رووداو دیجیتاڵ
هەڕەشەی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان زیادبووە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەش دەڵێت، مەترسییەکانی داعش بەردەوامن و سبەی دووشەممە 03-05-2021 لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هێزەکانی 70 و 80 و وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەبنەوە.
مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە لەمیانی بەشداریکردن لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ی رووداو رایگەیاند، داعش سوود لە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەبینێت، بەڵام سوپای عێراق هەوڵی چارەسەرکردنی بۆشایی ئەمنی نادات.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە گوتیشی، پێشمەرگە ئامادەی هەموو هەماهەنگییەکە، رێککەوتنەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە سەرپەرشتیی هاوپەیمانانە، بەڵام عێراق پابەندی نابێت.
لەبارەی زیادبوونی هێرشەکانی داعشەوە، مستەفا چاوڕەش ئەوەی خستەڕوو، سبەی دووشەممە 03-05-2021 هەریەکە لە هێزەکانی 70 و 80 و وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە باسی لەوە کرد، هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەدا نییە، پێویستە پێش سەردانی بەغدا، نێو ماڵی کورد رێکبخرێتەوە.
هاوکات، لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند "لە رابردوودا 65%ی هێرشەکانی داعش لە سنووری کەرکووک و دیالە بوون، بۆشایی ئەمنیی زۆر لەو ناوچانە هەیە. چەکدارانی داعش لە سنووری هێزەکانی فیدراڵیی عێراقدا هەن و لەوێ هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە".
مەحموود سەنگاوی، بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگەش دەڵێت "سوپای عێراق نە خۆی ناوچەکەی پێ دەپارێزرێت و نە هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگەش دەکات".
وەزارەتی پێشمەرگە پێشتر چەندجارێک هۆشداریی لە مەترسیی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە داوە و ئامادەیی بۆ دروستکردنەوەی هاوئاهەنگی دەربڕیوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2018 تاوەکو 2020 داعش 970 هێرشی ئەنجامداوە. مانگی 1ی ئەمساڵیش، نزیکەی 14 هێرشی کردووە، 150 کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ