رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری ورمێ، بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری شنۆ کوژرا، کەسێکی دیکەش بریندار بووە و دوو کەسی دیکەشیان دەستگیر کراون.
هێزە سەربازییەکانی ئێران رۆژی 02-04-2023 بە گومانی ئەوەی ئەو دوو هاونیشتمانییە کۆڵبەرن، لە سنووری گادەر تەقەیان لێ کردوون و عەینی قادرنەژاد، خەڵکی گوندی چریەوا لە ناوچەی مەڕگەوەری ورمێ کوژراوە و کەسێکی دیکە بەناوی محەممەد لەتیف خالید، بریندار بووە.
لەو رووداوەدا دوو کەسی دیکەی خەڵکی گوندی چریەوا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.
هێزە سەربازییەکانی ئێران گومانیان کردووە ئەو هاونیشتمانییانە کاڵا و کەلوپەلی قاچاخ بگوازنەوە و بێ ئەوەی ئاگادارییان پێبدەن، تەقەیان لێکردوون.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا 70 تاوەکو 100 هەزار کۆڵبەر هەیە و لە ماوەی ساڵێکدا لە یەک تاوەکو 3 ملیار دۆلار کاڵا و کەلوپەل هاوردە دەکەن.
دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و تەنانەت هەندێک لە خەڵکی شارەکانی دوورتر لە سنووریش لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان کۆڵبەری دەکەن.
حکومەت هاتووچۆی کۆڵبەرەکان لە ناوچە سنوورییەکان بە نایاسایی دەزانێت، بەم هۆیەشەوە بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە ساڵی 2022دا 39 کۆڵبەر کوژراون و 195 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ