رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەولێر لە رووداو ئاشکرای کرد، جۆرە کامێرایەکی پێشکەوتوو لە ترافیکەکان دادەنرێت، "ئەو کامێرایە قۆناخی لە یەکەمدا لە ترافیکی مەخموور دانراوە و پێنج جۆر سەرپێچیی شۆفێران تۆمار دەکات".
فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند نزیکەی مانگێکە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، لە شەقامی 120 مەتری کار دەکات، ئەو کامێرایە قۆناخی یەکەمە و لە داهاتووشدا لە سەرجەم ئەو شەقامانە دادەنرێت کە گونجاون بۆ کامێراکە.
لە کاتی بەشداریکردنی لە بڕگەیەکی تایبەتی بەرنامەی نووڕۆژی رووداو لەگەڵ پێشکێشکار جەعفەر موبەشرنیا، فازڵ حاجی لەبارەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، ئاشکرای کرد، "ئێستا دوو کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر خراونەتە کار، یەکەم خاڵ لە بەرامبەر کۆلێژی پۆلی تەکنیکە و کامێرای دووەمیش لە دووریی سێ هەزار و 600 مەتر دانراوە".
لەبارەی کامێراکەوە، فازڵ حاجی دەڵێت "ئەم جۆری کامێرایە رەفتای شۆفێر لەنێوان دوو کامێرا تۆمار دەکات، پێشتر شۆفێران کە لە کامێرا رەتدەبوون، خێراییەکەیان زیاد دەکرد، بەڵام لەم سیستمی کامێرایەدا، شۆفێر ناتوانێت خێراییەکەی زیاد بکات و هەرکات خێرایەکەی زیاتر کرد، سەرپێچییەکەی تۆمار دەکرێت و لێکدانەوەکەشی بە کات دەپێوێت بە لەبەرچاوگرتنی خێرایی دیاریکراو لەو شەقامە و کامێراکەش لەدواوە وێنەی ئۆتۆمبێلەکان دەگرێت".
دەربارەی دانانی کامێرای زیاتری خاڵ بۆ خاڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر، فازڵ حاجی ئاشکرای دەکات، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، کامێراکە لە سەرجەم ئەو رێگە خێرایانەی دەرەوەی شار دادەنرێن، کە گونجاون، زیاتر رێگە خێراکان یارمەتیدەرن بۆ کامێراکە و لە داهاتووشدا کامێراکە لە سەرجەم شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری و رێگەی هەولێر – دهۆکیش دادەنرێت".
گوتیشی "ئێستا ئەو شەقامانەی سەرەوە یارمەتیدەرن بۆ ئەم سیستمی کامێرایە، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە هەموو ئەو رێگایانە دادەنرێت، کە ئەگەری هەیە شۆفێران خێرا بن تێیدا".
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، جەختدەکاتەوە، لەوەی کامێراکە رووداوەکانی هاتووچۆ کەمدەکاتەوە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە، دەڵێت "لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا کە ئەو دوو کامێرایە خراونەتە کار، هیچ رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوانیاندا رووی نەداوە، لە کاتێکدا پێشتر لە نێوان ئەو دوو کامێرایە چەندین رووداو روویاندەدا".
کامێرای ترافیکەکان پێنج جۆر سەرپێچی تۆمار دەکات
لە هەولێر جۆرێکی دیکەی کامێرا لە ترافیکەکان دانراوە، کە ژمارەیەک سەرپێچی تۆمار دەکات، لەنێویاندا لێدان لە گڵۆپی سوور و خێرایی و بەزاندنی هێڵی وەستانی شەقام. لەبارەی ئەمجۆرە کامێرایە، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی گوت "کامێرای ترافیکەکان، چەند جۆرێک خێرایی تۆمار دەکات، یەکەمیان سەرپێچیی دەرچوون لە خێرایی شەقام، بۆ ئەوەی شۆفێران لەکاتی گەیشتن بە ترافیک، خێراییەکەیان زیاد نەکەن لەپێناو تێپەڕبوون لەو ترافیکە، بە تایبەتی لە چرکەکانی کۆتایی گڵۆپی سەوزی ترافیک. هەروەها سەرپێچی بەزاندنی هێڵی وەستانی ترافیکەکان تۆمار دەکات، واتە ئەو هێڵی وەستانەی لە ترافیکەکان کێشراوە، ئەگەر تایەی ئۆتۆمبێل بکەوێتە سەر هێڵەکە، بە سەرپێچی بۆی هەژمار دەکرێت، هەروەها سەرپێچیی ئەو ئۆتۆمبێلانەش تۆمار دەکات، کە لە دەستی راستی ترافیکەکانەوە داخڵ دەبن و بەسەر هەموو ئەو شۆفێرانە پێچ دەکەنەوە، کە لە ترافیکەکە دەوەستن. هەروەها سەرپێچیی لێدان لە چرای سووری ترافیک و نەبەستی پشتێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل تۆمار دەکات". گوتیشی "هەموو کامێراکانی هاتووچۆ بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی لێخوڕین و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی تۆمار دەکەن، جگە لە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ".
"رووداوەکانی هاتووچۆ لە شەقامە باشەکان زیاتر روودەدەن"
دەربارەی زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر جەختدەکاتەوە، بەشێکی شۆفێران شەقامە باشەکان خراپ بەکاردەهێنن و ئەو رووداوانەی لە شەقامە باشەکان روودەدەن، زۆر زیاترن لەو رووداوانەی لە شەقامە خراپەکان روودەدەن، نموونە بە هەردوو رێگەی هەولێر – کۆیە و هەولێر – دهۆک دەهێنێتەوە و دەڵێت "رێگەی هەولێر کۆیە بە رێگەی مەرگ ناسراوە، بەڵام ئەو رووداوانەی لە رێگەی هەولێر – دهۆک روودەدەن، کە زۆر بە شێوەیەکی مۆدێرنیش دروستکراوە، زۆر زیاترن، شەقامی 120 مەتری زۆر بە کوالێتی دروستکراوە، بەڵام رێژەی رووداوەکان لەو شەقامە زۆر زیاترن لەو رووداوانەی لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر روودەدەن".
"وەزارەتی ناوخۆ کار لەسەر پڕۆژەیەک بۆ ماتۆرسکیلەکان دەکات"
دەربارەی کۆنترۆڵکردنی ماتۆرسکیلەکان لە هەرێمی کوردستان و هەولێر، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتی "لەبەرئەوەی زۆرینەی ماتۆرسکیلەکان تۆمارکراو نین و بە قاچاخی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان، ئێستا جگە لە دەستبەسەرداگرتن هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە، ئەمساڵ زیاتر لە هەزار ماتۆرسکیل دەستیان بەسەرداگیراوە و ساڵی رابردووشدا نزیکەی شەش هەزار ماتۆرسکیل دەستیان بەسەرداگیرابوو، کە هەموویان تێکدەشکێنرێن. بۆیە ئێستا وەزارەتی ناوخۆ کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکات بۆ رێکخستنەوەیان، کە شێوازی هاوردەکردنیان لەلایەن کۆمپانیاکان رێکدەخاتەوە و کوالێتییان بەرزە و تابلۆی تۆماریان هەیە و مەرجیشە ئەوەی لێیدەخوڕێت، مۆڵەتی هەبێت".
ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەولێر گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار
دەربارەی ژمارەی ئۆتۆمبێل و تاکسییە تۆمارکراوەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، فازڵ حاجی بە رووداوی گوت "ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە پارێزگای هەولێر لەنێوان ملیۆنێک و 90 هەزار بۆ ملیۆنێک و 100 هەزاردایە، تاکسی و پاس دەوروبەری 47 هەزار هەیە".
فازڵ حاجی دەڵێت "بەپێی ستانداردی جیهانی، ژمارەی تاکسییەکان لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاترە، چونکە بەپێی ستاندارد، ملیۆنێک هاووڵاتی پێویستیان بە 1000 تاکسی هەیە، کە لە هەرێمی کوردستان ئەو رێژەیە زۆر بەرزە و ئەوەش جەنجاڵییەکی زۆری دروستکردووە".
گوتیشی "لە سنووری پارێزگای هەولێر تا ئێستا نزیکەی 600 هەزار مۆڵەت دەرچووە بۆ شۆفێران".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ