رووداو دیجیتاڵ
تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) دەڵێت، 219 هەزار مووچەخۆر لەڕێگەی (هەژماری من)ـەوە مووچەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو وەردەگرن و سەرجەم فەرمانبەرانی هەولێریش کارتیان وەرگرتووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرچاوەیەک لە تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا تەواوی فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای هەولێر کە ژمارەیان 175 هەزار و 958 کەسە، تۆمارکراوی پڕۆژەی هەژماری منن و مووچەی مانگی 11 لە رێگەی پڕۆژەکەمانەوە وەردەگرن."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی سەر بە وەزارەتی پەروەردە کە لە هەژماری مندا تۆمارکراون، هاوشێوەی مانگی رابردوو لە یەکشەممەوە مووچەکانیان زووتر لە وادەی خۆی دادەبەزێت و پابەندی خشتەی دیاریکراوی وەزارەتی دارایی نابن."
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، "لە پارێزگای سلێمانی 8 هەزار و 321 فەرمانبەر، لە دهۆک 34 هەزار و 589 فەرمانبەر و لە کەرکووکیش 554 فەرمانبەر مووچەی مانگی 11 لە رێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن."
بە گوێرەی تیمی پڕۆژەی (هەژماری من)، 219 هەزار مووچەخۆر مووچەی مانگی تشرینی دووەم لە رێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن کە بەراورد بە مانگی رابردوو، 28 هەزار سوودمەندبوو زیادیکردووە.
تاوەکو ئێستا 720 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکردووە و 350 هەزار کارتیش دابەشکراون، زیاتر لە 550 ئامێری راکێشانی پارە ATMـیش لە 200 شوێنی جیاواز دانراون. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "لە داهاتوودا ژمارەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە زیاد دەکەین، بەمەش ژمارەی سوودمەندبووانمان زیاتر دەکەین."
پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ