رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، تورکیا ناوچەی پردی قەرەقۆزاخ و باشووری شاری کۆبانێ "بە چڕی" تۆپباران دەکات. سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمریکا و تورکیا بەردەوامن لە ناردنی هێز بۆ کۆبانێ و دەوروبەری.
پردی قەرەقۆزاخ دەکەوێتە نێوان کۆبانێ و منبج.
هەسەدە لە تەلەگرامەوە رایگەیاند: "ناوچەی پردی قەرەقۆزاخ و باشووری شاری کۆبانێ رووبەڕووی تۆپبارانی چڕی داگیرکاری تورک دەبنەوە."
پێش ئەوە، هەسەدە رایگەیاندبوو، شەڕ و پێکدادانی "سەخت" لەنێوان ئەوان و چەکدارانی سەر بە تورکیا لە باشوور و رۆژهەڵاتی منبج بەردەوامە و "دەیان چەتە کوژراون و ژمارەیەک تانک و زرێپۆشیان تێکشکێنراون."
هەسەدە هەروەها باسی لەوە کرد، "تورکیای داگیرکار بە درۆن و تۆپی گەورە، پشتگیری لە چەتەکان دەکات، لە کاتێکدا شکستیان هێناوە لە پێشڕەویکردن."
هاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئێوارەی شەممە رایگەیاند، لە شەڕ و پێکدادانەکانی نزیک پردی قەرە قۆزاخ و دەوروبەری بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی منبج، 20 چەکداری سەر بە تورکیا لە لایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە کوژراون، لە نێویاندا سەکردەیەکی هێزی سوڵتان موراد کە بە "مونیر حەجەک" ناسراوە. 8 شەڕڤانی هەسەدەش برینداربوون.
روانگەی سووری ئاماژە بەوە دەکات، وێڕای پشتیوانیی ئاسمانیی تورکیا، گرووپە چەکدارەکان نەیانتوانیوە لە گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین پێشڕەوی بکەن.
رێکخراوەکە هەروەها باس لەوە دەکات، کاروانێکی ئەمریکی کە لە 20 بارهەڵگری گەورە پێکهاتبوو، لە هەرێمی کوردستانەوە بەربەستی کۆنکرێتی، تانکەری سووتەمەنی و تانک و زرێپۆشی گواستووەتەوە بنکە سەربازییەکانی تەل بەیدار و قەسرەک لە پارێزگەی حەسەکە. دواتر کاروانێکی دیکە بە 20 بارهەڵگرەوە، بە چەک و کەرەستەی سەربازیی جیا جیاوە لە بنکەی تەل بەیدارەوە چووەتە شاری کۆبانێ.
رۆژی هەینی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رەتیکردەوە هیچ بنکەیەکی سەربازی لە شارە کوردستانییەکە دروستبکات، ئەو شارەی کە تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی، هەوڵی هێرشکردنەسەری دەدەن.
بە گوتەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تورکیاش ئەمڕۆ بەردەوام بووە لە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی بۆ ناوچەی تەلە سیریاتێل لە دەوروبەری بەنداوی تشرین. هەسەدەش بە درۆن بەردەوامبووە لە هێرشکردنە سەر ئەو کاروانە سەربازییانە و سەکۆیەکی مووشەکهاوێژتنی گرووپە چەکدارەکانی لەنێوبردووە.
ئەم پێشهاتانە رۆژێک دوای ئەوە دێن کە فەرەنسا و ئەڵمانیا داوایان کرد کۆتایی بە هێرشەکانی سەر هەسەدە بهێنرێت، کە وڵاتانی رۆژئاوا بە هاوبەشی سەرەکیی خۆیان لە شەڕی دژی داعش دایدەدەنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ