رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی نمەباران لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت، بەڵام رۆژی سێشەممە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و تێكەڵبوونی بارستە هەوایەکی سارد بە كەشی ناوچەكەمان، سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەور و نیمچەهەور دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند لە ناوچە جیاجیاکان دەبارێت."
لەبارەی کەشوهەوای سێشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "كاریگەریی ئەم شەپۆلە، لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە زیاد دەبێت، ئاستی دابارین مامناوەند، لێزمەباران و هەورە تریشقەش دەبێت، رۆژی سێشەممە كاریگەریی شەپۆلەکە فراوان و زیاتر دەبێت لە سەرجەم ناوچەکان باران دەبارێت."
هەر وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە درەنگی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە كاریگەریی ئەم شەپۆڵە تەواو دەبێت، لە ماوەی كاریگەریی ئەم شەپۆڵە پێشبینیی بارینی بەفرێکی کەم لەسەر لووتکەی ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان هەیە."
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشبینی دەکەم سبەی ئاسمانی هه‌رێمی کوردستان به‌گشتی هه‌وری ته‌واو بێت، له كاته‌كانی نیوەڕۆ تاوەکو شەو ناو به‌ناو ئه‌گەری تاوەباران و هه‌وره‌برووسكه‌ی كه‌م هه‌یه، کە له جێگایه‌ک بۆ جێگایه‌كی دیکە جیاواز دەبێت و پله‌ی گه‌رما چوار پله نزم دەبێتەوە."
وەکو محەممەد کەمال دەڵێت، "سێشەممە کەشوهەوا ناسه‌قامگیر دەبێت و زیاتر چڕدەبێتەوە بۆ هەموو ناوچەکان، ئه‌گەری تاوە بارانی به‌خوڕ به‌شێوه‌ی ناوبه‌ناو هه‌یه، له‌گه‌ڵ بارینی ته‌رزه و هه‌وره‌برووسكه‌ی توند له هه‌ندێ شوێن."
بە گوتەی ئەو کەشناسە، "به‌هۆی زیاتر دابه‌زینی پله‌ی گه‌رما ئه‌گەری به‌فربارین له سنووری حاجی ئۆمه‌ران هه‌یه."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ