رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەر پێشمەرگەیەکی سەردەمی شۆڕش، پارەی گواستنەوەی ساڵانی خزمەت و خانەنشینی لێبڕابێت، بە بڕیاری حکومەت پارەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە. ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەش دەڵێت: "وەزارەتی دارایی بەڵێنیداوە مانگانە بڕە پارەیەک تەرخان بکات بۆ پاداشتی خانەنیشنبوونی پێشمەرگە."
ئەمڕۆ دووشەممە 02-01-2023، رێڤینگ هرووری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاتی جێبەجیکردنی یاسای چاکسازیی لە 01-07-2022، ئەو کەسانەی کە لە نێوان ساڵانی 1961-1991 خزمەتی پێشمەرگایەتییان هەبووە، بۆ گواستنەوەی خزمەتەکەیان و خانەنشینبوونیان، بۆ هەر ساڵێک بەپێی بڕوانامە و خێزان، بڕە پارەیەکیان بۆ هەر ساڵێک لێ وەرگیراوە.
رێڤینگ هرووری گوتی: "دوای هەوڵدانێکی زۆری لیژنەی پێشمەرگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی کە لەو پێشمەرگانە وەرگیراوە و بڕیارەکەش لە 05-10-2022 دەرچووە و ئێستا جێبەجێ دەکرێت."
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکە ئەو پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە خزمەتیان لە سەردەمی شۆڕش و پێش راپەڕینی 1991 بووە و گوتیشی، "دیارنییە چەند پارەیان بۆ هەر ساڵێک لێوەرگیراوە، چونکە بەگوێرەی بڕوانامە و خێزان بڕەکە دەگۆڕێت، ئەوانەشی پارەکەیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە، ئەو کەسانەن کە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا لە دوای 01-07-2020 مامەڵەیان کردووە."
هاوکات، سەروان هەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی 350 ملیۆن دیناری وەکو پاداشتی خانەنشینی بۆ پێشمەرگە دابینکردبوو، ئێمە سەردانی وەزیری داراییمان کرد و گوتی: دوای سەری ساڵ ئەو بڕە پارەیە زیاد دەکەین، بەڵام تائێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە بۆ ئەوەی بە دروستی بزانین بڕەکە چەندە بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن دابەش دەکرێت بۆ پاداشتی خانەنشینی پێشمەرگە."
سەروان هەرکی گوتیشی "چەند رۆژێکی دیکە لەگەڵ ژمێریاری وەزارەتی دارایی کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بڕی ئەو پارەیە بزانین کە بۆ پاداشتی خانەنشینی پێشمەرگە تەرخان دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ