ئەو پزیشکەی نەشتەرگەریی بۆ منداڵە سێ چووکەکە کرد: نەشتەرگەرییەکە جوانکاری بوو

03-04-2021
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ یەکەمجار لە جیهاندا لە دهۆک کەیسێک تۆمارکراوە کە منداڵێک بە سێ چووکەوە لەدایکبووە، دوای پشکنین پزیشکەکان بۆیان دەردەکەوێت دوو چووکیان هیچ فەرمانێکی نییە و بە نەشتەرگەری بۆیان لابردووە. یەکێک لەو دکتۆرانەی نەشتەرگەرییان بۆ منداڵەکە کردووە دەڵێت: "نەشتەرگەرییەکە وەکو نەشتەرگەرییەکی جوانکاری بووە".
 
دکتۆر شاکر سەلیم جەبەلی، یەكێک لەو پزیشکانەی نەشتەرگەریی بۆ منداڵەکە کردووە دەڵێت: کاتێک منداڵەکەیان هێناوە تەمەنی سێ مانگ بووە، دوای ئەوەی پشکنینیان بۆ کردووە، "بینیم کە دوو ئەندامی نێرینەی دیکەی هەیە دوای پشکنینی زیاتر بۆمان دەرکەوت کە ئەندامە نێرینە زیادەکان هیچ کارێک ناکەن و رەنگە زیانی بۆی هەبێت بۆیە نەشتەرگەرییمان بۆ کرد و لامان بردن".
 
تۆمارکردنی ئەو کەیسە لە جیهاندا دەگمەنە، ژمارەیەک پزیشک لە جۆرناڵی نێودەوڵەتی بۆ راپۆرتەکانی نەشتەرگەریی راپۆرتیان لەسەر کەیسەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، "ئەو منداڵە یەکەم کەسە لە جیهاندا کە سێ چووکی هەبێت."
 
لەبارەی تەندروستیی منداڵەکە دکتۆر شاکر سەلیم جەبەلی دەڵێت: تەندروستیی منداڵەکە جێگیرە و لابردنی ئەندامە نێرینەکە وەکو نەشتەرگەرییەکی جوانکاری بوو.
 
لەبارەی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە گۆڤارە زانستییە جیهانییەکانەوە دکتۆر شاکر سەلیم جەبەلی دەڵێت: "ئێمە زانیارییەکانمان لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان بڵاوکردەوە، چونکە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک نەبووە سێ ئەندامی نێرینەی هەبێت، پێشتر هەبووە کە دوو ئەندامی نێرینە هەبێت، بەڵام یەکەمجارە کە کەسێک سێ ئەندامی نێرینەی هەبێت".
 
ناوە زانستییەکەی ئەو کەیسە Triphalliaـیە، بەپێی راپۆرتەکەی ئەو پزیشکانە، دایک و باوکی منداڵەکە کاتێک بردوویانە بۆلای پزیشک، منداڵەکە توورەکەی گونی سووربووەتەوە، دواتر پزیشکەکان زانیویانە کە دوو چووکی دیکەی هەیە. 
 

وێنەی منداڵە سێ چووکەکە پێش نەشتەرگەری

منداڵەکە، یەکێک لە چووکەکانی دوو سانتیمەتر بووە و لە شوێنی راستەقینەی چووکیدا بووە، ئەوانی دیکەش سانتیمەترێک بوونە و لەخوارەوە توورەکەی گونیدا بوون. 
 
پزیشکەکان لێکۆڵینەوەیان کردووە لەوەی ئایا دایکی منداڵەکە لەکاتی دووگیانیدا هیچ دەرمانێکی بەکارهێناوە یان هۆکاری بۆماوەیی بووبێتە هۆی ئەو رووداوە دەگمەنە، بەڵام هیچیان نەدۆزیوەتەوە. 
 
دکتۆر ئەیاد ئەحمەد، یەکێک لەو پزیشکانەی کە نەشتەرگەرییەکەی کردووە لەبارەی ئەوەی کە دوای سێ مانگ لە لەدایکبوونی منداڵەکە نەشتەرگەری بۆ کراوە دەڵێت: "زۆر جار خەڵک لەوە دەترسن کە نەشتەرگەری بۆ بکەن یان نەکەن، بەڵام دوای سێ مانگ بڕیاریاندا نەشتەرگەری بۆ بکەن". هەروەها دەشڵێت: "منداڵەکانی دیکەی ئەو ماڵە ئاسایین و هیچ نەخۆشییەکیان نییە".
 
د. شاکر سەلیم جەبەلی، نووسەری راپۆرتەکەیە و باس لەوە دەکات، دوای ئەوەی نەشتەرگەرییان بۆ منداڵەکە کردووە و دوو چووکەکەی دیکەیان لابردووە، دوای ساڵێک لە سەردانی منداڵەکە بۆلای پزیشک، هیچ کێشەیەک لە تەندروستیی منداڵەکەدا نەبووە. 
 
د. شاکر ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ کەیسێکی دیکەی لەوشێوەیە لە مێژووی نووسراوی مرۆڤدا تۆمارنەکراوە. کەیس هەبووە کە منداڵ دوو چووکی هەبێت، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کەیسی سێ چووکی دەبینرێت. پێشتر منداڵ بە دوو چووکەوە لە هیندستان لەدایکبووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە