کوردستان
دیمتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا و ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشەکەی سەر کرێملن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا داوای کوشتنی سەرۆکی ئۆکراینا دەکات.
دیمتری مێدڤیدێڤ، سەرۆکی پێشووی رووسیا و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکە دەڵێت: "دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆ، جگە لە لەنێوبردنی زیلینسکی و دارودەستەکەی، هیچ بژارەیەک نەما."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-05-2023، رووسیا رایگەیاند، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراویان بەسەر کرێملیندا خستوونەتە خوارەوە کە بە گوتەی خۆی، ئامانجیان بەئامانجکردنی ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بووە.
مۆسکۆ ئۆکراینا بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات، بەڵام ئەمڕۆ، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "هێرشمان نەکردووەتە سەر پووتین."
زیلینسکی لە هێلسنکیی پایتەختی فینلاند لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکەکانی وڵاتانی باکووری ئەوروپا گوتی: "هێرشمان نەکردووەتە سەر پووتین. ئەوە بۆ دادگە لێگەڕاوین. لە نێو خاکی خۆماندا شەڕ دەکەین و بەرگری لە گوند و شارەکانمان دەکەین." زیلینسکی گوتیشی: "هێرشی پووتین و مۆسکۆ ناکەین. بایی ئەوە چەکمان نییە."
کرێملن رۆژی چوارشەممە گوتی، پووتین سەلامەتە و هیچ کەسێکی دیکەش لە هێرشەکەدا زیانی بەرنەکەوتووە.
لە هێلسنکی، پرسیار لە زیلینسکی کرا لەبارەی هۆکاری درێژکردنی پەنجەی تۆمەت بۆ ئۆکراینا، لە وەڵامدا گوتی: "رووسیا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و توانای ئەوەی نەماوە کۆمەڵگەکەی هانبدات و سوپاکەی بنێرێت بۆ ئەوەی لە پێناو هیچدا بمرن."
زیلینسکی بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەیەکی وڵاتانی باکووری ئەوروپا کە سبەی پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت، لە فینلاندە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ