بەڕێوەبەری رەگەزنامە و پاسپۆرت: لە دوو هەفتەی داهاتوودا کێشەی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەر دەبێت

03-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی ئەوەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە پێیانڕاگەیێندراوە بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا کێشەی کەمی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەر بکرێت و دەڵێت، "لە چەند رۆژی رابردوو پاسپۆرتی عێراق سەرقاڵی تێستکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بووە. رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجامەکانی دەربکەوێت و لە ئایندەدا کاری پێبکرێت." 
 
رۆژی هەینی، 20-02-2023، لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت لە عێراق کێشەیەکی گشتییە." هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "عێراق دەیەوێت پاسپۆرتی نوێ دەربهێنرێت و ئەلیکترۆنی بێت، بەڵام هێشتا دیارنییە، گوایە لە بەغدا دەستکراوە بە تاقیکردنەوەی پاسپۆرتە نوێیەکە، بەڵام ئەنجامەکانی دواتر دەردەکەون."
 
نزیکەی دوو مانگ دەبێت نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرتەوە لە راگیراوە، ژمارەیەکی کەم هەیە بۆ ئەوانەی کە زۆر پێویستن وەکو نەخۆش و خوێندکار و کەسانی دیکە و لەو کاتەی کە پێویستیان بە نوێکردنەوە یان دەرهێنانی پاسپۆرت هەبێت بۆیان دەکرێت.
 
پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى کە بڕیارە جێگەى پاسپۆرتى ئێستا بگرێتەوە، سەرەتا لە بەغداى پایتەخت و دواتر لە پێنج پارێزگاى دیکە دەردەکرێت، بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، ئەو پاسپۆرتە 17 نیشانەى تایبەتى هەیە بۆ رێگرى لە ساختەکردنى.
 
پاسپۆرتى عێراق لە پلەى 94دایە لە ریزبەندى پاسپۆرتەکانى جیهان، لەکاتێکدا پاسپۆرتى سووریا لە پلەی 95 و پاسپۆرتى ئەفغانستان لە پلەی 96ى کۆتایی ریزبەندەکەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە