لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا: دەمانەوێت هەرێمی کوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە

25-06-2023
یورگین تریتن، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەوزەکان
یورگین تریتن، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەوزەکان
نیشانەکردن سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو - ئەڵمانیا

گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، بۆ ئەوان گرنگە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بە بەهێزی بمێنێتەوە و ئامادەن لەو بوارەدا هاوکاریی زیاتر پێشکێش بکەن. لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو وڵاتە گوتی، ئەمە دەرخەری پەیوەندییە باشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە.
 
یورگین تریتن، گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەوزەکان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو کە ئاڵا شاڵی لەگەڵی ئەنجامی دا، رایگەیاند، پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستاندا هەیە. لەبارەی دۆخی عێراق و پێگەی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا دەڵێت، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە عێراق لاواز و ناسەقامگیر نەبێت، پێویستە هەولێر و بەغدا ناکۆکییەکانیان لەگەڵ یەکتردا یەکلایی بکەنەوە، چونکە "ئێمە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی بەهێز و ئاوەدان بێت لەوێ."
 
گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی هاوکاریی زۆری کوردانی ئێزدی کردووە و لە رێگەی بەرنامەیەکی تایبەتەوە رێگەی دا دەیان کوردی ئێزدی بچنە ئەڵمانیا. گوتیشی، هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ کوردانی ئێزدی بەردەوام دەبێت.
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گورگین تریتن:
 
رووداو: بەڕێز تریتین زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. وەکو بەڕێزتان ئاگادارن رۆژی دووشەممە راوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵتز لە ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە چەند گرنگە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، هەروەها بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بۆ پارتەکەی ئێوەش. 
 
یورگین تریتن: زۆر گرنگە، چونکە ئێمە لە مێژە مێژوویەکی هاوبەشمان لەگەڵ کوردستانی عێراق وەک ئەڵمانیا هەبووە، حکومەتی دەوڵەتی سەوز و سوور لە هەرێمی نیدەرساکسن و نۆردڕاین- ڤێستفاڵن هەبووە لەو کاتەدا بە فەرمی هەموو عێراق لە ژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێندا بوو، لەگەڵ حکومەتی هەرێم لەوێ لەگەڵ بەڕێز بارزانی لەگەڵ بەڕێز تاڵەبانی و لایەنەکانی ئەوێ دەستمانکرد بە کارکردن پێکەوە و هاوکاریمان کردن و هەندێک کاری گەشەپێدانیان کرد. پێموایە دەربڕینی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی هاوکات دەربڕینی پەیوەندییە باشەکانی نێوان کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا و باکووری عێراقە. 
 
رووداو: بابەتەکان زۆرن کە رەنگە هەردوولا پێویست بکات باسی بکەن، بەتایبەتی کە ئێستا هەندێک کێشە لە نێوان بەغدا و هەولێر هەن و چارەسەر نەکراون. هەرێمی کوردستان ئێستا هەست دەکات بەغدا دەیەوێت دەسەڵاتەکانی کەم بکاتەوە و پێگەکەی لاواز بکات، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان خەڵکی نیگەران کردووە. فراکسیۆنەکەی ئێوە چۆن دەتوانن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی ئەو سەقامگیرییەی هەیە، بەردەوام بێت.
 
یورگین تریتن: لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە کە عێراق لاواز و ناسەقامگیر نەبێت. لەڕاستیدا لە چەند مانگی رابردوودا پێشهاتی تاڕادەیەک ئەرێنی روویداوە تائەو شوێنەی پەیوەندی بە رۆڵی عێراقەوە هەیە لە تەواوی ناوچەکە، مرۆڤ دەبێت بڵێت ئیدیعای چینییەکانە گوایە نێوەندگیرییان کردووە لە نێوان سعودیە و ئێران، بەڵام لە راستیدا دەستپێشخەرییەکە لەم پرۆسەیە لەڕێگەی عێراقەوە بووە. بەم مانایە پێموایە، بەم رۆحەوە پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ یەکتردا یەکلایی بکەنەوە، چونکە روونە کە ئێمە نامانەوێت یەکپارچەیی خاکی عێراق بخەینە ژێر پرسیارەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی بەهێز و ئاوەدانبێت لەوێ. ئەوە روونە دەزانین ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، فۆرمی بەشداریکردنی  حکومڕانی بە گشتی سەرکەوتوو نەبێت، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و ئەنجامەکەی تیرۆرە.
 
رووداو: بەڕێزتان ئێستا ئاماژەتان بە تێرۆر دا، ئایا ئێوە پێتانوایە داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە و دەبێ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام بێت؟ پارتەکەی بەڕێزتان و حکومەتی ئەڵمانیا چۆن دەتانەوێت پشگیریی پێشمەرگە بکەن لە شەڕی دژی داعش دا. 
 
یورگین تریتن: ئەمە دوو پرسیار لەخۆدەگرێت، یەکەم ئایا داعش کۆتایی هاتووە، نەخێر، داعش هێشتا مەترسییە، بەڵام ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن و فۆرمی بەشداریکردنی حوکمڕانی بە گشتی سەرکەوتوو نەبێت، ئەوە دەبێتە هۆی دووبارە بووژاندنەوەی داعش. لەلایەکی دیکە دەبینین لە هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیە نییە، بۆیە پێکەوە کار دەکەین پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە، بەڵام لێرەدا دەبێت بڵێم لە کوردستانی عێراقدا دەبێت حوکمڕانی بەشدارانە هەبێت، بەدەرکردنی هێزە سیاسییەکانی دیکە، دابەشکردنی وڵات لە نێوان گرووپە بەرژەوەندییە جیاوازەکاندا سیاسەتێکە نابێت بەردەوام بێت.
 
رووداو: بەڕێز تریتین، خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆشەویستییەکی زۆری هەیە بۆ ئەڵمانیا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەڵمانیا بەچەک هاوکاریی پێشمەرگەی کرد. ئومێدیان بە ئێوە زۆرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. پەیوەندیی پارتەکەی ئێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆن وەسف دەکەن؟
 
یورگین تریتن: وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، پەیوەندیی باش لەنێوان پارتەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و سەوزەکان هەیە، سەردەمی حکومڕانی دەوڵەتی سوور-سەوز و سەوز- بزوێنەر بوون و یارمەتیدەر بوون لە دەستپێکەوە لە دروستکردنی فۆرمی بنیاتنانی حکومەتێکی هەرێمیی ئوتۆنۆم، بێگومان دەمانەوێت هاوکاری بەم رۆحەوە بەردەوام بێت لەگەڵ کوردستان، بەڵام ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایە روودەدات کە حوکمڕانییەکی باش بەبێ دوورخستنەوە و بەبێ زیندانیی سیاسی و هەروەها پاراستنی ئازادیی رادەڕبڕین. 
 
رووداو: بەڕێزتان دەزانن پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری لەسەر بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دەرکرد، ئێستا ئەڵمانیا بۆ جێبەجێکردنی چ دەکات بۆ ناوچەی شنگال و ئاوارەکانی ئێزدی لە کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیا؟ ئەڵمانیا دەیەوێت بەجدی چی بکات بۆ ئێزدییەکان؟ 
 
یورگین تریتن: ئێمە هاوکاریی جیاوازمان پێشکێش بە ئێزدییەکان کرد، یەکەم ژمارەیەکی زۆری ئێزدی کە نەیانتوانی چیدیکە لەوێ بژین، لە رێگەی بەرنامەیەکی تایبەتەوە هێنرانە ئەڵمانیا، هەروەها لەلایەکی دیکەوە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی لەوێ دەژین لە رێگەی یارمەتییە مرۆییەکان و، بێگومان هاوکارییەکانمان بەردەوام دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە