رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان رابگەیێنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن. بەڕێوەبەری یەکێک لە بانکەکانی شاری هەولێر دەڵێت بە کاراکردنی ئەو سیستمە نوێیە کارئاسانییەکی زۆر بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان دروستدەبێت.
دلێر قادر، بەڕێوەبەری بانکی نەورۆز دەڵێت، ئەگەر ئەو سیستمە جێبەجێبکرێت ئەو قەرەباڵخییە نامێنێت، هەرچەندە ئێستاش هەر خانەنشینێک لە ماوەی 5 بۆ 10 خوولەک مووچەکەی وەردەگرێت، بەڵام ئەوکاتە دەتوانێت لە بانکێکی دیکە وەریگرێت، یان بەو کارتە لە نزیکترین شوێنی خۆی مووچەکەی وەربگرێت.
حکومەتی عێراق ماوەی چەند ساڵێکە لە رێگەی چەندین بریکارەوە تەواوی شار و شارۆچکەکان مووچە دەداتە فەرمانبەر و خانەنشینەکانی، کی کارد ئەو کارتەی لە رێگەی ئامێرێکی دەستیی کاردەکات راستەوخۆ مووچە دەدرێتە ئەو مووچەخۆرەی داوای مووچەکەی دەکات.
هیوا پشتیوان، یەکێک لە نوێنەرەکانی کی کارد لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، کاتێک مووچەخۆران مووچەکانیان دێت سەردانی بنکە رێپێدراوەکان دەکەن و لە رێگەی ئەو ئامێرەوە دەتوانن مووچەکانی خۆیان رابکێشن، بەم ئامێرە دەتوانیت سەیری بکەیت چەند پارەی لەسەرە و چەندی راکێشاوە و هەموو زانیارییەکان، کاتێک لە بەغدا مووچەکەی دادەبەزێت بەهۆی ئەو کارتەوە دەتوانێت مووچەکەی خۆی رابکێشێت لە هەر شوێنێکی عێراق بێت، کارئاسانییەکی زۆرە بۆ ئەو مووچەخۆرانە.
رووداو زانیویەتی چەند وەزیر و بریکاری وەزیر و بەشێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان سیستمەکەیان لە دوو بانکی هەولێر تاقیکردووەتەوە، مانگی داهاتوو لە ئیڤێنتێکدا شێوازی کارکردنی سیستمەکە روون دەکرێتەوە، حکومەت دەیەوێت لە رێگەی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی مووچەوە هەم کۆنترۆڵی تەواوەتی دابەشکردنی مووچە بکات، هەم هەنگاوی دیکە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکان بهاوێژێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ