شاخەوان عەبدوڵڵا: ده‌ستدرێژییه‌كانی‌ فیرقه‌ی‌ هه‌شت لە کەرکووک بۆ ‌راگواستنی‌ كورد و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كانە

01-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکۆنەی ئەو "دەستدرێژییانە" دەکات، کە لە کەرکووک کراوەتە سەر جووتیارانی کورد و دەڵێت: "سەرەڕای پەیوەندیی بەردەواممان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران و دەستوەردانی، به‌ڵام ده‌ستدرێژییه‌كانی‌ فیرقه‌ی‌ هه‌شت به‌رده‌وامه‌، به‌ ئامانجی‌ راگواستنی‌ كورده‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كان و نیشته‌جێكردنیان له ‌ناوچه‌كه."
 
رۆژی چوارشەممە، 1-3-2023، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "زۆر به ‌تووندی‌ سه‌ركۆنه‌ی‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ ده‌ستدرێژی‌ و زیاده‌ڕۆیی‌ بۆ سه‌ر جووتیاره‌ كورده‌كانی‌ کەرکووک دەکەم" و ئەو کارەی بە "دروستكردنی‌ كێشه‌ و قه‌یران له‌نێو پێكهاته‌كاندا" ناوبرد.
 
د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا داوای‌ له‌ سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان كرد "ده‌ستبه‌جێ دەستوەردان بکەن و ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ بووه‌ستێنن و، دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ناو پارێزگاكه‌ كۆنترۆڵ بكەن و رێگری‌ بکەن له‌ به‌كارهێنانی‌ سوپا له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ هه‌ندێك لایه‌ن."
 
راگەیێندراوەکەی شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا دوای ئەوە هات کە دوێنێ سێشەممە لە ناوچەی سەرگەڕانی کەرکووک سەربازانی عێراق چووبوونە سەر ژمارەیەک لە جووتیارانی گوندەکانی ناوچەکە. د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا دەڵێت: "ئەو کارە پێچه‌وانه‌ی‌ یاسا و ده‌ستوورە" و لیژنه‌ی‌ ئاسایش و به‌رگریی‌ په‌رله‌مانی‌ راسپارد به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بکات و له‌ "ده‌ستدرێژیییەکان" بکۆڵێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 28-2-2023، ژمارەیەک هامەر و ئۆتۆمبێلی هێزەکانی سوپای عێراق بەسەر کێڵگەی کشتوکاڵی جووتیارانی کورد لە سەرگەڕانی پارێزگای کەرکووک سووڕانەوە، چەند جارێکە بیری ئاوەکان دەکوژێننەوە و رێگری لە کارکردنیان دەکەن، وەکو جووتیاران و گوندنشینانی ناوچەکە باسی دەکەن.
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵەکانیشی بۆ بەرگرتن لەو هێرش و هەڕەشانەی دەکرێنە سەر جووتیارانی کورد باسکردووە و دەڵێت: "سەرەڕای پەیوەندیی بەردەواممان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران و دەستوەردانی، به‌ڵام ده‌ستدرێژییه‌كانی‌ فیرقه‌ی‌ هه‌شته‌م به‌رده‌وامه‌، به‌ئامانجی‌ راگواستنی‌ كورده‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كان و نیشته‌جێكردنیان له‌ ناوچه‌كه‌".
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داواده‌كات "په‌له‌ بكرێت له ‌ده‌ركردنی‌ یاسا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ شۆڕشی‌ هه‌ڵوه‌شاوە، بۆ ئه‌وه‌ی‌ سنوورێك بۆ دیارده‌ی‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر جووتیاره‌ كورد و توركمانه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ دابنرێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە