نووسینەوە: گۆڤەند مستەفا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکەن نرخی کاڵا و شتومەک کەمێک دابەزێت، "بەو پێیەی رێگەکانی هێنانی کاڵا ئاسانتر بوون، بەتایبەتی ماددە خۆراکییەکان".
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح کە رۆژی 17-08-2022 تۆمارکرا رایگەیاند، کارئاسانی و لێخۆشبوونی گومرگی و کاری نایاسایی هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک لە دەروازەکانی باشووری عێراقەوە زیاترە وەک لە هەرێمی کوردستان، "بۆ نموونە چەندین بازرگان دەیان جار هاتوونەتە لای ئێمە و دەڵێن ئێوە ئەو پێناسە گومرگییەی کە لەگەڵ بەغدا لەسەری رێککەوتوون، وەکو خۆی جێبەجێی دەکەن، بەڵام لە بەشەکانی دیکە بەو شێوەیە نییە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کەمال موسلیم:
رووداو: عەلی عەللاوی وەزیری دەستلەکارکێشاوەی دارایی عێراق، لە دوایین لێدوانەکانی لەبارەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک لە عێراق دەڵێت، ساڵانە بایی نزیکەی 70 ملیار دۆلار کاڵا و شتومەک هاوردەی عێراق دەکرێت کە سێ لەسەر چواری لە هەرێمی کوردستانەوەیە. ئەو قسەیە تاوەکو چەند راستە؟
کەمال موسلیم: سەیرم بەو لێدوانە دێت کە باسی ئەوە دەکات 70٪ی لە کوردستانەوە دێت، ئەگەر مەبەستی بەرهەمی ناوخۆی کوردستانە ئەمە نابێتە هاوردە. چونکە لە ناوخۆی عێراق بەرهەمدەهێندرێت، ئەوەی دیکەش کە پێیوایە 70٪ لە کوردستانەوە دێت ئەگەر مەبەستی دەروازە سنوورییەکانە، ئەگەر واشبێت شتێکی ئاساییە لە دەرەوەی کوردستان دێت. چونکە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق دەڕوات بە تایبەتی لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، ئەمەش شتێکی نامۆ و نایاسایی نییە، ئەگەر لەوێشەوە بێت بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق.
رووداو: مەبەستی عەللاوی ئەو کاڵا و شتومەکانەیە کە لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرێت نەک هی ناوخۆ. بە هەموو دەروازەکانەوە تورکیا و ئێران چەند کاڵا هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و دوایی دەچێت بۆ ناوچەکانی دیکەی نێوەڕاست و باشووری عێراق؟
کەمال موسلیم: راستییەکەی ئامارێکم لا نییە، بەڵام لە بەشەکانی دیکەی عێراق دەروازەی سنووری زۆری تێدایە. وروژاندنی ئەو بابەتە پێموایە زۆر نازانستانەیە، جارێکی دیکە دەیڵێمەوە ئەگەر لە هەرێمی کوردستانیش بێت، خۆ ئەو دەروازە سنوورییانە فەرمین بۆ هەموو بەشەکانی عێراقە نەک تەنیا بۆ کوردستان.
رووداو: راستە سێ لەسەر چواری کاڵاکان لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن؟
کەمال موسلیم: دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دەروازەی سنووری فەرمی و یاسایین لە هەموو عێراق، ئەگەر لەو دەروازانەشەوە کاڵا و شتومەک هاوردە بکرێت، رەنگە هەندێک تایبەتمەندی هەبێت بە نموونە لە ئیبراهیم خەلیلەوە کاڵا و شتومەک لە هەموو ئەوروپاوە لەو دەروازەیە هاوردە دەکرێت. ئەگەر واشبێت شتێکی نایاسایی نییە، بەڵام رەنگە نیشانەی ئەوە بێت لەوێ رێکارەکانی هێنانی کاڵا بۆ بازرگانان ئاسانتر بێت. من پێم سەیرە ئەگەر لە هەر سنوورێک زۆرترین شتی تێدابێت چ بابەتێکی ناشەرعی و نایاسایی تێدایە؟
رووداو: ئەگەر بایی 70 ملیار کاڵا هاوردە بکرێت لە وڵاتانی دیکەوە، بە قسەی وەزیری دارایی عێراق 70-80٪ی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت، واتە بایی 60 ملیار دۆلار لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە کاڵا هاوردە دەکرێت و دێتەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە بایی 60 ملیار دۆلار کاڵا و شتومەک لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێتە نێو عێراق؟
کەمال موسلیم: رەنگە وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ بتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم ئەو رێژە زۆرە بێت.
رووداو: وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، کۆکردنەوەی داهاتی دەروازەکان زۆر کەمە، دەبوو 7-10 ملیار دۆلار داهاتی دەروازە سنوورییەکان بووایە. بەڵام ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلارە، ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەوەوە هەیە کاڵا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە داخڵ دەکرێت لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی و گومرگەکاندا نین. بەڵام وەزارەتی بازرگانی واتە وەزارەتەکەی ئێوە زۆر پەیوەندیدارە بە وەزارەتی دارایی و دەستەی گومرگیشەوە. ئەم قسەیە تا چەند رەوایە؟
کەمال موسلیم: پێموانییە ئەو بابەتە بەو شێوەیە بێت کە ئەو پێیوابێت هەموو کێشە و گیروگرفتەکان یان کۆنەکردنەوەی داهات بخاتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو دەروازە سنوورییانەی لە بەشەکانی دیکەی عێراق هەن زۆر زیاترن لەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و کاڵای زیاتریش لەو دەروازانەی عێراقەوە دێتە نێو عێراق. بۆیە پێموایە بە پێچەوانەوە.. کاتی خۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێککەوتن لەسەر یەکخستنی پێناسی گومرگی، ئەو پێناسە گومرگییەی ئەوێ وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت بە جۆرەها ناو و شێوازی جیاجیا و خۆدزینەوە لە باج و گومرگ لەو شوێنانە روودەدات، بۆیە نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی باش ئەو باج و گومرگانە وەک ئەوەی وەزارەتی دارایی دایناوە کۆبکەنەوە، بە نایاسایی شت دێتە ژوورەوە لەژێر ناوی جیاجیا لێخۆشبوونی گومرگیان بۆ دەکرێت.
رووداو: واتە تۆ پێتوایە بە پێچەوانەوە کارئاسانی و لێخۆشبوونی گومرگی و کاری نایاسایی هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک لە دەروازەکانی باشووری عێراقەوە زیاترە وەک لە هەرێمی کوردستان؟
کەمال موسلیم: بێگومان، بۆ نموونە چەندین بازرگان دەیان جار هاتوونەتە لای ئێمە و دەڵێن ئێوە ئەو پێناسە گومرگییەی کە لەگەڵ بەغدا لەسەری رێککەوتوون، وەکو خۆی جێبەجێی دەکەن، بەڵام لە بەشەکانی دیکە بەو شێوەیە نییە. بۆیە ئێمە ناچارین لەو دەروازە سنوورییە شتەکانی خۆمان بهێنین لەوێ بڕێکی کەم لە گومرگمان لێوەردەگرن. واتە لەوێ زیاتر سەرپێچی کراوە نەک لە سنوورەکانی ئێمە.
رووداو: واتە کەمبوونی داهاتی گومرگ و داهاتی نانەوتی لە عێراق، ئەوەی پەیوەندیی بە هاوردەکردنی کاڵاوە هەیە، شتەکە تەواو پێچەوانەیە و پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە دەروازەکانی عێراق خۆیەتی؟
کەمال موسلیم: من دەڵێم زۆربەی ئەو کارە بەدەر لە یاسایانەی روودەدەن و گومرگەکان لەسەر کاڵاکان وەرناگیرێن، زیاتر لە دەروازە سنوورییەکانی ئەولایە، بەو پێیەی دەیان جار بازرگان هاتوونەتە لای ئێمە دەڵێن ئەگەر وەکو ئەوانیان لێنەکەن... بۆ نموونە هاتوونەتە لای ئێمە دەڵێن لە باشماخ و ئەو شوێنانە پێناسەی گومرگی وەکو خۆی وەردەگرن، بەڵام لە دەروازەی مونزوریە زۆر کەمترە دەتوانین بچین لەوێوە کاڵاکانمان بهێنین.
رووداو: وەزیری دارایی عێراق دان بە شتێکی سەیردا دەنێت و دەڵێت بۆ ئەوەی رێگری بکەین لەو پاکییەی لە داهاتی گومرگ هەیە لە هەرێمی کوردستان، بازگە سەفرەمان دانا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بکەین، بەڵام هەر بۆمان کۆنترۆڵ نەکرا. تۆ ئەو بابەتە چۆن دەخوێنیتەوە؟ پێشتر بازگەی سەفرە زیانێکی زۆری بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاند لە هەمبەر هاوردەکردن و هەناردەکردنی کاڵا، تەنانەت تەماتە و خەیاری ناوخۆی کوردستانیش بەئاسانی نەدەچوو بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق.
کەمال موسلیم: دانانی بازگەی سەفرە کارێکی ناڕەوا بوو، بەدەر لە دەستوور و یاساکانی عێراقە. چونکە ئێمە بەشێکین لە عێراق ناکرێت تۆ بێیت و لەنێوانی دوو شار یان هەرێمێک و بەشەکانی دیکە بازگە دابنێی. بیانووی ئەوانیش ئەوەبوو ئەو بەرهەمانە هاوردە دەکرێت، بەڵام وانەبوو زۆربەی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە بە تایبەتی لە وەرزی پێگەیشتنیان رێگرییان لێدەکرد بۆ ئەوەی نەچێت بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق.
رووداو: ئەو قسەیەی وەزیری دارایی عێراق کە دەیبەستێتەوە بە هەرێمی کوردستانەوە، تۆ سەرلەبەری قسەکان بە ناڕەوا دەبینی؟ هەست دەکەی بابەتی دەستلەکارکێشانەوەکەی سیاسی بێت یان شتێکی دیکەیە؟
کەمال موسلیم: هەرچی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەستلەکارکێشانەوەکەی پێم وانییە هیچ پەیوەندییەکی پێیەوە هەبێت. ئەگەر نەشی توانی بێت لە وەزارەتەکەی خۆیدا یاسا و رێنوێنییەکان و هەموو ئەوەی کە پێویست بووە جێبەجێ بکات، بە تایبەتی ئەو گلەییەی لە دەروازە سنوورییەکان هەیەتی، ئەمە چ گوناهێکی هەرێمی کوردستانی تێدایە. چونکە دەروازە سنوورییەکانی ئەوێ لەبەر دەستی خۆی بووە بۆ نەیانتوانیوە رێکی بخەنەوە؟ لەوێ ئەو ناڕوونییە هەیە.
رووداو: لەوە تێگەیشتین کە جیاوازی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگان و هاوردەکردن و هەناردەکردنی کاڵا. دەگوترێت لەناو دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش جیاوازی هەیە لە نێوان باشماخ و حاجی ئۆمەران، لە نێوان ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان. جیاوازییەکە ئەوەیە ئەگەر بازرگانێک لە پەروێزخانەوە کاڵا و شتومەک بهێنێت مامەڵەکردنی هەمان بازرگان لە ئیبراهیم خەلیل جیاوازە لە رووی رەسمی گومرگی و کارئاسانیکردنەوە. ئەمە تا چەند راستە، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە لێخۆشبوونی گومرگییەوە هەیە؟
کەمال موسلیم: کاتێک باسی شتێکی وا دەکەین، باسی لایەنە یاساییەکە و رەوایی کارەکە دەکەین. لە هەرێمی کوردستان ئەو باج و رسوماتەی کە لەسەر هەر کاڵایەکە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەگەر شتێکی ناشەرعی و بەدەر لە یاسا بکرێت، ئەمە نایاساییە. ئەگەر لە شوێنێک بکرێت رەنگە لە هەموو شوێنەکانی دیکەش بکرێت.
رووداو: دوایین هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە کەمکردنەوەی رەسمی گومرگی لەسەر 171 کاڵا، لابردنی گومرگیش لەسەر 14 کاڵای خۆراکی. ئەمە هیچ کاریگەرییەکی دروستکردووە لەسەر قەبارەی هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک؟ کەی کاریگەریی لەسەر دابەزاندنی نرخی کاڵا و شتومەک لە بازاڕەکان دروست دەکات؟
کەمال موسلیم: ئەو بابەتە لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش گفتوگۆی لەسەر کرا، ئایا کاریگەریی ئەو بڕیارە چەند بووە؟ بۆ ئەوەی بزانین توانای ئابووریی ئەو بابەتە بۆ هاووڵاتییان چۆنە؟ ئێمە لەوێ باسی ئەوەمان کرد لابردنی رەسمی گومرگی لەسەر ئەو کاڵایانە ناتوانێت نرخی خۆراک بە تایبەتی لەو کاتەی شەڕی ئۆکراینا کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بازاڕی جیهان و نرخی خۆراک کردبوو، گوتمان ناتوانین بڵێین نرخی خۆراک بەم بڕیارە دێنینە خوارەوە، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک زۆر هۆکاری هەیە، ئەو هۆکارانەش بەدەر لە توانا و ئیرادەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. بەڵام دوو شتی پێکا یەکێکیان نرخەکەی لە ئاستێک راگرت رێگەی نەدا بەرزتر بێتەوە، دووەمیان ئەوەی پێشاندا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر کارێکی لە دەستبێت بۆ ئەو بابەتە درێخی ناکات.
رووداو: پێشبینی دەکەیت نرخی کاڵا و شتومەک لە هەرێمی کوردستان کەمێک دابەزین بەخۆیەوە ببینێت؟
کەمال موسلیم: بەڵێ، دابەزیوە، بەو پێیەی رێگەکانی هێنانی کاڵا ئاسانتر بوون، بەتایبەتی ماددە خۆراکییەکان. چونکە زۆربەی گەنم و زەیتی گوڵەبەڕۆژە و گەنمە شامی و پاقلەمەنییەکان لە رووسیا و ئۆکرایناوە دەهات، کاتێک شەڕ دەستیپێکرد ئەو جووڵەیە راوەستا، ئێستاش وەک دەزانن رێککەوتنێک لەنێوان هەردوو وڵات هەیە بۆ هەناردەکردنی ئەو ماددە خۆراکییانە. لە وڵاتانی دیکەش کاتێک ئەو شەڕە روویدا ترسێکیان بۆ پەیدا بوو، بۆیە ئەوانیش دەستیان بە هەناردەکردنی ماددە خۆراکییەکانەوە گرت، ئێستا ئەوانیش ئەو ترسەیان نەماوە لە هەموو لایەکەوە ئەو ماددە خۆراکییانە دێن.
رووداو: ئێوە وەکو وەزارەتی بازرگانی هیچ رێگرییەک دەکەن لە هاوردەکردنی گەنم بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆ؟
کەمال موسلیم: ئەو بابەتە پەیوەندیی بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە هەیە، ئێمە رێگری ناکەین و مۆڵەتیشی پێنادەین. تاوەکو ئەو کاتەی رەزامەندیی وەزارەتی کشتوکاڵ وەردەگرێت، کاتێک کە رێگە لە هێنانی گەنم دەگرێت، بۆ ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆیی ساخ ببێتەوە.
رووداو: ئێستا ئەگەر کەسێک داوای مۆڵەتی هاوردەکردنی گەنم بکات..
کەمال موسلیم: دەبێت لە وەزارەتی کشتوکاڵ داوای بکات.
رووداو: هیچ داوایەکی لەو جۆرەتان بۆ هاتووە، ئێوە رەتی بکەنەوە؟
کەمال موسلیم: ئێمە رەتی ناکەینەوە و مۆڵەتیشی پێنادەین، ئێمە کاتێک مۆڵەتی پێدەدەین، کاتێک لاری نەبوونی وەزارەتی کشتوکاڵی پێبێت. چونکە ئەو بابەتە پەیوەستە بە وەزارەتی کشتوکاڵ.
رووداو: لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر یاداشتێک ئامادەکراوە، 28 بۆ 30 خاڵە، خاوەن کارگەکانن، بە نیازن بیدەنە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت لەسەر کێشەی کارگەکان لە هەرێمی کوردستاندا، باج و رسوماتە، کارەبایە، ئاوە، پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆییە.. ئەو بابەتە ئەگەر هاتە وەزارەتەکەی ئێوە و ئەنجوومەنی وەزیران چۆن لۆبی بۆ دەکەن؟
کەمال موسلیم: ئەو بابەتە زۆر لەمێژە هەیە، هەموو ئەو داواکارییانەمان گەیاندووەتە ئەنجوومەنی وەزیران و گفتوگۆشی لەسەر کراوە، بە یاداشتیش پێشکێشمان کردووە، کۆبوونەوەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لەسەر ئەو بابەتە کراوە، بەتەواوەتی پشتیوانیان لە داواکارییەکانیان دەکەین.
رووداو: ئاگاداری ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە کارگە و کارخانەکان هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە لە بەغدا کارئاسانی زۆریان بۆ دەکەن..
کەمال موسلیم: بێگومان ئاگاداری ئەوەین، بەڵام ژمارەیەکی وەها زۆریش نییە، هەندێک کارئاسانی هەیە لەوێ زیاتر لای ئێمە، بە تایبەتی لە پێدانی سووتەمەنی و ئەو بابەتانە.
رووداو: لێخۆشبوونی گومرگییان بۆ دەکەن، تاوەکو 5 ساڵ لە باج دەبەخشرێن، کارەبا و ئاویان بە نرخێکی کەمتر پێدەدەن، بازاڕێکی گەورەشیان هەیە بۆ ساخبوونەوەی کاڵاکانیان. راستە خاوەن کارگەکان دەڵێن ئێمە لە رووی هەستی نیشتمانییەوە تائێستا بەرگەی ئەوەمان گرتووە.. بەڵام ئێوە بەنیاز نین ئەوەی بەغدا کردوویەتی بۆ کارگەکانی ئێمە بەڵام بە مەرجێک لە هەرێمی کوردستان خۆیان بسڕنەوە بڵێن فڵانە کارگە داخراوە بۆ ئەوەی لەوێ رێگەی پێبدەن بکرێتەوە، بە نیاز نین هەمان دەستکەوت بدەنەوە بە کارگەکانی هەرێمی کوردستان؟
کەمال موسلیم: لەلای ئێمەش ئەو لێخۆشبوونی گومرگییەیان بۆ دەکرێت، بەرهەمەکانیشیان بۆ دەپارێزین، هەر کارگەیەک کاتێک لای ئێمە دادەمەزرێت چ لە وەزارەتی ئێمە مۆڵەت وەربگرێت و چ لە دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی پێبدرێت، بەپێی یاسای پەرەپێدانی پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کارگەیە لە هێنانی کەلوپەلەکانی کارگەکە دەکرێت، بۆ ماوەی 10 ساڵیش لێخۆشبوونی گومرگی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی کاڵاکانی ساخ بکاتەوە.
رووداو: ئەی بۆچی دەڕۆن؟
کەمال موسلیم: رەنگە هۆکاری سەرەکی ئەوەبێت کە زۆر جار کاتێک کە گرژییەک روودەدات لە بەشەکانی دیکەی عێراق رێگە دەگرن لەوەی کەلوپەلی هەرێمی کوردستان بچێتە بەشەکانی دیکەی عێراق. هەروەکو باسیشمکرد کارئاسانییەکەیان ئەوەیە کە ئەوان دەتوانن سووتەمەنیان بە هەرزانتر پێ بدەن.
رووداو: پێتوایە نرخی کارەبا لە بەغدا وەکو هەولێر وایە؟
کەمال موسلیم: نەخێر، لەوێ هەرزانترە. ئەگەر هەڵە نەبم لەوێ بە 80یە، لای ئێمە بە 120 بوو. ئێمە لەگەڵ وەزارەتی کارەبا هەوڵمانداوە و لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستانیش بۆ کارگەکان کەم بکەینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ