کۆنسووڵی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان: پشتیوانی گەنجان دەکەین پڕۆژەی بازرگانی دابمەزرێنن

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ  یۆرت پۆستموس، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆرت پۆستموس، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە رێگەی پڕۆژەیەکی فراوانەوە هەوڵ دەدەن کۆمپانیا هۆڵەندییەکان زیاتر ئاشنای هەرێمی کوردستان بکەن تاوەکو بازرگانی و وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکەن و پڕۆژەشیان هەیە بۆ هاریکاری و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان بۆ بازاڕی کار و کارسازی.
 
یۆرت پۆستموس، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووری و کشتوکاڵ و سەرچاوە مرۆییەکان و دۆزینەوەی بازاڕی کار چ بۆ کۆمپانیا هۆڵەندییەکان لە هەرێمی کوردستان و چ بۆ گەنجانی خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
دەقی هەڤپەیڤینی یۆرت پۆستموس، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر:
 
رووداو: کاتێک ئەم هەڤپەیڤینە دەکەین کە بازاڕی گەنجان کراوەتەوە و تۆ لێرەیت، دەزانم کاتێک باس دێتە سەر بەهرەی گەنجان و بونیادنانی تواناکانیان هەموو کۆنسووڵە هۆڵەندییەکان سەرنجی دەدەنێ، بۆیە ئەمڕۆ دەمەوێت بزانم هەستت چۆنە، لە بازاڕەکە چیت بینی؟
 
یۆرت پۆستموس: بێگومان گەنجان بە لای ئێمەوە گرنگن، لە کردنەوەی بازاڕی گەنجان ئامادە بووین و هەستێکی باشمان لەوێ بۆ دروستبوو کە ئەو هەموو شتە جیاوازە پیشان درابوون، ئەوە زۆر خۆشحاڵی کردین و پێموایە گەرموگوڕییەکی زۆری تێدایە، بە راستی هیوادارم خەڵک کاتی خۆیانی بۆ تەرخان بکەن.
 
رووداو: ئایا هیچ جۆرە بازرگانییەک یان بازرگانییەکی بچووک هەیە کە ئێوە بە دڵتان بێت و بیری لێ بکەنەوە وەکو بازرگانییەکی بچووک یان دەستپێشخەرییەکی بازرگانی؟
 
یۆرت پۆستموس: بەڵێ، چونکە پێموایە یەکێک لە پڕۆژەکانمان کە زۆر بەنێوبانگە گۆشەی پرتەقاڵییە کە سەرنجی لەسەر کارسازی و کارسازیی گەنجانە، من هەمیشە حەزم لە خواردنی نەریتییە؛ ئەوانەی خەڵک هەوڵدەدەن بە حەز و خوولیای خۆیان دروستیان بکەن، حەزم لە شتە دەسکردەکانە، ئەم جۆرە شتانە لای من خوازراون.
 
رووداو: ئێمە رووماڵی چالاکیی دیکەمان کردووە کە هۆڵەندا پشتیوانیی کردوون. هەروەها بە لای کەمەوە لەم چوار- پێنج ساڵەدا هەڤپەیڤینمان لەگەڵ هەموو کۆنسووڵە گشتییەکانی هۆڵەندا دا کردووە، بۆیە دەزانم یەکێک لە سەرنجە سەرەکییەکانی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئابووری و لەسەر کشتوکاڵە، بە تایبەتی لە بواری ئابووریی سپی و بونیادنانی توانای گەنجان، بۆچی هۆڵەندا بە تایبەتی سەرنجی لەسەر گەنجانە؟
 
یۆرت پۆستموس: ئەم کارە وێڕای ئەو بیرۆکەیەی کە زیادی دەکات، گەنجان داهاتوون و پێکهێنەری داهاتووی کۆمەڵگە و حکومەتن. ئەمەش راستییەکە و لەسەر کات وەستاوە، ئاشکرایە کە گەنجان داهاتوویان هەیە ئەوەش پەیوەندیی بە بیرۆکەوە هەیە، ئەوە شتێکی زۆر گرنگە و راستییەکەی ئەوە یەکێک بووە لە کارە لەپێشینەکانمان کە سوود لەو بەهرە و لێهاتووییانە وەربگرین کە لە هۆڵەندا و لە دەرەوەش هەمانن، بۆیە ئێمە لە کشتوکاڵدا ناسنامەیەکی بەهێزمان هەیە و دەتوانین ئەو زانیارییەیش لە هەرێمی کوردستان بەکاربهێنین هەمان قسەش بۆ کارسازی و لاوانی کارساز راستە، ئێمە لە هۆڵەندا بەوە بەناوبانگین کە سیستمێکی ئابووریی کارسازیی کراوەمان هەیە و حەز دەکەین ئەزموونەکەمان و شارەزاکانمان ببەینە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی بزانین تاوەکو چ ئاستێک دەتوانین پشتیوانیی گەنجان بکەین و گەشە بە بازرگانییەکانیان بدەین و بازرگانیی خۆیانیان بۆ دابمەزرێنین، لە کۆتاییدا ئەمە دەبێت ئابووری هەمەچەشن بکات و پشتیوانیی کەرتی تایبەت بکات و وا لە ئابووری بکات زیاتر خۆگونجێن بێت.
 
رووداو: پڕۆژەیەکی وەک بازاڕی گەنجان چۆن پشتیوانیی گەنجان دەکات کە دەستیان بە دەرفەتەکان بگات و زیاتر گەشە بە پیشەکەیان بدەن؟
 
یۆرت پۆستموس: فەلسەفەی ئەم کارە هەر زۆر سادەیە، ئێمە لە پڕۆژەی گۆشەی پرتەقاڵیدا پشتیوانیی کارسازانی گەنج دەکەین بازرگانی دابمەزرێنن، هەمیشە بایەخ بەوە دەدەین گوێ لە بەشداربووەکان بگرین و دەبێت لە هەندێک شتی دیاریکراودا خۆمان باشتر بکەین و ئەو تێبینییەی زۆر دووبارە بووەتەوە ئەوەیە ئەو کارسازانەی بازرگانیی خۆیانیان بنیادناوە دەرفەتیان نییە بەرهەمەکانیان بفرۆشن، بە دڵنیاییەوە ئێستا زۆرینەی فرۆش لە رێگەی ئینتەرنێتەوەیە، بەڵام ئەگەر شوێنێکت بۆ پیشاندانی بەرهەمەکەت هەبێت، تێیدا ون دەبێت، هەروەها دەرفەتیش بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێنێت کە هێشتا دەستیان بە بازرگانییەکەیان نەکردووە و بەرهەمی دەستی دووەمیان هەیە و حەز دەکەن بیفرۆشن تاکو بزانن کارەکەیان سەر دەگرێت یان نا، کاری لەم جۆرە دەتوانێت سوود بە کارسازەکان بگەیێنێت.
 
رووداو: وێڕای ئەم پڕۆژە تایبەتەی بازاڕی گەنجان، دەزانم ئێوە وەک هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەی درێژخایانتان لە بواری کشتوکاڵ و ئابووری هەیە، هەروەها ئاگاداری گۆشەی پرتەقاڵیم و بیستوومە کە هەندێک کەس سوودیان لێ بینیوە، ئایا دەتوانیت لە بارەی پڕۆژەی ئێستای هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بەرچاو روونییەکم بدەیتێ، ئەگەر بکرێت لە ئابوورییەوە دەستپێبکەین و پاشان باسی کشتوکاڵم بۆ بکەیت؟
 
یۆرت پۆستموس: دەبێت بڵێم کە گۆشەی پرتەقاڵی پڕۆژەیەکی چەندساڵەیە و چەند ساڵێک بەردەوام دەبێت و تاوەکو چەند ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت، هەموویشی بۆ ئەوەیە پشتیوانیی کارسازە گەنجەکان بکرێت و ئەو ئامڕازانەیان بدرێتێ کە چۆن بازرگانیی خۆیان دابمەزرێنن وەک خۆمان دەیڵێین، ئەمە پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنە هەروەها پارەیەکی هاوکاریمان بۆ نوێگەری هەیە کە زیاتر لە هاندانە ئەگەر کەسێک هەر خۆی بازرگانییەکەی تۆزێک پێگەیشتبێت ئەوە دەتوانێت یارمەتیی بدات بگاتە ئاستی دواتر، ئەوە هەموو شتێکە لەبارەی کارسازییەوە هاوکات پار لەپاڵ ئەمەدا پڕۆژەی فڕۆکەوانمان بۆ گەنج خستنەسەرکار هەبوو ئەمەشمان بە هاوکاریی ناوەندی گەشەپێدانی کاری پێنج زانکۆ کرد و تایبەت بوو بە دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان خوێندکارانی زانکۆ و کەرتی تایبەت، بە تایبەتی سەرنجی لەسەر فێرکردنی کارە، چونکە لە هۆڵەندا ئەوە زۆر ئاساییە کە لە ماوەی خوێندنەکەتدا بچیت لە کۆمپانیایەک فێری کار ببیت، بەڵام سەرنجمان داوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوە زۆر باو نییە، بۆیە هەوڵ دەدەین تۆزێک ئەوە بخەینە سەر پێ و کۆمپانیاکان لەو زانکۆیانە نزیک بکەینەوە و بزانین دەتوانین ئەو خوێندکارانە رابهێنین، بێگومان ئامانجیشمان ئەوەیە لە کۆتاییدا ئەو خوێندکارانە بە هەمیشەیی دابمەزرێن، بەڵام ئەگەر دانەمەزران ئەوە گرفتێکی گەورە نابێت، چونکە خوێندکارەکە لەو راهێنانەوە ئەزموونێکی بەنرخی دەست کەوتووە جا ئەوە پڕۆژەیەکە کە ئەم ساڵ تەواو بووە، بەڵام هیوادارین بتوانین لەسەری بەردەوام بین.
 
رووداو: ئایا ئەنجامەکەی باش بوو؟
 
یۆرت پۆستموس: بەڵێ، ئێستا ژمارەی تەواوم لا نییە، بەڵام زۆر مایەی دڵخۆشییە، هەر بۆیە چاومان لەوەیە بە قەبارەیەکی گەورەتر بەردەوام بین، پێموایە ئەوە داهاتووی ئەم جۆرە پڕۆژانەیە و خەریکین پڕۆژەیەک بە ناوی "پێکەوە شارەکەم دروستبکە" سەرپێ بخەین، ئەوەش هەر بە هاوکاریی زانکۆکانە و ئەمەیان زیاتر لەسەر ئەوەیە سەرنجی گەنجان یان خوێندکاران لەگەڵ زانکۆکاندا رابکێشێت کە لە شێوەی کارێکی بەکۆمەڵدایە بۆ ئەوەی بەسەر ئەو بەربەستانەدا زاڵ ببن کە کۆمەڵگەی نێوخۆیی رووبەڕوویان دەبێتەوە تاوەکو بگەنە بیرۆکە و چارەسەرێکی داهێنەرانە، ئەمە شتێکە کە دەمانەوێت دەستی پێبکەین، دەبێت چاوەڕێی ئەنجامەکانی بکەین، بەڵام پڕۆژەیەکی جوانە و لە شوێنی دیکەی جیهان کردوومانە و سەرکەوتووش بووە، بۆیە لەو لایەنەوە گەشبینین.
 
یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانمان بەرنامەی "شەراکە"یە. ئەمەشیان زیاتر خولی کورتخایەنە کە لە هۆڵەندا دەکرێنەوە و لەسەر بابەتی جۆراوجۆرن، هەمیشە بابەتەکان دەگۆڕێن. هەروەها سکۆلارشیپمان هەیە کە لە چاو خولە کورتخایەنەکاندا زۆر سنووردارن، بەڵام هێشتا هەر پێشکەشیان دەکەین.
 
 
رووداو: بەر لەوەی بچینە سەر بابەتی کشتوکاڵ، ئەم پڕۆژەی "شەراکە"یە سەرنجڕاکێشە، کەسێک چۆن دەتوانێت لە هۆڵەندا لە خولی کورتخایەن بەشداریی بکات و بەهرەکانی بنیاد بنێت، هەروەها دەمەوێت زیاتر تیشک بخەیتە سەر ئەو سکۆلاشیپانەی کە ئێستا بە عێراق و هەرێمی کوردستانیان دەدەن چین؟
 
یۆرت پۆستموس: پێموایە ئاسانترین رێگە بۆ دەستکەوتنی هەموو زانیارییەکان لەبارەی ئەم پڕۆژەیەوە ئەوەیە سەردانی ماڵپەڕەکەمان بکەن، پێموایە ئەگەر بەس لە گووگڵ بنووسیت "شەراکە" و هۆڵەندا ئەوا دەستبەجێ دێتە بەردەستت، وەک ئاماژەم پێدا ژمارەیەکی زۆر بابەتی جۆراوجۆر هەن کە دەکرێت بابەتی وەک بەڕێوەبردنی بازاڕی تێدا بێت، هەموو جۆرە بابەتێکی تێدایە و بەردەوام دەگۆڕێن و بە گشتی چەند هەفتەیەک دەخایێنن و لە هۆڵەندا پێشکەش دەکرێن لەلایەن پەیمانگەی زانیاریی هۆڵەنداوە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت، بەشێک لە بەرنامەکە بۆ ئەوەیە ئەوانەی دێنەوە وڵاتی خۆیان پلانی دەستبەکاربوون دابنێن، بۆیە کاتێک کەسێک لە بەرنامەکەدا وەردەگیرێت، دەبێت هەندێک بیرۆکە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، بۆ نموونە ئەگەر لە کەرتی تایبەتدا کاربکەیت، دەبێت بیرۆکەیەک بهێنیت لەسەر گرفتێک کە کۆمپانیاکەت کاری لەسەر دەکات، ئەگەر کارمەندی حکومەتیت، ئاخر بەرنامەکە ئامانجی کارمەندانی حکومیشە، دەبێت گرفتێک دیاری بکەیت کە ئێستا هەیە، واتە گرفتێکی راستەقینە بێت و لە وەزارەتەکەت یان فەرمانگەکەتدا هەبێت تاوەکو لە ماوەی خولەکەدا وەک ئامڕازێک بەکاربهێنرێت و چارسەر بکرێت و چارەسەرەکە بهێنرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆت، خۆشبەختانە ئەمە شتێکی کردووە کە دەتوانن کاری لەسەر بنیادبنێن.
 
رووداو: بە چارەسەرەوە دەگەڕێیتەوە وڵاتەکەت؟
 
یۆرت پۆستموس: بەڵێ، چارەسەر یان بە لای کەمەوە بەشێک لە چارەسەر، ئەوە بیرۆکەکەیە و پێموایە لەبەر ئەوەی بەردەوام زنجیرەیەک لەم خولانە هەن کە ئێستاکە راگیراون، بەڵام ئەگەر خەڵک لە وێبسایتەکەدا بەدوایدا بچن، ئەوا ئێمە هەمیشە ئەو خولانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمانەوە رادەگەیێنین. ئەو کاتە خەڵک دەتوانن بە هەموو مەرج و وردەکارییەکانیەوە لەسەر ئینتەرنێت بیدۆزنەوە کە چۆن داواکاری پێشکەش بکەن.
 
رووداو: ئێستا چ سکۆلارشیپێکتان بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان عێراق هەیە؟
 
یۆرت پۆستموس: راستییەکەی سکۆلارشیپی زۆرمان نییە، هەمیشە چەند دانەیەکن، ئێستا دڵنیا نیم چیمان هەیە، زۆرینەی جار بە گشتی بۆ خوێندنی ماستەرن و بابەتەکانیشیان دەگۆڕدرێت، پێموایە دەتوانیت هەر لە هەمان ماڵپەڕدا زانیاریی لەسەر دەستبخەیت، بەڵام بە داخەوە چوار- پێنج دانەن، راستییەکەی شێوازی ئەوە زۆر جیاواز نییە و زۆر لە شێوازی خولە کورتخایەنەکان بچووکترە.
 
رووداو: ساڵانێکە دەزانم کە بابەتی کشتوکاڵ لە کۆنسووڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لەنێو کارە لەپێشینەکانتاندا یەکێکە لە بابەتە لەپێشترینەکان، ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵدا چیتان هەیە؟
 
یۆرت پۆستموس: ژمارەیەک پڕۆژەی قەبارە بچووک هەن بەشێکیان پێی دەڵێین خولی قوتابخانەی جووتیارانی کێڵگە کە بریتییە لە کردنەوەی وۆرکشۆپ بۆ جووتیار بچووکەکان و بە زۆری بابەتەکان لەبارەی تەندروستیی ئاژەڵانەوە دەبن و وانەیان دەبێت لەسەر ئەو شتانەی گرنگە بیکەن و بەهەندیان وەربگرن کە کەسانی شارەزا پێیان دەڵێنەوە، بەڵام وێڕای ئەوانە پڕۆژەشمان هەیە چاوی لە هاوکارییە لەنێوان پەیمانگەی زانیاریی هۆڵەندی و ئەوانەی هەرێمی کوردستان هەروەها برەودان بە بازرگانیی کشتوکاڵی یەکێکە لە پڕۆژە زۆر گرنگەکان کە ئەمەیان زیاتر پڕۆژە نییە، بەڵکو بابەتێکی بەردەوامە، بەڵام ئەوەندەی بتوانین هەوڵ دەدەین سەرنجی کۆمپانیا کشتوکاڵییە هۆڵەندییەکان رابکێشین بۆ هەرێمی کوردستان و لەگەڵ کۆمپانیا کوردییەکاندا یەکدی ببینن تاوەکو بگەنە هاوکاری بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی لە بازاڕ تێبگەن، ئەوان لێرە بەدوای دەرفەتەکاندا دەگەڕێن، چونکە ئێمە نموونەی سەرکەوتوومان هەبووە لەلایەنی ئەو کۆمپانیا کردەییانەوەی هاتوونەتە ئەم هەرێمە و لەگەڵ کۆمپانیا نێوخۆییەکاندا کاریان کردووە و توانیویانە بازرگانیی زۆر سەرکووانە دابمەزرێنن.
 
رووداو: ئایا هیچ ئامارێکتان هەیە بۆ نموونە لە بواری کشتوکاڵدا ساڵانە چەند کەس سوودمەند دەبن، یان لە تەواوی پڕۆژە جیاوازەکانتاندا چەند گەنج بەشداریی دەکەن؟
 
یۆرت پۆستموس: راستییەکەی سەختە بە تەواوەتی ئەوە بڵێم، بێگومان بە شێوازی جیاواز هەزاران کەسن، بۆ نموونە قوتابخانەی کێڵگەی جووتیاران کە وانە و دانیشتنی جۆراوجۆریان هەیە کە هەر کۆمەڵەیەکیان 20 بۆ 30 جووتیار بەشداری دەکەن، ئینجا ژمارەیەک وانەمان هەیە بۆیە ژمارەی بەشداربووەکان زیاد دەکات، بەڵام ئەگەر سەیری ئەو پڕۆژەیە بکەیت کە بۆ گەشەپێدانی زنجیرەی خۆراکیی پەتاتە بەشداریی تێدا دەکەین، یەکێک لە هاوبەشەکانمان لەو بوارەدا لە بازاڕی گەنجاندا بەشدارە، ئەوەیش راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلی کار دەڕەخسێنێت، بۆیە بێگومان ژمارەکە هەزارانە، بەڵام بە رێگەی جیاواز.
 
رووداو: ئێستا چەند کۆمپانیای هۆڵەندی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن؟
 
یۆرت پۆستموس: سەختە بتوانم ژمارەیەکی تەواوت بدەمێ، چونکە کۆمپانیا هەیە دێنە ئێرە و خۆیان کارەکانیان دەکەن، بەڵام زۆرێکیش هەن کە هاوبەشی نێوخۆییان هەیە، واتە بریکاری کوردیان هەیە کە بەرهەمەکانیان دەفرۆشن یان شارەزاکانیان دەهێنن، پێموایە ئەگەر باسی تێکەڵبوونی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان بکەین، ئەوا دەتوانم بڵێم کە نزیکەی 20 بۆ 30 کۆمپانیا دەبن کە یان خۆیان لێرەن یان لەگەڵ بریکارە نێوخۆییەکانیاندان.
 
رووداو: ئاڵنگاریی  کە لە زیادکردنی ئەو ژمارەیەدا رووبەڕووتان بووەتەوە بۆ ئێوە و بۆ کۆمپانیا هۆڵەندییەکانیش چییە؟
 
یۆرت پۆستموس: یەکەم ئاڵنگاری کە رووبەڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە هەرێمی کوردستانی عێراق بخەینە ناو زانیاری و خواستەکانیانەوە، ئەوان دەبێت بزانن کە ئەم هەرێمە هەیە، چونکە ئەگەر ئەوان زۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەبووبن، ئەوا هێشتا هەندێک کەس و کۆمپانیا هەن کە نایناسن. راستە دەزانن عێراق هەیە، بەڵام لە عێراقدا چەند ناوچەیەک هەن، دەتوانین بڵێین کە یەکەم بەربەست ئەوەیە وایان لێ بکەیت ئاگاییان هەبێت و پێی بزانن، هەروەها هەمیشە کاتێک کۆمپانیاکان دەیانەوێت گەورە و فراوانبن، دەیانەوێت بزانن ئاخۆ لەو شوێنە بازاڕیان هەیە یان نا، بۆیە هەندێکجار سەختە بتوانن ئاماریان دەستبکەوێت تاکو بزانن بە دروستی توانای بازاڕ لە هەرێمی کوردستان یان تەواوی عێراقدا بۆ کۆمپانیاکانیان چۆنە، هەر لەبەر ئەوەیە ئێمە پشتیوانیی ئەو لێکۆڵینەوانە دەکەین کە هەندێک بەرچاوڕوونی بۆ ئەو کۆمپانیایانە دابین دەکەن تاوەکو بزانن کارکردی بازاڕەکان لێرە چۆنە و توانایی بازاڕ چۆنە. هەروەها سەروکاریشمان لەگەڵ راوێژی گەشتیاریدا هەیە کە سەروکاری لەگەڵیدا قورسە. هەرێمی کوردستان لە سیستمەکەماندا بە پرتەقاڵی پۆلێن کراوە.
 
پرتەقاڵی مانای وایە کە تۆزێک گونجاوە، بەڵام سەرنجمان داوە کە بە راستی پێویستمان بەوەیە هەندێک کۆمپانیا ناچار بکەین. بۆیە لەگەڵ راوێژکاری گەشتیاریی پرتەقاڵیدا کاردەکەین، چونکە پێویستت بەوەیە ئاگایی پێشوەختە دەست بخەیت و ئاگات لە هەندێک پڕکێشی بێت و بزانیت کە ئەگەر بێیتە ئێرە دەکرێت چی رووبدات. بۆیە دەبێت سەیری خۆت بکەیت. بۆیە دەڵێم دروستکردنی ئاگایی و پێدانی روونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەم هەرێمە و توانایی بازاڕ گرنگترین شتن بۆ ئێمە تا بەوانیان بدەین. بەڵام دەبینین کە ژمارەی کۆمپانیاکان زیاد دەکات، ئەوەیش هاندەرە.
 
رووداو: لە رێگەی کەمێک هەڵمەتی ئاشناکردنەوە بۆ ئێوە ئاسانتر دەبێت کە کۆمپانیاکان قایل بکەن، ئەو کاتە پێویست ناکات دەست بکەن بە ناساندنی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیاکان، کە مەبەستم لە ئاشناکردن بانگەشە و بازاڕسازییە بۆ هەرێمی کوردستان لە هۆڵەندا، رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان چییە؟
 
یۆرت پۆستموس: هەر هاووڵاتییەکی هۆڵەندی - کورد لای خۆیەوە باڵیۆزێکە بۆ هۆڵەندا و بۆ کۆمپانیاکانی هۆڵەندا، ئێمە بە لای کەمەوە هیوای ئەوە دەخوازین وابن، راستە کە هەموویان لە بازرگانیدا چالاک نین، بەڵام بێگومان ئەو کارە یارمەتیدەرە، ئینجا لەبارەی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێموایە هەوڵ دەدەین ئەوەندەی بتوانین هاوکاری بکەین پێموایە حکومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی باشی کردووە لە سیستمی ئابووریدا بۆ کۆمپانیاکان و زیاتر سەرنجڕاکێشی کردووە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان تاوەکو بێنە هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە لەسەر رێگەیەکی دروستین و وەک گوتم هەوڵ دەدەین ئەوەندەی بتوانین لەسەر بابەتە جیاوازەکان هاوکاری بکەین تاوەکو دۆخێکی گونجاو دروستبکەین بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بهێنینە ئێرە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە