رووداو- هەولێر
عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان لە هەڤپەڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت بەهۆی گوشاری ئەو لایەنانەی نفوزیان لە هەرێمی كوردستان هەیە، دروستكردنی بەرەی ئیسلامی "فەشەل"ی هێناوە. هەروەها دەڵێت هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانیان لێدان بوو لەو لیستە ئیسلامییەی دروستیان كردبوو، چونكە وەك ئەو دەڵێت، ئەو لایەنەی لە لیستەكەی دا، پێیوابوو لیستەكە لیستێكی سوننەكانە.
رووداو: بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن دەنگی كەمتر دەبێ، دوو كورسیتان هەبوو بوو بە یەك كورسی، لەو هەڵبژاردنە ئەو كورسییەش نەما. هۆكارەكەی چییە؟
عیرفان عەبدولعەزیز: لەدوایین هەڵبژاردندا بارودۆخمان باش بوو. هەر كەسێك دێت با لە هەڵەبجە تەحقیق بكات، بزانێ بارودۆخمان چۆن بووە، بەڵام ناهێڵن. هەڕەشە لەو لیستە كرا كە دروستمان كرد. خەڵكێك پێیوابوو ئەوە لیستی سوننەیە.
رووداو: كێ هەڕەشەی لەو لیستە كرد؟
عیرفان عەبدولعەزیز: ئەو خەڵكەی كە لە بەغدا حوكم دەكەن. هەموو كەس دەزانێ كە لێدراین. بەو هۆیەوە ئەو كورسییەشی هەمانبوو نەما. دەستێك هەیە، حەز بە وجودی بزووتنەوەی ئیسلامی ناكات.
رووداو: حەز بە بزووتنەوەی ئیسلامی یان ئیسلامی لە كوردستان؟
عیرفان عەبدولعەزیز: بە تایبەتی بە بزووتنەوەی ئیسلامی.
رووداو: كێ بە دوژمنی خۆتان دەزانن؟
عیرفان عەبدولعەزیز: وەكو دوژمن كەس بە دوژمنی خۆمان نازانین، بەڵام ناحەزمان زۆرە. بۆ نموونە كاتی خۆی كێشەمان لەگەڵ هەندێك لایەن هەبووە، ئەو لایەنانە تاوەكو ئێستاش چاویان بە بزووتنەوە هەڵنایەت. بۆیە كێشەمان هەر بۆ دروست دەكەن. دواتر مەسەلەی خۆمان وەكو بزووتنەوە، لە 2000ەوە سەرچاوەی داهاتمان بڕاوە.
رووداو: ئەی خەرجییەكانی حیزب لە چییەوە دێت؟
عیرفان عەبدولعەزیز: لە 2000 تاوەكو 2008 نەیانهێشت بزووتنەوە هەر لە نەخشەدا بمێنێ. هیچ بودجەیەكمان نەما، لە كاتێكدا لەو ساڵانەی دوایی بە تایبەتی دوای 2003 ساڵی گەشەكردنی حیزبەكان بوو. هیچ حیزبێك نەبوو مانگانە كەمتر لە 400 ملیۆن دینار وەرگرێ. بەڵام بزووتنەوەی ئیسلامی یەك دیناریشی لەو بودجەیە نەبوو. پەراوێز خرابوو، ئێ حیزب چۆن دەمێنێ. ئینجا سەبارەت بە كادیرەكانیش. كادیرمان هەیە زۆر بە توانایە، بانگكراوە و 40 كەس كراوە بە كەفیلی كە نابێ بزووتنەوە بێ. جگە لەوەش بەمدواییە بەناوی دامەزراندنی رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی هاندەدران بۆ ئەوەی دوور بكەونەوە لە بزووتنەوە.
رووداو: هەر حیزبێك تووشی ئەم حاڵەتە دەبێ پێداچوونەوە بە خۆیدا دەكات، ئێوە چیتان كردووە؟
عیرفان عەبدولعەزیز: ئێمە پێداچوونەوەمان كردووە. لە هەڵبژاردنی ئەمجارە بارودۆخمان باش بوو، تەنانەت من لەسەر تەلەفزیۆنیش گوتم ئەگەر هەر تەنیا یەك كورسییەكەی خۆمان بێنینەوە، من دەست لەكار دەكێشمەوە. ئێمە دەمانویست بزووتنەوە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی كە بزووتنەوەیەكی نیشتیمانی جەماوەری بوو، خەڵك خۆشیدەویست و ئێستاش هەر خۆشیاندەوێ. بەڵام تۆ راگەیاندنت نییە، چۆن خەڵك تێدەگەیەنی. جیلی دوای 2000 هیچی نازانێ بزووتنەوە چییە.
رووداو: تەلەفزیۆنەكەتان چی بەسەرهات؟
عیرفان عەبدولعەزیز: تەلەفزیۆنێكمان هەبوو بە هەزار دەردەسەری خۆم چووم گرێبەستم لەگەڵ كۆمپانیایەك كرد، ئەویش تەنیا ساڵێك توانیمان پارەكەی بدەین. كە بودجە بڕا، ئەویش بڕا.
رووداو: لە ماوەی رابردوو ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی دەستیان لەكاركێشایەوە، بەهۆی ئەو ئەنجامانە بوو كە بزووتنەوە هێنای؟
عیرفان عەبدولعەزیز: سوپاس بۆ خودا، ئەوانە ئێستا كێشەیان نییە و گەڕانەوە. ئێمە لەگەڵ یەكگرتوو لیستێكمان هەبوو، تموحمان هەبوو 20 كورسی بەدەستبهێنین، بەڵام وەها لێدراین تەنیا پێنج كورسیمان هێنا. بۆ پەرلەمانی عێراق بە تەحەداوە دەڵێم: ئێمە لە هەڵەبجە 23 هەزار دەنگمان هێنا، لایەنێكی دیكە 3000 دەنگی هێنا. هاتن 3000 دەنگەكەیان دا بە ئێمە و 23 هەزار دەنگەكەی ئێمەشیان دا بە ئەوان.
رووداو: زۆر باس لەوە دەكرا ئێوە نزیكن لە ئێرانەوە، ئێران هیچ هاوكارییەكتان ناكات؟
عیرفان عەبدولعەزیز: ئەوكاتە كە لە هەڵەبجە بووین، ئەو قسانە دەكرا، بەڵام كە ئینشیقاق روویدا، بارەكە پێچەوانە بووەوە. لەدوای 2000 كەس ناڵێت بزووتنەوە لە ئێران نزیكە. رەنگە باجی ئەوەمان دابێ كە لە ئێران دوورین.
رووداو: هاوپەیمانییەكتان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیدا هەبوو، ئەوە تەنیا بۆ هەڵبژاردن بوو؟
عیرفان عەبدولعەزیز: بۆ دائیمی بوو، هەم ئێمە، هەم برایانی كۆمەڵ، یەكگرتوو و سۆفی و سەلەفییەكان دائیرەیەك دروست بكەین كە لێكتێگەیشتنێك لە نێوانماندا هەبێ، هەم بۆ خۆمان هەم بۆ ئەو گەنجە جوانانەی بە هەڵە دەچنە ئەم حیزب و ئەو گرووپ. ئەوە بۆ ئەمنییەتی كوردستانیش شتێكی زۆرباش بوو. بەڵام ئەویش فەشەلی پێهێنرا.
رووداو: كێ فەشەلی پێهێنا؟
عیرفان عەبدولعەزیز: هەر ئەوانەی هەژموونیان بەسەر كوردستاندا هەیە.
رووداو: مەبەستت حیزبە ئیسلامییەكان خۆیان؟
عیرفان عەبدولعەزیز: نەخێر، ئێمە كە دادەنیشتین هیچ كێشەیەكمان نەبوو. بەڵام لە دەرەوە هەوڵدەدرا ئەوە بكرێ.
رووداو: سەركەوتووش بوون؟
عیرفان عەبدولعەزیز: بەڵێ ئەو هەوڵانە هەموویان سەردەكەون.
رووداو: لە كابینەی نوێ هیچ حیزبێكی ئیسلامی لە حكومەت نییە، هەوڵتان نەداوە بەرەیەكی هاوبەش دروست بكەن؟
عیرفان عەبدولعەزیز: ئەو حكومەتە لە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان دابەش كراوە. جێگەیان بۆ كەسی دیكە نەهێشتووەتەوە.
لە دەرەوەی حكومەتیش حیزبەكان لە حاڵەتێكی چاودێریدان، پێیانخۆش نییە ئەو حكومەتە فەشەل بهێنێ و چاوەڕێن ئەو حكومەتە بتوانێ ئیشی باش بكات. تا حەددێكیش ئیش كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا فشار زۆرن، ناكرێ لە ئێستاوە حوكم بدەین كە فەشەلی هێناوە یان سەركەوتووە. ئەو حیزبانەی دەرەوەی حكومەت خێری میللەتی خۆیانیان دەوێ.
رووداو: هەوڵ نادەن لە دەرەوەی حكومەت بەرەیەكی سیاسی دروست بكەن؟
عیرفان عەبدولعەزیز: باوەڕ ناكەم، جارێ ئێمە فەشەلمان هێنا لە دروستكردنی بەرەی ئیسلامی. باوەڕ ناكەم جارێكی دیكە دووبارە ببێتەوە؟
رووداو: ناكۆكییەكی شاراوە لە نێوان ئێوە و كۆمەڵی ئیسلامیدا هەیە، ئەوە هۆكاری سەرنەكەوتنی بەرەكە بوو؟
عیرفان عەبدولعەزیز: نەخێر، ئەگەر پێشتر شتێك بووبێ، ئێستا من و مامۆستا عەلی باپیر هیچ كێشەیەكمان نییە. بگرە رەنگە ئێستا زۆر لە یەكدیش نزیك بین. دواتر سەردانی بارەگاكانی یەكدیمان كرد، سەردانی مەڵبەند بە مەڵبەندی برایانی یەكگرتوو و كۆمەڵم كرد، هەر وەكو جاران وەكو ئەوەی یەك حیزب بین، هیچ كێشەیەكمان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ