڕیارەکە زەوی کشتوکاڵی لە کورد و تورکمان وەرگیرا و درایە عەرەبی هاوردە. شکار مەردان، پارێزەرە و پێیوایە "ئێستاش کار بە بڕیارەکەی ساڵی 2012 ناکرێت و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکووک پاڵپشتی لە عەرەبی هاوردە دەکات و گرێبەستەکانیان بۆ نوێدەکاتەوە".
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە کوردە، "لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە چەندین جار نووسراویان بۆ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکووک ناردووە بۆ ئەوەی کار بە بڕیاری ساڵی 2012 بکرێت، بەڵام ئەو نووسراوانە شاردراونەتەوە و کاریان پێ نەکراوە".
 
لەبارەی بڕیاری سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس، شکار مەردان دەڵێت، "لە 12ـی تەممووزی 2023 بڕیارەکە لەلایەن هادی عامرییەوە دەرچوو و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 25ـی تەممووز واژۆی لەسەر کردووە. بڕیارە دوای پشووی جەژنی قوربان رادەستی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکووک بکرێت و چاوەڕێین بزانین ئاخۆ جێبەجێی دەکەن یان نا".
 
"بەرپرسانی کورد و تورکمان کەمتەرخەمن"
 
‏حوسێن مەردان، نوێنەری جووتیارانی توركمانی شیعە گلەیی لە بەرپرسانی سیاسی کورد و تورکمان دەکات و دەڵیت، "لە سەردەمی بەعسەوە ستەم لەسەر هەردوو نەتەوەی کورد و تورکمانی کەرکووک بەردەوامە؛ 32 رۆژە بەیەکەوە لەژێر خێوەتێکدا مانمان گرتووە لە بەرامبەر ئەو یاسایانەی سەردەمی بەعس کە تاوەکو ئێستاش بەرکارن".

 

 
نوێنەرەکەی جووتیارانی تورکمانی شیعەی کەرکووک دەڵێت، "ماوەی 20 ساڵە حکومەتی نوێ لە عێراق دامەزراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارانەی سەردەمی بەعس هەڵنەوەشێندراونەتەوە و زەوییەکانمان بۆ نەگەڕێنراوەتەوە، بۆ ئەمەش گلەییمان تەنیا لە بەغدا نییە، بەڵکو گلەییەکەمان لە بەرپرسانی کورد و تورکمانە کە لەو پێناوەدا کاری جیدیان نەکردووە".
 
حوسێن مەردان دەڵێت، "کورد و تورکمان لە کەرکووک وەکو یەک ستەمیان لێکراوە و بۆ لادانی ئەو ستەمەش دەبێ ئێستا بەیەکەوە کار بکەن و یەکگرتوو بن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

شەفافییەت: داهاتی هەفتانەی سلێمانی لە 13 بۆ 5 ملیار دینار دابەزی

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 5 ملیار دینارە، لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو زیاتر بوو لە 13 ملیار دینار.