سەعید جەیاشی: نابێت هیچ چالاکییەکی سەربازی لە کەمپی مەخموور ئەنجامبدرێت

25-02-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئەمنی لە راوێژکارێتیی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، هەڵوێستی عێراق لەبارەی کەمپی مەخموور ئەوەیە کە پێویستە کەمپەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و نابێت هیچ چالاکییەکی دوور لە یاسای تێدا ئەنجامبدرێت.
 
سەعید جەیاشی، راوێژکاری ئەمنی لە راوێژکارێتیی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، رێگە بەهاتن و چوونی هەڕەمەکییانە بۆ کەمپی مەخموور نادەن، هەروەها رێگە بەدیاردەی چەکداری و جلوبەرگی سەربازی نادەن، چونکە ئەوە کەمپی پەنابەرانە و پێویستە رێز لە یاساکان بگیرێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینی سەعید جەیاشی لەگەڵ رووداو:
 
رووداو: گەورەترین ئەو کێشانەی لە کەمپی مەخموور بۆتان دروستدەبێت چین و ژمارەی ئەوانەی لەو کەمپەدا دەژین چەندە؟
 
سەعید جەیاشی: پێموایە کەمپی مەخموور کە خێزانە کوردەکانی پەکەکە لەخۆدەگرێت ئەوانەی پەنابەری تورکیا لەخۆدەگرێت، ئەمانە کێشە بۆماوەکانن، سەردەمی نوێ یان دوای ساڵی 2003 چەندین کێشەی کۆنی عێراق مابووەوە، کە بۆ پێش ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە، لەنێویاندا پژاک و پەکەکە و موجاهیدی خەڵق. حکومەت دەستیکرد بە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بەپێی دەستوور، چونکە دەستووری نوێی عێراق دەستوورێکی روونە و رێگە نادات خاکی عێراق بارەگا یان رێڕەوێک بێت یان شوێنێک بێت بۆ هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت. ئەمەش پابەندبوونێکی دەستوورییە و پێویستە لەسەر هەموو حکومەتەکان ئەو پابەندبوونە جێبەجێبکات لە رێگەی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی ئەو راستییە دەستوورییە بەدیدەهێنن.
 
کەمپی پەکەکە یان کەمپی پەنابەران لە مەخموور بە چەندین قۆناخدا تێپەڕیوە، پێش ساڵی 2014 رێکخستنێکی باش هەبووە و رێوشوێن هەبووە، بەڵام دوای رووداوەکانی ساڵی 2014 و فراوانبوونی گرووپە تیرۆریستییەکان و کۆنتڕۆڵکردنیان و پەڕینەوەی عێراق بۆ کردەکانی رووبەڕووبوونەوە و خۆئامادەکردن بۆ ئەو رکابەرایەتییە گەورەیەی، کە رووبەڕووی عێراق بووەوە کۆنتڕۆڵ لەسەر ئەو کەمپە نەما و نەمانزانی چۆن دەبوو، بەڵام ئێستا پرسەکە گۆڕاوە، هاوئاهەنگییەکی باڵا هەیە، لیژنەی باڵای پەیوەند بە پەنابەرانەوە بە سەرۆکایەتیی بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراق سەرژمێری کەمپەکەی لەلایەن و چاودێریی کەمپەکە دەکات، جگە لەوە، راستە ئەوانە پەنابەرن و مافی پەنابەرێتییان پێبەخشراوە، بەڵام پێویستە لە رێکخستن و چاودێریی و پاراستن، لەژێر سەروەریی عێراقدا بن. فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق پلانێکی ئەمنیی بۆ پاراستنی ئەو کەمپە گرتووەتەبەر، تەنانەت پارەشی بۆ دابینکراوە و پەرژینی دەبێت و خاڵی چاودێریی تێدا دادەمەزرێنرێت و کامێرایان بۆ دابیندەکرێت، بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەوە بکرێت کە هەر جوڵەیەک لەنێو کەمپەکەوە بۆ دەرەوە و بەپێچەوانەشەوە لە دەرەوە بۆ نێو کەمپەکە تەنیا لە رێگەی کارگێڕیی کەمپەکەوە دەکرێت. هەرچی پەیوەندیی بەنێو کەمپەکەوە هەیە، نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر بنکەیەکی پۆلیسی تێدا کرایەوە، قوتابخانە و دامەزراوەی تێدا دەبێت و پێویستە لەلایەن لایەنە فەرمییەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێن و بەپێی سیستەمی دەوڵەت، نەوەک بەپێی سیستەمێکی نوێ، کە رەنگە ببێتە هۆی دروستکردنی تێڕوانین و کولتوورێک کە رەنگە راست نەبن، کارکردن لەم پێناوەدا دەکرێت.
 
ژمارەیان دەگۆڕێت، چونکە پێمگوتی راستییەکەی بە چەندین قۆناخدا تێپەڕیون، بەڵام ئێستا بەرەو قۆناخێکی نوێ چووین کە قۆناخی بەڕێوەبردن و پاراستن و رێکخستنە، جگە لەوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەو رووبەرەی وەکو پەنابەر پێیان دەدرێت تەواو نەبووە، بۆیە هێزی پۆلیسی نەینەوامان راسپاردووە کە بەردەوام لە دەوروبەری ئەو کەمپەدا بن بۆ پاراستنییان و رەنگە ئەگەر هاتن و چوونێکی ناڕێکخراو بۆ کەمپەکە هەبێت، هەندێک لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەدەکرێن ئەوەیە چەک هەیە و جووڵە هەیە و شتی دیکەش، حکومەتی عێراق رژدە لەسەر ئەوەی پرسەکە بەشێوەیەکی باش کۆنتڕۆڵبکات، رێز لە پەنابەر دەگرین، مافەکانی بۆ دابیندەکەین، بەڵام پێویستە رێز لە سەروەریی عێراق و یاساکانی و ئەو تایبەتمەندییە بگرێت کە لەنێو عێراقدا هەیەتی.
 
رووداو: هیچ پێشێلکارییەک لە کەمپەکەدا هەبووە؟
 
سەعید جەیاشی: بەدڵنیاییەوە زۆر، بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر کەمپەکە هەیە، کێشە هەیە، جوڵە هەیە لە ماوەکانی رابردوو وەکو پێمگوتی لە دوای ساڵی 2014ەوە، تەنانەت دەبوو لە بەڕێوەبردنی کەمپەکەشدا رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) هەبێت، چونکە بەڕێوەبردنێکی خۆماڵی و بەڕێوەبردنێکی نێودەوڵەتی هەیە، چونکە ئەوانە مافی پەنابەرێتییان هەیە، لەم پرسانەدا شڵەژاویی و هەندێکجار راوەستان هەبووە، 13 قوتابخانەمان لەنێو کەمپەکە هەیە پرۆگرامیان نازانین، نازانین کێ وانە دەڵێتەوە، بۆیە دووبارە رێکخستنەوە هەیە ئێستا، حکومەت گرنگییەکی راستەوخۆی پێداوە و لێژنەیەکی باڵای دروستکردووە، جگە لە لیژنەی تایبەت بە کاروباری پەنابەران، ئەرکی ئەو لێژنەیە ئەمنی و کارگێڕی و لەهەمان کاتیشدا خزمەتگوزارییە بۆ گەڕاندنەوەی کەمپەکە بۆ کۆنتڕۆڵ و رێکخستن بەپێی یاساکانی عێراق.
 
رووداو: هیچ رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا هەیە بۆ ئەوەی سوپای عێراق کۆنتڕۆڵی کەمپەکە بکات؟
 
سەعید جەیاشی: پێموایە پەیوەندییەکان و پەیامە ئاڵوگۆڕکراوەکان و گۆڕینەوەی بیروڕا لەنێوان حکومەتی عێراقی و تورکیا هەیە. هەڵوێستی عێراق ئەوەیە کە پێویستە ئەم کەمپە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بەپێی یاسای عێراقی دوور لە هەموو چالاکییەکی دوور لە یاسا بەڕێوەببرێت. لەهەمانکاتدا چونکە ئەوانە هاووڵاتیی تورکیان و ئەوە کێشەیەکە لەپێش ساڵی 2003ەوە هەبووە و بۆمان ماوەتەوە، ئەو خاڵەی کە حکومەتی عێراقی پابەندبوونی نیشانداوە تێیدا ئەوەیە ئەو کەمپە لەژێر بەڕێوەبردن و رێکخستنی ئەمنیی و خزمەتگوزاریی دەبێت بەپێی یاساکانی عێراق، لەگەڵ رەچاوکردنی تایبەتمەندێتیی ئەو کەسانە، بەڵام رێگە بەهاتن و چوونی هەڕەمەکییانە بۆ کەمپەکە نادەین، رێگە بەدیاردەی چەکداری نادەین، رێگە بەجلوبەرگی سەربازیی چەکداران نادەین، چونکە ئەوە کەمپی پەنابەرانە و پێویستە رێز لەیاساکان بگیرێت، بەڕێوەبەرایەتییەکی عێراقیی لە چەند لایەنێکی پەیوەند بەو کەمپەوە پێکهاتووە.
 
رووداو: رەوشی کەمپەکانی جەدعە و مەخموور چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
سەعید جەیاشی: جەدعە مەبەستمان لێی سەنتەری شیاندنەوەیە، واتە ناوەکەی کەمپ نییە، بەڵکو سەنتەری شیاندنەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، حکومەتی عێراق لەنیسانی ساڵی 2021 دایمەزراندووە و ئەمە یەکەمین جارە سەنتەرێکی شیاندنەوەی کۆمەڵایەتی دادەمەزرێت، سەنتەرەکە بۆ پێشوازیکردن لە خێزانە عێراقییەکان دروستکراوە کە لە کەمپی هۆلی سووریاوە دەگوێزرێنەوە بۆ عێراق.
 
 لەماوەی ئایاری ساڵی 2021 تاوەکو مانگی یەکی ئەمساڵی 2022، 450 خێزان گواستراونەتەوە کە نزیکەی هەزار و 780 کەسن، رێژەی زیاتر لە 86٪ی ئەوان لەخوار تەمەنی 18 ساڵییەوەن، بۆیە ئێمە قسە لەسەر کۆمەڵگەیەک دەکەین کە ئافرەت و منداڵن و تازە پێگەیشتووانن، سەنتەرەکە چالاکی تێدایە و پرۆگرامی تایبەت بۆ دووبارە شیاندنەوەی تایبەت بە ئافرەت و بە منداڵ و بەتوێژی گەنجانی نێو ئەو شوێنە هەیە و دەستکراوە بەشیاندنەوە تێیدا، لەنێویاندا کردنەوەی قوتابخانەیەکە بەهەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی یونسێف و وەزارەتی پەروەردەی عێراق، هەروەها چالاکییەکانی تایبەت بە منداڵان و ئافرەتان و تازەپێگەیشتووان لەبوارە پیشەییەکان بۆ گەشەپێدانی شارەزایی و توانای ئەو گەنجانەی لەوێن و لەچوارچێوەی ئەو کەسانەن کە لەو خێزانانەن و گەڕاونەتەوە، کارێکی گەورە دەکرێت ئێستا، نزیکەی 9 بۆ 10 دامەزراوەی حکومی، جگە لەرێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان کاردەکەن، ئەو رکابەرایەتییانەی رووبەڕوومان بوونەوە لە گواستنەوەی ئەو خێزانانە ئەوەیە هەموو منداڵان، کە تەمەنیان دەگاتە 16 بۆ 17 ساڵیش بەهیچ شێوەیەک نەخراونەتەبەر خوێندن و هیچ خوێندەوارییەکیان نییە، بۆیە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق کراوە بۆ دانانی کۆرسی خێرا و پشتبەستن بەخوێندنی خێرا، کە هەر چوار مانگ جارێک دەبێت، زیاتر لە 192 قوتابی پەیوەندییان بەقوتابخانەکەوە کردووە ، ئەوانی دیکەش لەسەرووبەندی پەیوەندیکردنن. دوای تەواوبوونی زانیارییەکانیان و دابینکردنی پرۆگرامی هەر توێژێک لەو کەسانە، سوپاس بۆ خوا سەرباری ئەوەی ئەزموونەکە نوێیە و بۆ یەکەمجارە حکومەتی عێراق هەنگاوێکی لەو جۆرە دەنێت کە بەسەرپەرشتی لێژنەیەکی باڵایە لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانەوە. سەرکەوتووبووین لەشیاندنی زیاتر لە 72 خێزان، کە دەکاتە نزیکەی 294 کەس دەبن و گەراندنەوەیان بۆ چوار پارێزگا، ئەوانەی شیاندنەوەیان بۆ کرا و ماوەی شیاندنەوەیان تەواوبوو گەڕێنراونەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و ئەوان ئێستا بەئاسایش و ئاشتی و تێکەڵییەوە لەکۆمەڵگەکانیان دەژین. ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەرکردنی کاروانی دووەم و سێیەم لە سەنتەری شیاندنەوەی جەدعە بۆ گەڕاندندەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان ئەوەی لەساڵی 2014 لێیەوە ئاوارە بوون.
 
رووداو: ئەوانەی کە شیاندنەوەیان بۆ کرا و گەڕێندرانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لەکام پارێزگایانە بوون؟
 
سەعید جەیاشی: لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین و کەرکووک و دیالە و ئەنبار.
 
رووداو: ئەوانەی ماون و شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت، چەند کات پێویستە تاوەکو ئەو کەسانە رادەهێنرێنەوە و شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت؟
 
سەعید جەیاشی: شیاندنەوە بەردەوامە، راستییەکەی 90 رۆژی پێدەچێت کە ناومان لێناوە هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکان و بەدیهێنانی سەقامگیریی دەروونی و هەڵسەنگاندنکردن لەسەر بنەمای بەدیهێنانی حاڵەتی دەروونی کەسەکان، ئاستی تووندڕەوی، کردەی کارلێکی پۆزەتیڤانە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو زیانانەی پێیانگەیشتوون، چونکە هەر خێزانێک چیرۆکێکی هەیە، هەر کەسێک چیرۆکێکی هەیە، تیمێکی ئاست باڵای حکومیی هەیە کە بەپێشنیازی بەڕێز راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق دروستکراوە و ناونراوە تیمی راوێژکاری مەیدانیی حکومی و لە 25 توێژەر پێکدێت. ئەم تیمە مانگانە لەگەڵیان دەژیت و هەموو مانگێک هەڵسەنگاندنی خێرا پێشکەش دەکات، ئێمە نزیکەی 200 خێزانمان هەیە ئامادەن و شیاندنەوەیان تێپەڕاندووە، لەماوەی ئامادەبوونیان لە سەنتەری جەدعە بۆ شیاندنەوە وردبینی یاسایی و ئەمنی و دادی و ناسنامەکانی باری شارستانی و پرسەکانی ئاسایش و تەندروستی و پرسەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی کە کێ دەگرێتەوە و کێ ناگرێتەوە، سیستەمێکی کارکردن هەیە لە ژمارەیەک دامەزراوەی یاسایی و خزمەتگوزاریی و دەروونی و ئەمنی پێکدێت، مەبەست لێی خێزانەکە هەموو پێداویستییەکانی بۆ دابینبکرێت و دەستبخات پێش بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی خوی.
 
رووداو: ئایا هیچ خێزانێک هەیە رەتیکردبێتەوە بەقۆناخی شیاندنەوە تێپەڕێت؟
 
سەعید جەیاشی: پرسیارێکی زۆر گرنگە، ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ ناوچەی هۆل، پڕۆسەی گواستنەوە لە کەمپی هۆلەوە بۆ عێراق ئارەزوومەندانەیە، بۆیە ئەو خێزانانەی دەگوێزرێنەوە بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ عێراق و هەر کەسێک دێتە سەنتەری شیاندنەوە ئەوا لە چوارچێوەی پرۆگرامەکانی شیاندنەوە دەبێت، ئێمە تەنانەت لە پرۆگرامەکان وتاری ئاینی و فیکری هەیە، وەزارەتی وەرزش و لاوان کاردەکات بۆ دروستکردنی یاریگە و چالاکی وەرزشی لەو سەنتەرە.
 
رووداو: سەنتەرەکە چی کێشە و گرفتێکی هەیە، تەگەرەکانی بەردەمی چین؟ رۆڵی رێکخراوەکان چۆنە تێیدا؟
 
سەعید جەیاشی: پرسیارێکی زۆر گرنگە، ئەمە هەنگاوێکی نوێیە، بۆیەکەمجارە لەعێراق پەیڕەو دەکرێت، بۆیە سەنتەری راهێنانەوە وەکو کەمپی ئاوارەکان تەماشا ناکرێت، بەڵێ هەندێک رکابەرایەتی هەیە رووبەڕوومان دەبێتەوە، تائێستا دامەزراوەکانی عێراق تێگەیشتنیان جیاوازە لەنێوان یەکدی تایبەت بە سروشتی مامەڵەکردن و وەڵامدانەوە لەنێو ئەو سەنتەرە. هەندێک پێیوایە ئەوە چاودێریی ئاوارەکانە، نەخێر کارەکە وانییە، راوێژکارێتیی ئاسایشی نەتەوەیی هەماهەنگی و رێکخستن و پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی خستووەتە ئەستۆی خۆی بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی نێو ئەم سەنتەرە دابینبکرێت، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بەڕێوەبردنی ئەم سەنتەرەی خستووەتە ئەستۆی خۆی و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی وەکو رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ کار دەکەن، 9 رێکخراوی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لەنێو ئەو سەنتەرە خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکەن بەپێی بوارەکانی کاریان، بەڵام بۆ هەڵسەنگاندنی گشتی، بەڵێ پێویستمان بەهەوڵی زیاترە کە ئەزموون و ئەنجامی کار وەدەست دێن، پێموایە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە تێیدا دەژین جیاوازە لەوەی ساڵی 2021 تێیدا دەژیاین، بۆیە سروشتی کار گۆڕاوە و تەنانەت خێرایی وەڵامدانەوە و جۆرێتی پرۆگرامەکانی شیاندنەوەش نوێ دەکرێتەوە بەپێی ئەو گونجاندنانەی کە لەگەڵ سروشتی گەنجاندا بگونجێت.
 
رووداو: ئایا کاروانی نوێ لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێنفرێنەوە بۆ عێراق؟
 
سەعید جەیاشی: راستییەکەی کەمپی هۆل ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ عێراق، ئاڵنگارییەکی راستەوخۆیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی عێراقی، تەنیا 13 کیلۆمەتر لەسنوورەوە دوورە، زیاتر لە 30 هەزار عێراقی تێدایە، هەروەها زیاتر لە 30 هەزار سووری تێدایە و ژمارەیەکی دیکەش بیانیی تێدایە ئەوانەی بە تووندڕەوەکان دەناسرێن، هەر رۆژێکی دیکە منداڵەکانمان لەوێ بمێننەوە زەحمەتییەکی دیکە دەخاتە سەر ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوومان دەبێتەوە لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا. ئەو دۆسیەیە پێویستی بەچاودێریی دەوڵەت هەیە بۆ هاووڵاتییان و منداڵانی، ئومێددەکەین لەماوەی ئەمساڵدا بگەڕێنەوە. کۆبوونەوەیەکی تایبەت  بەهەڵسەنگاندنی هەنگاوی یەکەممان هەیە کە تێیدا 450 خێزانمان گەڕاندەوە، ئومێددەکەین ئەو خێزانانەی دیکەش بگەڕێنینەوە  و هەر وەکو گوتم گەڕانەوەکە بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەبێت.
 
رووداو: لەو خێزنانەی گەڕێندرانەوە و لەسەنتەری جەدعە جێگیرکران، هەبوون کێشە دروستبکەن؟
 
سەعید جەیاشی: نەخێر هیچ کێشەیەک نەبووە، بەڵام ئازاری مرۆیی هەیە، منداڵی بێ دایک و باوک هەن، کچ هەیە گەنجە نە دایک و نەباوکی هەیە، دەرگای سەردانمان بۆ سەردانیکردنیان کردووەتەوە، هەفتەی رۆژێک و لەمانگێکدا چوار رۆژ هەیە بۆ ئەوەی کەسوکارەکانیان سەردانیان بکەن، ئەو سەردانانە بۆ ئەوەیە دڵنیایی دەروونی دروستبکەین پێش ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ئاڵنگارییەکانی دیکەی نێو سەنتەری جەدعە،  تەندروستی و مرۆیین، منداڵەکانمان تۆقێندراون، هەندێکیان پێویستیان بەچارەسەرە، هەندێک لە ئافرەتەکان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، هەندێک حاڵەتمان هەیە ئاسان نییە، هەوڵی تەندروستی لەلایەن سەنتەرەکەوە بێت یان لەلایەن رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی دەدرێت، هەندێک لەوانە پێویستیان بەنەشتەرگەری هەبووە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر یان بەغدا بۆ چارەسەرکردنیان، وەزارەتی تەندروستیی عێراق خەریکی کردنەوەی بنکەیەکی تەندروستیی پسپۆڕییە لەنێو سەنتەرەکە.
 
رووداو: زۆربەی ئەوانەی لە سەنتەرەکەدان بەڵگەنامە فەرمییەکانیان نییە، وەکو ناسنامەی باری شارستانی، ئایا لەداهاتوودا پێیاندەدرێت؟ بەپێی چ میکانیزمێک دەبێت؟
 
سەعید جەیاشی: ئەو وردبینییە لە کەمپی هۆل کراوە، هیچ خێزانێکی عێراقی لەکەمپی هۆلەوە ناگوێزرێتەوە بۆ عێراق تاوەکو  بەتەواوەتی وردبینی نەکرێت لەهەموو بوارەکاندا، یەکێک لە وردبینییانە لەبەڵگەنامەکانە، بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە لەوەی ئایا ئەو خێزانە عێراقییە یان نا، بەشی زۆریان ناسنامەی باری شارستانیی کۆنیان هەیە، واتە نوێ نەکراوەتەوە، وەزارەتی ناوخۆ ئەوەی گرتووەتە ئەوستۆ کە هەوڵی هەبێت لەنێو ئەو سەنتەرە لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ناسنامەی باری شارستانی یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەی پارێزگاکان کە ئەو کەسانە سەر بەو پارێزگایانەن، ئەو فەرمانگانە لەنێو سەنتەرەکە دەستی کردووە بەدەرهێنانی بەڵگەنامەکانی عێراق بۆییان چیبەنوێکردنەوە بێت یان بە بەخشینی یەکەمجار بۆ ئەو منداڵانەی لەدایکبووی تازەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە