رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی راگیراوە و هیواخوازە دوای کۆنگرەی پارتی گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا بڕوات. گوتیشی، "نابێت یەک لایەن لە حکومەت بڕیار بدات."
د. سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "نیگەرانیمان لە پارتی لە چەند خاڵێکدا کورت ناکرێتەوە، نیگەرانین لە پارتی لەسەر جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکانی نێوانمان."
پارتی و یەکێتی لە چەندین وێستگە بەیەکەوە بوون، هەر لە بەرەی کوردستانییەوە تاوەکو رێککەوتنی ستراتیژی، ئەمە جگە لە رێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکومەت لە هەولێر و بەغدا، بەڵام ئێستا یەكێتی، پارتی بە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکات.
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، "لە سەرەتاوە لەگەڵ پارتی توانیمان بەیەکەوە بچینە بەغدا بۆئەوەی مافەکانی گەلی کورد بەپێی دەستووری عێراق بپارێزرێت، ئەو داخوازییانەی کە کورد هەیەتی و ئەو گرفتانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیدا هەیە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەی تاکلایەنە وایکرد پەرتبوون لە شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی دروست ببێت، لەدوای ئەو پەرتبوونەوە یەكێتی و پارتی بە جیا لە بەغدا دانوستاندنیان کردووە."
پارتی و یەکێتی بەشێکن لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە حکومەتی ئێستای عێراقیان بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی پێکهێناوە.
د. سۆران جەمال تاهیر، هیوادارە ئەم کابینەیەش وەکو کابینەکانی دیکە نەبێت لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و دەڵێت، "ئێمە گەشبینین بە کابینەکەی سوودانی". هۆکاری گەشبینییەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو کارنامەیەی بۆ حکومەتی سوودانی لەسەری رێککەوتوون.
رۆژی 13ی ئەم مانگە 21 وەزیری کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی لە پەرلەمانی عێراق متمانەیان وەرگرت، جگە لە دوو وەزارەت کە پشکی کوردن.
گوتەبێژی یەکێتی ئەوەی خستەڕوو، "گرفتەکان گەورە نین و ئەو دوو وەزارەتەی ماوە یەکلا دەکرێنەوە و ئەو دوو وەزارەتەی ماوە بۆ یەکێتی و پارتی دەبن، یەکێتی دوو وەزارەتی لە کابینەکەی سوودانی دەبێت و گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەت هەیە، بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی عێراق."
قوباد تاڵەبانی و سێ وەزیری یەكێتی وەکو نیگەرانییەک لە پارتی، بەشدارییان لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا نەکرد. سۆران جەمال تاهیر دەڵێت، "نیگەرانیمان لە پارتی لە چەند خاڵێکدا کورت ناکرێتەوە. نیگەرانیمان لە پارتی لەسەر جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکانی نێوانمانە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیکەی سێ بۆ چوار رێککەوتنمان لەگەڵ پارتی کردووە کە بەشێکی رێککەوتنەکان بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەتە کە بە سستی جێبەجێ دەکرێت. ئێمە سێ لایەنی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتین، دەبێت هەموومان پێکەوە بەشداربین لە بڕیارەکاندا و نابێت یەک لایەن لە حکومەت بڕیار بدات."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "گلەییمان لای لایەنەکان نەکردووە و پەیوەندییەکی تووندوتۆڵمان لەگەڵ لایەنەکان هەیە، پارتی سەرقاڵی کۆنگرەیە و گرفتەکان چەند گەورە بن دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، هەر کاتێک پێویست بکات لەگەڵ پارتی کۆدەبینەوە."
سەبارەت بە بەشدارینەکردنی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا، گوتەبێژەکەی یەکێتی دەڵێت، "ئەو بڕیارە تایبەتە بە کاک قوباد، بەڵام کاک قوباد بەردەوام دەبێت لە کارەکانی."
لەبارەی ئەگەری کشانەوەیان لە حکومەتیش گوتی، "بڕیارمان نەداوە، بەڵام تاوتوێی پێشهاتەکان دەکەین و هەموو ئەگەرەکان لە بەردەمماندا کراوەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ