رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر نزیکبووەتەوە لە دوو ملیۆن کەس، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکیش دەڵێت، "بڕیارە ئەمساڵ پسوولەی خۆراک بە ئەلیکترۆنی بکرێت، بەڵام هێشتا کارەکان بە سستی بەڕێوەدەچن."
رۆژی چوارشەممە، 1-2-2023، سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاربوو فۆرمی خۆراک بە ئەلیکترۆنی بکرێت و سەرەتای ئەمساڵ لە شاری دهۆک و لە شاری نەجەف دوو بنکە بە نموونە وەربگیرێن و فۆرمەکانیان بە ئەلیکترۆنی بکرێت و دواتر ئەگەر سەرکەوتوو بوو، بەسەر هەموو عێراق گشتگیر بکرێت و جێبەجێ بکرێت."
سیامەند قادر نانەکەلی گوتی، "ئەگەر فۆرمی خۆراک بە ئەلیکترۆنی بکرێت، ئاسانکاریی زیاتر بۆ خەڵک دەکات و دەبێتە هۆکاری ئاسانکردنی کارەکانی هاووڵاتییان لە فەرمانگەکان و تەنیا دەتوانرێت لەنێو مۆبایل وێنەی هەڵبگیرێت بۆ کاتی مامەڵە، هەروەها ساختەکردنیشی ئاسان نییە، جگە لەوە رزگارمان دەبێت لە کاخەز."
بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارە ئەمساڵ بڕیاری بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە هەموو عێراق فۆرمەکە ببێتە ئەلیکترۆنی."
سەبارەت بە بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانەشی کە مووچەکانیان زۆرە و باری داراییان باشە، قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، "لە ساڵی 2015ـەوە حکومەتی عێراق ئەو پڕۆژەیەی هەیە، بەڵام هەموو ساڵێک بە پاساوێک جێبەجێی ناکات، ئێستا وەزارەتی بازرگانیی عێراق چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی بۆ بڕوات و دواتر فەرمانی وەزاریی پێ دەربکات."
تایبەت بە ناوەڕۆکی بڕیارەکە؛ سیامەند قادر نانەکەلی باسی لەوە کرد، "بەپێی بڕیارەکە ئەو کەسانەی کە مووچەکانیان دوو ملیۆن دینار و زیاترە بەشەخۆراکیان نادرێتی، بەڵام کۆبۆنی خۆراکیان بۆ مامەڵە و کارەکانیان هەر دەمێنێت."
بەپێی دوایین ئاماری مانگی شوباتی ساڵی 2023؛ ژمارەی ئەو خێزانانەی کە کۆبۆنی بەشەخۆراکیان هەیە لە هەولێر؛ 484 هەزار و 917 خێزانن کە دەکاتە یەک ملیۆن و 942 هەزار و 279 کەس، هەروەها سێ هەزار و 465 منداڵیش لە تۆماردا هەن کە بێسەرپەرشتن، بەوپێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لەنێو پسوولەی خۆراک تۆمارن دەگاتە ملیۆنێک و 945 هەزار و 744 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ