وەزیری دارایی: 90 بانک لە هەرێمی کوردستان هەن و یەک دانەیان سیفەتی بانکیان تێدا نییە

01-05-2023
رووداو @Rudawkurdish
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ەوە، وەڵامی پرسیارەکانی هاونیشتمانیان دەداتەوە لەبارەی گرفتەکانی مووچە و دارایی پارێزگای سلێمانی، پلە بەرزکردنەوە، دامەزراندن و چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە وەزارەتەکەی. ئەو وەزیرە دەڵێت، هەموو سەرکردە و لایەنەکان دژی گەندەڵی قسە دەکەن، "بەڵام کە دێتە سەر کردار، بەداخەوە کەمە."
 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە زیاتر لە 90 بانکمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام یەک بانکمان نییە سیفەتی بانکی تێدابێت. وەزارەتی دارایی عێراق لە حکومەتێکدایە ئیحتیاتی نەقدییەکەی لە 100 ملیار تێپەڕی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیحتیاتی نەقدیی هەیە؟ نییەتی."
 
زیاتر لە ساڵێکە گرفتی نەبوونی پارە و کورتهێنان لە بانکەکانی سلێمانی هەن. ئەو پارێزگایە مانگانە پێویستی بە 362 ملیار و 300 ملیۆن دینارە بۆئەوەی بەبێ گرفت مووچە دابەش بکات. بە گوتەی وەزیری دارایی، تەنیا مانگی ئادار 289 ملیار و 500 ملیۆن دیناریان بۆ سلێمانی ناردووە، بەڵام راگرتنی دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەران بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت و بە بڕیاری بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی سلێمانی بووە.
 
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە پاڵپشتیمان کرد بۆئەوەی سیستمێکی تازە دروستبکات، بەداخەوە پێچەوانەکەی کردووە؛ رۆتینێکی زۆر و بیرۆکراسییەتێکی زۆر، جۆرێک ئیرهابیش لەناو بانکەکاندا هەیە." ئەوەشی خستەڕوو کە وەزارەتەکەی رایگەیاندووە کە دەبێت رۆژی 20ی ئادار دەوام بکرێت، لەکاتێکدا پشوو بووە، "دوو بانکی ئاگادار کردووەتەوە کە دەوام بکەن، ئاگاداری کردوونەتەوە کە مووچەی ئەیلوول بدەن، بەڵام چووە مووچەی داناوە تاوەکو 500 هەزار دینار دابەش بکەن و لەوەش زیاتر بخەنە دوای جەژن، پرسیان بە کێ کرد و موافەقەتی کێیان وەرگرت؟ بەڕێوەبردنەکەی و ئیدارەکەی و مامەڵەکردنیان لەگەڵ خەڵک زۆر لێی ناڕازین."
 
لەبارەی دروستبوونی گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی هاونیشتمانییانی سلێمانی وەزیری دارایی گوتی، داهاتی ئێستای ناوخۆی سلێمانی بەشی پارێزگاکە ناکات و کورتهێنان لە بانکەکان هەیە، بۆ ئەوەش وەزارەتی دارایی بە چەند شێوەیەک هاوکاریی دارایی کردوون.
 
نزیکەی مانگێکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێککەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکات، وەزیری دارایش ئەو رێککەوتنە بە ئەرێنی ناودەبات و مژدەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت دەدات.
 
بە گوتەی ئاوات شێخ جەناب، "رێککەوتنەکە تەواو خۆویستانەیە و بە قازانجی کوردیشە؛ لایەنی گەشبینییەکەشم بۆ ئەو رێککەوتنە زیاترە و پێشنیازێکیش هەیە لەوانەیە وەفدێکی هاوبەش لە ئێمە و لە عێراق بەیەکەوە بچێتە تورکیا."
 
بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 970 ملیار دیناری پێویستە، کە 740 ملیار دیناری پارەی نەوتە، بەڵام وەزیری دارایی دەڵێت، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئێستا ئەو بڕە پارەیە بەردەست نییە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە