رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەو لیژنە هاوبەشەی پەرلەمانی كوردستان، کە بەدواداچوونیان بۆ كێشە و داواكاری خوێندكارانی خۆپیشاندەری زانكۆی سلێمانی کردبوو دەڵێت، خوێندکاران تەنیا داوای دەرماڵە ناکەن بەڵکو چەندین داواکاری دیکەیان هەیە وەک چارەسەرکردنی گرفتی کەمی بەشە ناوخۆییەکان و زۆری ژمارەی خوێندکاران لە بەشە ناوخۆییەکان، هەروەها کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە و ئامێرەکانی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە بەشێکبوون لە داواکاریی خوێندکاران.
موسلیم عەبدوڵڵا، ئەندامی لێژنەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی هەفتەی ناڕەزایەتی قوتابیان، هەروەها جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵا خاوەنی چەندین سەرچاوەی داهاتە بۆ نموونە خوێندنی پارالێل، کە تەنیا ئەمساڵ بۆ خوێندنی پارالێل 20 ملیار دینار لە خوێندکاران وەرگیراوە، تاوەکو ئێستا داهاتی زانکۆکان دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی.
موسلیم عەبدووڵا دەڵێت، بە خەرجکردنی 70٪ی داهاتی زانکۆکان لەلایەن خۆیانەوە دەتوانن زۆر لە پێداویستییەکانی خۆیان پڕبکەنەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، دەشڵێت زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی داوای ٪70ی داهاتی خۆیان دەکەن، کە بڕەکەی 100 ملیۆن دینارە.
هەفتەی رابردوو ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان خۆپیشاندانیان کرد و داوای گەڕانەوەی دەرماڵەیان دەکرد کە لە ساڵی 2014ەوە راگیراوە.
خۆپێشاندانەکانی هەفتەی رابردوو گرژی و ئاڵۆزیان لێکەوتەوە، ژمارەیەک خوێندکار دەستگیرکران و چەند خوێندکارێکیش برینداربوون، لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو پەرلەمانی كوردستان بڕیاردرا لیژنەیەكی هاوبەشی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەدواداچوونی داواكاری خوێندكاران سەردانی پارێزگای سلێمانی بكات. راپۆرتی لێژنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە راسپاردەکانی لێژنەکە لە پەرلەمان خوێندرانەوە و دەنگیان لەسەر درا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ