رێواز فایەق: داوا لە ژنان دەکەم لەسەر سیستمی کۆتا پاڵنەدەنەوە

01-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی هەولێر قسەی کرد و رایگەیاند، "داوا لە ژنان دەکەم لەسەر سیستمی کۆتا پاڵنەدەنەوە." باسی لەوەش کرد کە "باوەڕم بە سەنگەربەندیی پیاوان و ژنان بەرامبەر بە یەکدی نییە."
 
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان کێشەی یاسایان نییە، ناکرێ هەرێمی کوردستان یاساکانی خۆی لەگەڵ سوێد بەراورد بکات، بەڵکو ئەگەر لەگەڵ وڵاتانی هاوشێوەی خۆی بەراوردی بکات، "ئەوە باشترین یاسامان هەیە."
 
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد، "زۆرجار ژنان و خەباتەکانیان لەلایەن کۆمەڵگەوە رووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە و ئەوەش جۆشدراوە و لەخۆیەوە رووینەداوە". گوتیشی، "زەمینەی 10 ساڵ پێش ئێستای ژنان لە بەرەوپێشچوون لە ئێستا باشتر بووە." 
 
رێواز فایەق لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، ئێستا خواستێک هەیە لە لایەن ژنانەوە بۆ سەپاندنی کۆتا لە حکومەتیشدا، لە خوێندگەکان و زانکۆکان زۆربەی خوێندکاران کچن، دەرفەتی یەکسان بۆ سەرکەوتنی ژنان نییە. دەشڵێت، "دەرفەتەکانمان لەگەڵ پیاوان یەکسان نین، هیچ بوارێک نییە ژنان لێی نەزانن، هیچ کات هەستم نەکردووە ژنێکم لە سەرۆکایەتیی پەرلەماندا، بەڵکو هەستم کردووە مرۆڤم." 
 
رێواز فایەق دەڵێت، پەشیمان نییە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، چونکە پێیوایە سەرۆکایەتیکردنی پەرلەمان قورس نییە، بۆیە دەڵێت، "من مامۆستای زانکۆم، کە لە پۆستەکەم نامێنم، زۆر ئیش چاوەڕێم دەکات."
 
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە کە ئێستا لە چوار ساڵی رابردوودا بەهێزترە و دەڵێت، "ئێستا خواستێک هەیە لەلایەن ژنانی سەرکردایەتیی حیزبەکان بۆ سەپاندنی کۆتا لە حکومەتیشدا، دۆخی ژن لە کوردستان زۆر باشترە لە دۆخی ژن لە عێراق."
 
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات دەبێ ژنان "کێبڕكی بۆ بەدەستهێنانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدەن."
 
دەقی گوتەی رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:
 
پرسیار: بەڕێوەبردنی پەرلەمان کارێکی قورسە؟
 
رێواز فایەق: نا قورس نییە.
 
پرسیار: پێخۆشبوو ئەو پۆستەت وەرنەگرتبا، چونکە لە سەرەتا گوشارێکی زۆرت لەسەربوو و خۆشت جارێک باستکرد؟
 
رێواز فایەق: کاتێک مرۆڤ کارێک دەکات، رەنگە لە قۆناخێکدا بکەوێتە ژێر گوشارەوە، بەڵام من لەو جۆرانە نیم لە هیچ یەکێک لەو کارانە پەشیمانبم کە دەیانکەم بە سەرۆکی پەرلەمانیشەوە.
 
پرسیار: بۆ دوای سەرۆکی پەرلەمان، بیر لە چی دەکەیتەوە بۆ خۆت؟
 
رێواز فایەق: هێشتا بیرم لەوە نەکردووەتەوە، بەڵام من مامۆستای زانکۆم و پرۆفیسۆری یاریدەدەرم، دەتوانم ئیشی باش بدۆزمەوە.
 
پرسیار: باسی ئەزموونی خۆتمان بۆ بکە لەنێو سیاسەتدا و چۆن دەستبەکاربوون و بەردەوامبوون تاوەکو ئێستا؟
 
رێواز فایەق: سوپاس بۆ بانگهێشتکردنمان بۆ ئەم ئیڤێنتە.. لە هیچ قۆناخێکی ژیانی خۆمدا بەبێ پلان کارم نەکردووە، لەوکاتەوەی فامم کردووە هیچ کارێکم بە هەڕەمەکی نەکردووە، هەڵبژاردنم بۆ سەرۆکی پەرلەمان، نە بەهۆی بەختەوە بووە نە بەهۆی ژنبوونم، بەڵکو خواستێکی کەسیی خۆم بووە، لەبەرئەوەی لە کۆلێژی یاسا بووم، هەمیشە ئەو چەمکەی کە گوێم لێبووە، چەمکی (موشەڕەع) بووە، حەزمکردووە رۆژێک لە رۆژانە ببم بە یاسادانەر (موشەڕەع)، لە قۆناخەکانی 2-3ی زانکۆ بووم، دەمگوت رۆژێک دادێ و دەبمە پەرلەمانتار، دواتر دەستم بە کاری حیزبی کرد و بژارەی یەکەمم ئەوەبووە کە لە ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکاندا کاربکەم، سوپاسی حیزبەکەم دەکەم کە ئەو دەرفەتەی بۆ رەخساندم ببمە پەرلەمانتار، دواتر لە خولێکی دیکەش ببمەوە پەرلەمانتار و دوای ئەوە لەگەڵ برادەرێکی خۆمدا بەربژێربووین بۆ سەرۆکی پەرلەمان و حیزبەکەم بڕیاریدا کە من ببم. 
 
تەحەدییەکان چین؟ تەحەدییەکان بەرامبەر بە ژن بەشێوەیەکی گشتی؛ یەکەم ئەوەیە کە دەرفەتێکی یەکسان نییە بۆ هاتنە پێش. لە چوار ساڵی سەرۆکایەتیمدا بۆم دەرکەوتووە وەکو چۆن دەرفەتی یەکسان نییە بۆ ئەوەی بگەیتە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان و رەنگە عێراقیش، بەهەمانشێوە دەرفەتی یەکسان بۆ سەرکەوتن نییە. واتە ئەو دەرفەت و فاکتەرانەی بۆ سەرکەوتنی پیاوێک لە سەرۆکایەتیی هەیە، هەمان دەرفەت بۆ ئافرەت نییە، بۆیە دەبێ هەمیشە ژنەکان هەوڵێکی جیاوازتر بدەن، ئەمە مانای ئەوە نییە کە نابێ ژنەکان هەوڵبدەن، بەپێچەوانەوە داوایان لێدەکەم هەوڵبدەن نەک بێنە شوێنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان؛ تەنانەت بچنە شوێنی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی عێراقیش و دەتوانن. یەک شت بە بەردەوامی جێگەی پرسیارە لەلام؛ کاتێک کە باسی ژن دەکەیت بچێتە شوێنێک، دەڵێن: ئێمە ئەو ژمارە ژنەمان نییە لەو شوێنە بێت کە پێیان دەڵێیت: پێوەرەکانت چین بۆ ئەوەی ژنێک لەو شوێنە بڕیارێک دروست بکات؟ ئایا هەمان پێوەرت بۆ پیاوەکانیش هەیە؟ وەکو ئەوەی پیاوەکان لێرە جۆرج واشنتۆن بن و ژنەکانیش توانایان نەبێت! لە راستیدا پێوەر بۆ بەشداریکردن لە ژیانی سیاسی و بەرەوپێشچوون ( رەنگە لە هەرێمی کوردستان شتێکمان نەبێ بە ناوی پێوەر)، بەڵام دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە، چۆن دەرفەتی بۆ خۆپێگەیاندن نییە، دەرفەتی یەکسانیش بۆ گەیشتن بە ناوەندی بڕیار نییە، دەرفەت یان لانیکەم بەراوردکردنەکانمان لەگەڵ هاوتاکانمان نییە.
 
پرسیار: ئەو ستاندەرانە چین کە ئافرەت پێویستیان بە هەوڵ و کاری زیاترە، تۆ وەکو پێشەنگێکی ئافرەتان چۆن سەیری ئەم رۆڵ و ئەرکەت دەکەیت بۆ نەوەکانی داهاتوو؟
 
رێواز فایەق: رەنگە لە رووی یاساییەوە کێشەمان لەسەر ئاستەکانی دیکە هەبێت و پێویستمان بە یاسا بێت، بەڵام ئەو سیستمی کۆتایەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەراورد بە عێراقیش کە لەوێ 25٪ـە و لێرە 30٪ـە، دەرفەتێکی زۆر باش دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە دەسەڵاتی یاسادانان و لە ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکان ئامادەییەکی زۆر باشیان هەبێت، ئەمە تمووحی ژنانە لەنێو حیزبە سیاسییەکانیش کە زیاتر لە جارێک هاتوون بۆ لای ئێمە، کە هەمان سیستمی کۆتاش لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا جێبەجێ بکرێت، بەڵام تائێستا نەمانتوانیوە ئەمە بکەین، لەبەرئەوەی وەکو گوتم زۆر گوێم لەو قسەیە دەبێت کە لەنێو حیزبە سیاسییەکاندا دەکرێت، ئایا ئەو ژمارەیەی بۆ ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکانمان هەیە، بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشمان هەیە؟ وەڵامەکەی ئێمە ئەوەیە "بەڵێ هەیە و لە 30٪ زیاتریشمان هەیە" بە دەلیلی ئەوەی کە ئێستا زۆربەی خوێندکارەکان کچن، ئافرەتی کوردستانی ئێستا ئەو قۆناخەی تێپەڕاندووە کە تۆ بیر لەوە بکەیتەوە ئایا ئەو ژمارەیەت هەیە بۆ کارێکی دیاریکراو؟ راسپاردەشم  بۆ کچان، ژنان و ئافرەتان (نازانم هەر ناوێکیان لێدەنێن) ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان بیر لە ململانێ لەگەڵ یەکدی نەکەنەوە، شەڕ لەسەر ئەو رێژەیە نەکەن کە لە سیستمی کۆتا هەیە، بەڵکو شەڕ لەسەر بەرزکردنەوەی کوالێتیی خۆیان بکەن، کاتێک دێتە سەر بەراورد؛ لەگەڵ ژنێکی هاوڕێی بەراورد نەکرێن، بەڵکو لەگەڵ باشترینەکان بەراورد بکرێن، جا ئەو باشترینە ژنە یان پیاو. 
 
پاڵدانەوە لەسەر سیستمی کۆتا، زیاتر وامان لێدەکات لە جیاتی خۆشەویستی، رقمان لە یەکدی بێت، چونکە هەموومان لەسەر ژمارەیەکی دیاریکراو شەڕ دەکەین، بەڵام کاتێک دێتە سەر کوالێتی و توانا، داوایان لێدەکەم هەرگیز ساردنەبنەوە کاتێک پێیان دەگوترێ "دانامەزرێی؛ جا خوێندن چییە؟" داشنەمەزرێیت دەبێ تواناکانت لە ئاستی خوێندن بێت، لە ئاستی وەرگرتنی بەکالۆریۆس بێت. من دەزانم کێشەمان هەیە لە توانای زانکۆکان، بەڵام داوایان لێدەکەم ئەوان خۆیان جیابکەنەوە، لەسەر پسپۆڕی ئیش بکەن، مەجالێک وەربگرن بە دیاریکراوی تەرکیزی بخەنە سەر، وەکو چۆن داوایان لێدەکەم حیکمەتیان هەبێت، ئارامبن، راوێژ بکەن، پشت بەو کەسانە ببەستن کە بڕوایان بە تواناکانیان هەیە، جا ئەو کەسە رەنگە باوک، برا، دایک یان هاوڕێ بێت. بەبێ جیاکردنەوەی سەنگەری ژنان و پیاوان، دەبێ ئێمە دەستباری یەکتری بکەین لە گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی تواناکان، بۆیە هەمیشە داوایان لێدەکەم کە هێشتا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ئەو تمووحە نییە کە کچێکی کوردستانی پێیوابێ کە ئەوە بەرزترینە. دەبێ ئێمە شەڕ لەسەر پۆستەکانی سەرۆککۆمار، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بکەین. شەڕ بە مانا ناخۆشەکەی نا، بەڵکو دەبێ کێبڕکێ بکەین، هەموو ئەو توانا و وزەیەی لە ئافرەتی کورددایە دەتوانێت بیخاتە خزمەتی کۆمەڵگە. رەنگە لە سەرەتاوە ئەرکەکان قورسبن، بەڵام وردە وردە رادێی، وەکو رۆتینێکی رۆژانەی لێدێ، هەموو ئەو گوشارەی لەسەرت دروستدەبێت، دەبێتە بەشێک لە کارەکە.
 
پرسیار: دەمەوێ زیاتر باسی بەشداریی سیاسی ئافرەت بکەم، سەبارەت بە سەرکردایەتیی ئافرەت لە عێراق لە ئاستی بەرزدا هەن، بۆ نموونە پەروەردە، تەندروستی و کۆمەڵایەتی، بەڵام لە بواری بەرگرییدا نایابنینینەوە، تۆ چۆن سەیری ئەو بابەتە دەکەیت؟ 
 
رێواز فایەق: رەنگە ئەو قسەیە بۆ ژنی کۆمەڵگەکانی دیکە گونجاوبێت، بەڵام بۆ ژنی کوردستانی کە شەڕڤانی هەیە (مەیدانی شەڕ قورسترین مەیدانی کارکردنە بۆ ژن و پیاویش)، ئەو پێوەرە بۆ ژنی کورد نابێت، بەڵام بۆچی ژنەکان زیاتر دەخرێنە بوارەکانی تەندروستی و کۆمەڵاتی.. ئەوە لە راستیدا ئیرادەی سیاسییە بەوجۆرە ئاراستەیان دەکات، نەک لەبەرئەوەی ژنەکان ئەو توانایەیان نییە. خۆشبەختانە ئێستا وەزیری دارایی عێراق ژنە، ئەوەی من لەسەری دەیخوێنمەوە خۆشبەختانە دەڵێن: تا رادەیەک ژنێکی تەکنۆکراتە. ئافەرتان خۆتان دەتوانن ئەوە بسەپێنن کە هیچ مەجالێک نییە کە ژن نەتوانێت ئیشی تێدا بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئیرادەیەکی سیاسییە کە بۆ پیشاندانی ئەوەی کە ژن لە ناوەندی بڕیاردا هەیە؛ بەڵام دەیخاتە ئەو خاڵەی کە پەیوەندیی بە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ..هتد هەیە. 
 
توانا هەیە، بەڵام ئەوە ئیرادەیەکی سیاسیی ئاراستەکراوە کە کاتێک لایەنە سیاسییەکان دانوستاندن لەسەر بابەتێکی دارایی، سیاسیی یان بابەتێک پەیوەندی بە هێزەوە هەیە، کەمجار لە شاندەکاندا ئافرەتێک لەگەڵ خۆیاندا دەبەن و پێیانوایە ژنەکان لەو بوارانە نازانن. بەڵام دەمانەوێ پێیان بڵێین، هیچ مەجالێک نییە ئێمە لێی نەزانین، لە هەموو مەجالێکدا ژنانێک هەن کە دەتوانن پێشەنگ بن و ئامادەییان هەبێت. 
 
من باسی خۆم دەکەم، یەک رۆژ هەستم بەوە نەکردووە کە ژنێک لەو پۆستەدایە، من مرۆڤێکم و ئەو پۆستەم هەیە. دەگەڕێمەوە بۆ قسەکانی پێشووم؛ ئامراز و فاکتەرەکانی سەرکەوتن و باڵابوونی ژنێک لە پۆستێکدا، هەمان ئەوە نییە بۆ پیاوێک هەیە. رەنگە بڵێی بە نموونە وەکو چی؟ 
 
کاتێک حیزبەکان پیاوێکیان لە پۆستێکدایە؛ راگەیاندنی حیزبەکە دەخەنە خزمەتی، پرۆتۆکۆلی حیزبەکە دەخەنە خزمەتی، پارەی حیزبەکە دەخەنە خزمەتی، هێزی حیزبەکە دەخەنە خزمەتی و هەموو ئەوانەی هۆکارن بۆ سەرکەوتن دەیخەنە خزمەتی پیاوەکە، بەڵام هەمان شت بۆ ژنێک نییە. رەنگە ئەوە بەشێکی پەیوەندیی بە باوەڕی ژنەکەوە هەبێ، بەشێکیشی پەیوەندیی بە باوەڕی حیزبە سیاسییەکەوە هەیە. "ژنێکە و لەوێ دانیشتووە، لێیگەڕێ کارەکانی خۆی دەکات".پێمناخۆشە کە وا دەڵێم، بەڵام ئەمە حەقیقەتە، من وەکو خۆم ئەزموونم لەم لێگرتنەوەیە وەرگرت و بەهێزتربووم. رەنگە ئەوەی کە بۆ سەرکەوتنی پیاوێک کراوە، بۆ منیش کرابا، ئێستا هەستم بەو سەرکەوتنە نەکردبا کە بەدەستم هێناوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی: زیاتر لە 65٪ـی کاری شەقامەکە تەواوکراون

ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 65٪ـی کارەکانی تەواوکراون،" بەڵام گوتیشی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستیان بە "بەرنامەی نوێی کارکردن هەیە."