رووداو دیجیتاڵ
سیناتۆرێکی فەرەنسا دەڵێت، پێویستە "خۆبەڕێوەبەری و پێشکەوتنی دیموکراسیی" رۆژئاوای کوردستان بپارێزرێن.
رێمی فێرۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا ئەمڕۆ (شەممە، 4-1-2024) بە رووداوی گوت "پێویستە ئێمە رێز لە خۆبەڕێوەبەری و پێشکەوتنە دیموکراسییەکانی رۆئاڤا بگرین و بیانپارێزین."
رۆژی هەینیی رابردوو، وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە دیمەشق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا کۆبوونەوە و، داوایان کرد هێرشی سەر هێزە کوردییەکان بووەستێنرێت و لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشداری بە کورد بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندبوو، وەزیر ژۆن نۆوێل بارۆ رۆژێک پێش ئەوەی بچێتە دیمەشق، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە و دۆخی سووریایان تاوتوێکردووە.
فێرۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی رووداودا بە محەممەد عیزەدین، پێشکێشکاری رووداوی گوت، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا "وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامی فەرەنسا بۆ کورد کردەوە."
ئەوە لەکاتێکدایە، لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمەوە، گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردووەتەوە و بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر قەوارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، کە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەگرێتەوە.
رۆژی هەینی، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئانالینا بێربۆک، هاوتا ئەڵمانییەکەی داوایان کرد ئەو هێرشانە بۆ سەر هەسەدە بووەستێنرێن، هێزێک کە کورد سەرکردایەتیی دەکات و لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بە "هاوبەشی سەرەکی" لە شەڕی دژی داعشدا دادەنرێت.
فارۆ بە رووداوی گوت "ئەم پشتیوانییە لەگەڵ ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا، لە رێگریکردن لە دووژمنکاریی تورکیا گرنگ بووە، بە دیاریکراوی لە نزیک کۆبانێ".
ئەمریکا دوو هەزار سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا هەیە، کە زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە جێگیرکراون.
واشنتن وەک نێوەندگیر هەوڵی وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی بۆ سەر هەسەدە دەدات. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رۆژی شەممە رایگەیاند، ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانەوە هێزی زیاتری گواستووەتەوە کۆبانێ، لە کاتێکدا تورکیاش بەردەوام بووە لە هێنانی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ منبج.
لە دوای رووخانی ئەسەد، هەسەدە بە گوتەی خۆی، "بە رێککەوتن" لە هەندێ ناوچە کشایەوە و لە هەندێ شوێنی دیکەش شەڕ بەردەوامە و لەو کاتەوە توانیویەتی پێشڕەویی هێزەکانی تورکیا بووەستێنێت، بە دیاریکراویش لە دەوروبەری بەنداوی ستراتیجیی تشرین لە رۆژهەڵاتی منبج، هەروەها لە باشووری شارەکە و دەوروبەری کۆبانێش.
فێرۆ ستاییشی سەرکەوتنە سەربازییەکانی هەسەدەی کرد و داوایکرد رێگەیان پێبدرێت لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا بەشدار بن.
فەرەنسا ئەندامێکی کاریگەری هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییە کە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دژی سەرهەڵدانەوەی داعش شەڕدەکات.
وڵاتە رۆژئاواییەکان مانەوەی هەسەدە بە پێویست دەزانن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بەتایبەتی لە کاتێکدا هێزەکە پاسەوانی لە زیندان و کەمپەکانی چەکدارانی داعش و کەسوکاریان دەکات.
لە کاتی راگەیاندنی رووخانی "خەلافەت"ـی داعش لە ساڵی 2019، هەسەدە دەستگیرکردنی زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی راگەیاند کە زۆربەیان خەڵکی سووریا و عێراق بوون، نزیکەی دوو هەزاریشیان خەڵکی وڵاتانی دیکەن؛ هەروەها 45 هەزار و 355 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن، لە کەمپی هۆلی حەسەکەدان.
بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا داوا لە ئەنقەرە دەکەن هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەسەدە بووەستێنێت بۆ ئەوەی مەترسی نەکەوێتە سەر ئەو زیندانانە.
بەڵام تورکیای ئەندامی ناتۆ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنێت و چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بە مەرجی ئاگربەست دادەنێت.
هەسەدەش رایگەیاندووە، ئەگەر ئاگربەست بکرێت، هەموو ئەندامانی پەکەکە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێدێڵن.
ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا یەکشەممەی رابردوو بە میدیای سعودی راگەیاند، هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە.
شەرع هەروەها کوردی بە "بەشێکی دانەبڕاوی" کۆمەڵگەی سووریا ناوبرد؛ گوتیشی، رێگە نادەن سووریا ببێتە "سەکۆی دەستپێکردنی" هێرشەکانی پەکەکە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت گوتی، ئامادەن هەسەدە بکرێتە بەشێک لە سوپای داهاتووی سووریا، بەو مەرجەی هەردوولا بە دانوستاندن لەسەر "هاوکێشەیەکی گونجاو" رێکبکەون.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژی هەینی لە کاتی کۆبوونەوەی دا لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی سڤیل لە دیمەشق، جەختیکردەوە کە "پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بۆ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا کە کوردن، بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی لەو پڕۆسە سیاسییەدا بەشدار بن کە ئێستا دەستیپێکردووە."
هەمان رۆژ ئەنالینا بێربۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشقەوە گوتی "ئاسایشی کورد گرنگە بۆ سووریایەکی ئارام. ئەوەش پێویستی بە کۆتاییهێنان بەو شەڕەیە کە لە باکوور هەیە و هەروەها پێویستی بە تیكەڵکردنی هێزە کوردییەکان و سوپای نیشتمانیی سووریایە بۆ نێو پێکهاتەی نوێی ئەمنیی سووریا."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو و رێمی فێرۆ:
رووداو: سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ دیمەشق، بۆچوونتان چۆنە؟
رێمی فێرۆ: ئەوەی وەزیرەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا پێکەوە چوونە سووریا، سەرەتا دەستپێشخەرییەکی زۆر ئەرێنییە کە نیشانی دەدات خواستێک هەیە بۆ دووبارە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ سووریا، دوای رووخانی رژێمی ئەسەد. بەڵام ئەمە دەبێت بە شێوەیەک لە هۆشیاری و لەسەر بنچینەی بنەماکان بێت، بەتایبەتی پاراستنی دیموکراسی، فرەیی لە سووریا، هەروەها یەکسانی نێوان ژن و پیاو. جێبەجێکردنی ئەمانە هاندەر و گرنگ دەبێت بۆ خواستی ئەورووپییەکان، بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا، بۆ هەبوونی کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی سووریای نوێ.
رووداو: ئەحمەد شەرع و هەتەشە هێشتا لە لیستی تیرۆر ماون. چۆن فەرەنسا وەزیری دەرەوەی بۆ بینینییان نارد؟
رێمی فێرۆ: سەرەتا، پێویستە واقیعبین بین. ئێمە دڵخۆشین بە رووخانی رژێمی ئەسەد و دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا و دەسەڵاتە نوێیەکانی بونیات بنێینەوە. پێویستە ئەمە بە وریاییەوە، با بڵێین، بە کەمێک گومانەوە بکرێت؛ بەڵام گرنگە ئەوە بکرێت تاوەکو بتوانین ئەم دیالۆگە هەبێت و مەرج و داواکارییەکان بخەینەڕوو، بەتایبەتی پاراستنی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، پاراستنی مەسیحییەکانی سووریا، ئەو خواستەی کە تۆڵەسەندنەوە روونەدات، ئەو خواستەی کە هەموو پێکهاتەکانی سووریا بەشداربن لە دووبارە بونیاتنانەوەی سووریا، خواستی پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەریی لوبنانیش. ئەمانە ئەو داواکارییانەن کە پێویستە بخرێنەڕوو.
کەواتە پێویست بوو سەردانی دیمەشق بکرێت، زۆر وڵاتی دیکە ئەمەیان کردووە و گرنگە پێکەوە ئەنجامی بدەین، وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا. ئەمە نیشانەی بڕیاردان و یەکێتی و هێزی ئەورووپییە، پێم وایە زۆر گرنگە. پاشان، ئەگەر ساویلکەیی نەبێت، من زۆر باش دەزانم کە بەشێک لەوانەی لە دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریادان، دە ساڵ لەمەوبەر پیرۆزباییان لە هێرشەکانی پاریس کرد.
زۆر باش دەزانم کە هێرشەکانی 13ـی نۆڤەمبەری 2015ـی پاریس لەلایەن داعشەوە لە سووریاوە کران. زۆر باش دەزانم کە داعش هێشتا پێگەی لە خاکی سووریا هەیە. لەم رۆژانەی دواییدا بۆردوومان و کردەی سەربازی لەلایەن فەرەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدران. کەواتە بێگومان، دۆخەکە ناسکە و نابێت چەکی سپی بدرێتە دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا، بەڵام پێویستە بتوانین لەگەڵیان گفتوگۆ بکەین تاوەکو پێیان بڵێین داواکارییەکانمان چین بۆ پشتگیریکردنی سووریای سبەینێ.
رووداو: بەرپرسانی ئێستای دیمەشق و ئەحمەد شەرع رەتیانکردەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا تەوقە بکەن لەبەر ئەوەی ژنە. ئایا ئەوە پرسیار لای بەرپرسانی فەرەنسی و ئەورووپی بەگشتی دروست دەکات؟
رێمی فێرۆ: ئەو وێنەیە زۆر بینراوە و لێدوانی زۆری لەسەر دراوە. وێنەکە زۆر نەرێنییە و پیشانی دەدات کە ئیسلامییەکان لە نێوەڕۆکی ئەم دەسەڵاتە نوێیەی سووریادان. بەڵام ئایا دەبێت لێرەدا بووەستین؟
ئەو ژنانەی بەشداری شاندە فەرمییەکان دەکەن لە ئێران، بەپێی داواکاریی دەسەڵاتدارانی ئێران حیجاب لەسەر دەکەن.
بێگومان نیگەرانم لەو تەوقەنەکردنە. ئەمە نیشانەیەکە؛ نیشانەیەکە کە ئیسلامییەکان لە نێوەڕۆکی ئەم دەسەڵاتە نوێیەی سووریادان، بەڵام نابێت ئەوە رێگر بێت لە دەرفەتی دانوستاندن. سەرکردەی نوێی سووریا خۆی خوازیاری پێشوازیکردن بوو لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا. ئەوە نیشانەیەکی زۆر روونە و (هەربۆیە ئەوەی روویدا) نابێت رێگر بێت لە دانوستاندن.
رووداو: ئایا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات پەیوەندی تەلەفۆنی هەبووە؟
رێمی فێرۆ: من ناتوانم لە جیاتی ئەو وەڵام بدەمەوە، چونکە لەستافی وەزیر نیم، بەڵام بینیم کە رایگەیاندبوو پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات پێش گەیشتنی بۆ دیمەشق هەبووە، بەڵام چۆن بووە نازانم. گرنگە کە فەرەنسا لەگەڵ ئەڵمانیا و دواجاریش ئەورووپا پێکەوە بن. فەرەنسا لەوێ بوونی هەیە و دەیەوێت بۆ پاڵپشتیکردنی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاڤاش لەوێ بێت. من دەزانم کە ئەو پەیوەندییە پێش سەردانەکەی دیمەشق هەبووە، چونکە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خۆی ئەوەی راگەیاند. نازانم ئەو پەیوەندییە بە چ شێوەیەک بووە.
رووداو: وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای لە دیمەشق کردووە چارەسەرێکی سیاسی بۆ پرسی کورد لە سووریا بدۆزێتەوە. فەرەنسا چۆن دەیەوێت گوتاری پشتیوانی خۆی بۆ کورد بکاتە پشتیوانییەکی کردەیی لە سووریای نوێدا؟
رێمی فێرۆ: فەرەنسا پشتگیرییەکی بەرجەستەی لە رێگەی ئامادەبوونی فەرمی یان نافەرمی لە رۆژئاوا هەیە.
ئامادەبوونێکی سەربازیی ئەمریکی هەیە کە بەهێز کراوە و کاریگەر بووە لە رێگریکردن لە تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان، بە تایبەتی بۆسەر کۆبانێ.
سەرکەوتنی سەربازیش هەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بەدەستیان هێناوە و نیشانی دەدەن کە لە رووی سەربازییەوە شارەزان و پشتگیرییان هەیە. پێویستە ئەم پشتگیرییە بە روونی رابگەیێندرێت. ئەمڕۆ ئەوە راگەیێندراوە.
پێویستە رۆژئاڤا لە رووی سیاسییەوە لە سووریادا بەشداری بکات. ئێستا کلیلی چۆنیەتی و چارەسەرەکانمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام پێویستە رێز لە خۆبەرێوەبەری و ئەزموونی دیموکراسی بگیرێت کە ئێستا لە رۆژئاڤا جێبەجێ دەکرێت و پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دانوستاندنە سیاسییەکانی سووریادا بەشدار بکرێن.
رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا زۆر باشن. ئایا ماکرۆن هەوڵ دەدات ترەمپ رازی بکات پشتیوانی لە مافەکانی کورد لە کوردستانی سووریا بکات؟
رێمی فێرۆ: هیوادارم بەو جۆرە بێت. نازانم ئایا لەکاتی سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پاریس لەم بارەیەوە گفتوگۆیان کردووە یان نا، بەڵام وا دەزانم کردوویانە. ئێستا، لەژێر سەرکردایەتی جۆ بایدن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەبوونێکی زۆری هەیە. دەزانن، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ پێشبینینەکراویی ئەوە.بەڵام هیوادارم ئەم پێشبینی نەکراوییە دۆخەکە بۆ لایەنی باش ببات، واتە مانەوەی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە چەندین ساڵە گەرەنتییەکی بنەڕەتییە بۆ کوردەکان. دۆناڵد ترەمپ پێش چەند ساڵێک، کاتێک سەرۆک بوو، کشانەوەی راگەیاند، بەڵام بینیمان دواجار سەربازە ئەمریکییەکان مانەوە.
کەواتە، هیوادارم بەو ئەزموونەوە، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیی ئەمریکا بپارێزێت کە تەواو پێویستە. ئەوە لەگەڵ ئامادەیی یەکێتیی ئەورووپا، گەرەنتییەکی گرنگە نەک تەنیا بۆ کوردەکان، بەڵکو بۆ وڵاتەکانمان لە ئەورووپا و بۆ سەرتاپای ناوچەکەش.
لە بەرامبەر سەرهەڵدانەوەی داعش و لاوازبوونی زۆری کوردەکان، مەترسی پاکتاوی نەژادی هەیە، مەترسی ئەوەی کە کوردەکان ناچار بن ئەو ناوچانە جێبهێڵن کە لەمێژە تێیاندا نیشتەجێن. دووبارەی دەکەمەوە، مەترسییەکە بۆ هەموو جیهانە، چونکە لەوێ شانە نووستووەکانی داعش ماون.
دەیبینین کاتێک ئەو ئامادەییە بەهێزەی کورد نەمێنێت، کاتێک بۆشایی هەبێت، کاتێک گرووپە جیهادییەکان لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن، مەترسییەکە زۆر گەورەیە و تەنیا لە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا سنووردار نابێت.
رووداو: لە حکومەتی راگوزەری سووریادا کە ئەحمەد شەرع پێکی هێناوە، کورد وەک دووەم گەورەترین نەتەوەی سووریا بەشدار نییە. ئایا ئەوە جێگەی رەخنەیە بۆ فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا؟
رێمی فێرۆ: پێم وایە دەبێت سەرەتا فەرەنسا و ئەورووپا پشتگیری لەو شتە بکەن کە لە رۆژئاڤا لە بواری دیموکراسی، بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاریی گشتی پێکهێندراوە و ئەو ئەزموونە بۆ سەرجەم سووریا سوودبەخش دەبێت. نابێت ئەو شتە ئەرێنییانە تێکبدرێن کە لە ساڵانی رابردوودا بونیات نراون؛ نابێت زۆر خێرا لاواز بکرێن. سەرەتا پێویستە گفتوگۆی سیاسی هەبێت. شتەکان قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێن. ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت دەستەبەری بکات، سەرەتا ئاسایشی کورد و بەردەوامیی مۆدێلێکە کە رێز لە هەموو پێکهاتەی عەرەب، کورد، سوننە، شیعە و مەسیحی دەگرێت لە ناوچەیەکی زۆر گرنگی سووریا.
رووداو: دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا دەڵێن ئامادە نین پۆستەکان لەسەر بونیاتی نەژادی دابەش بکەن. هێشتا هیچ پلانێکی ناناوەندێتی پەسند ناکەن و تاوەکو چوار ساڵی دیکە نە دەستوور و نە هەڵبژاردن نابێت. ئایا ئەمە لای فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا پەسندە؟
رێمی فێرۆ: ئەمە سەرەتایەکە. پرۆسەکە درێژخایەن دەبێت. گرنگ ئەوەیە لەم پرۆسەیەدا کورد لە پێگەیەکی لاوازدا نەبێت و رۆژئاڤا پارێزراو بێت. دواتر، ئەوەی راستی بێت، زۆر گومان و وریایی لە لایەن ئێمەوە هەیە. بەڵام پێویستە ئەم دانوستاندنانە دەست پێ بکەن کە درێژخایەن دەبن. بینیم وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشنیازی یارمەتی فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپای لە بواری مافە دەستوورییەکاندا کرد.
راستە، بەڵام ئەوە لەسەر دەسەڵاتدارانی سووریایە ئەگەر دەیانەوێت وەریبگرن. بە هەر حاڵ، ئەگەر ویستی بونیاتنانەوەی سەرجەم سووریا هەبێت لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی، بێگومان پێویستە روانگەیەکی فیدراڵی هەبێت کە دڵنیایی بە هەموو پێکهاتەکان ببەخشێت. لە سووریا هیوای زۆر و نیگەرانییەکی زۆر هەیە. ئێمە ئەمە دەزانین. پێویستە ئەم هیوایە بچێنین و ئەو نیگەرانییانە نەهێڵین. سەبارەت بە دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا، کەمێک چاوەڕوانی هەیە. ئەوەش ئاساییە، رووخانی رژێمی ئەسەد هێشتا زۆر نوێیە. کەواتە، دەمەوێت پشت بە نیشانەکانی هیوا ببەستم زیاتر لەو لێدوانە یەکلاییکەرەوانەی کە ئێستا دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ