رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لە مانگی رەمەزاندا 18 بۆ 19 کاژێر کارەبایان داوەتە هاونیشتمانیان و بەرهەمهێنانی کارەباش 3 هەزار و 150 مێگاوات بووە؛ بەرپرسانی موەلیدە ئەهلییەکانیش دەڵێن، لەگەڵ کارەبای نیشتمانیدا لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا 24 کاژێر کارەبا دەدەنە هاونیشتمانیان.
رۆژی یەکشەممە 1ی ئایاری 2022، قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سبەینێ دووشەممەوە تاوەکو یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، لەگەڵ کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کارەبای موەلیدە بۆ هاونیشتمانیان دابیندەکەین".
قارەمان مەولوود، گوتیشی: "ئەگەر دۆخی کارەبای نیشتمانی وەکو ئێستا باشبێت، ئەوە درێژە بەم خشتەیە دەدەین؛ ئەگەریش دۆخی کارەبای نیشتمانی خراپ بێت، دوای یەکشەممەی داهاتوو خشتەیەکی نوێ دادەنێین بۆ ئەوەی باری سەرشانی هاووڵاتیان قورس نەکەین".
رۆژی یەکشەممە 1-5-2022 سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، خاوەن موەلیدەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە بە بۆنەی پشووەکانی جەژنی رەمەزانەوە لە رۆژی دووشەممە 2ی ئایارەوە تاوەکو 5ی ئایار بەرنامەی کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکان 24 کاژێری بێت، لەکاتی کوژانەوەی کارەبای نیشتمانیدا.
لە دهۆک جیاواز لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە ئێستا و مانگەکانی رابردووشدا کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان لەگەڵ کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کارەبایان داوەتە هاونیشتمانیان.
لە سنووری هەڵەبجە گۆڕانکاری لە پێدانی کارەبای موەلیدەدا نەکراوە، رۆژی یەکشەممە 1ی ئایار، دینا ئەحمەد سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێکمان بۆ گۆڕانکاری پێدانی کاژێرەکانی کارەبای موەلیدەی ئەهلی نەداوە؛ بەڵام ئەمشەو لیژنەی موەلیدەکان لەرێگەی ئۆنڵاینەوە کۆدەبێتەوە بۆ دانانی خشتەیەکی نوێی کارەبا بۆ مانگی ئایار".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ