جۆناسان ویڵكس: گرنگە بەغدا و هەولێر لەسەر داهاتی نەوت رێکبکەون

11-09-2019
شاهۆ ئەمین
شاهۆ ئەمین
نیشانەکردن بەریتانیا عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت
A+ A-
رووداو- هەولێر
 
بە عەرەبییەكی زۆرباش قسە دەكات، حەز دەكات لە داهاتوودا فێری زمانی كوردیش ببێ‌. جۆناسان ویڵكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەڵێت بەگوێرەی ئەو راپرسیانەی كردوویانە، وەبەرهێنەر و خاوەنكارانی بەریتانیا حەز دەكەن بێنە عێراق و هەرێمی كوردستان، هەوڵدەدەن لە ساڵی داهاتوودا ئەوە بەدی بهێنن. جۆناسان زۆر پەسنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەدات، بەڵام دەڵێت هێشتا هەر گڵۆپی زەرد بۆ ئەو بەریتانیانە هەڵدەكەن كە دەیانەوێ‌ سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.
 
رووداو: تۆ بە عەرەبییەكی زۆر باش قسە دەكەی و پێشتریش ئەزموونی كاركردنت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر بووە. هەتا چەندە بە ئاسانی دەزانی لەگەڵ كولتوور و خەڵكی عێراق و كوردستاندا تێكەڵ بی، بە تایبەت لەو رێگەیەوە كە عێراقییەكان سیاسەتی لەسەر دەكەن؟
 
جۆناسان ویڵكس: كارەكان ئاسانترن كاتێك زمانی وڵاتەكە دەزانی، داوای لێبوردن دەكەم كە كوردی نازانم. دەمەوێ لە داهاتوودا فێری بم. هەمیشە بە باشم زانیوە شارەزایی لە وڵاتەكە پەیدا بكەم و توانای قسەكردنم بە زمانی ئەو وڵاتە هەبێت كە كاری تێدا دەكەم.
 
رووداو: دیدگای حكومەتی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان چییە؟
 
جۆناسان ویڵكس: بەم دواییانە د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، سەردانێكی لەندەنی كرد و چاوی بە بۆریس جۆنسن كەوت كە ئەوكات پاڵێوراو بوو ببێتە سەرۆك وەزیران. شتێكی روونە كە بۆریس جۆنسن بیرۆكەی باشی هەیە لەبارەی ئەو هەلانەی لە عێراق هەن بە گشتی، بەتایبەتیش لەبارەی هەرێمی كوردستان كە پێشتر سەردانی كردووە. بەڵام بێگومان هێشتا كێشەی ئەمنی لە عێراق هەن، داعش هێشتا ماوە و هەڵمەتی دژی داعش بەردەوامە. لە هەمانكاتدا دەمانەوێ لەسەر ئاستی ئابووریش كار بكەین. راپرسییەكان نیشانی دەدەن كە خاوەنكار و كۆمپانیاكان دەیانەوێ بێنە عێراق، ئێمەش دەمانەوێ كەرتی تایبەتی بەریتانیا بەشدار بێت لە بوژانەوەی ئابووریی عێراق. بۆیە لە بواری ئەمنی، هەم لە بواری بزنس، ئێستا بە كاتێكی پڕ هیوا دادەنرێت. چەند رەهەندێكی ئەرێنی هەن و دەمانەوێ لە ساڵی ئایندەدا بەدییان بهێنین. 
 
رووداو: قسەیەكی باشت هەیە بۆ خوێندكارە كوردەكان، بە تایبەتی لەو پرۆگرامەی كە چیڤنینگی ناوە و بەریتانیا دەیدات بە خوێندكاری كرد؟ 
 
جۆناسان ویڵكس: پیرۆزبایی لە زیاتر لە دە خوێندكاری كورد دەكەین كە لەڕێی ئەو پرۆگرامەوە دەچن لە بەریتانیا ماستەر دەخوێنن. ئەوەش نیوەی ژمارەی ئەو خوێندكارانەیە كە لە پرۆگرامەكە وەرگیراون. دەمەوێ لێرەوە پیرۆزباییان لێ بكەم، ئەگەر خۆیان یان كەسوكاریان ئەم بەرنامەیە ببینن، ئەمە شتێكی گرنگە. نەك تەنیا لەبەر ئەوەی چیڤنینگ گرنگترین پرۆگرامە، بەڵام بە گشتی دەمانەوێ پەیوەندیی فراوانتر لە بواری پەروەردە بونیادبنێین لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان. لێرە كونسوڵخانەی بەریتانیا چالاكە. لەڕێی ئەو خوێندكارانەوە كە بەشدارن لە پرۆگرامی چیڤنینگ، دەمانەوێ ئەو پردە مرۆییە دروست بكەین لەنێوان هەردوو وڵات. بۆ ئەوەی سوودی بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات هەبێت، پەیوەندییەكان لە بوارەكانی بزنس، كولتوور و پەروەردەدا بگەیەنینە ئاستێكی نوێ.
 
رووداو: وەك دەزانن ئەوە سێ ساڵە بەڵای شەڕی داعش هەتا رادەیەك لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش دوور كەوتووەتەوە. بەڵام لە رووی ئابووریشەوە هەندێك كەموكوڕی هەیە، چۆن دەڕواننە هەرێمی كوردستان لەو چوار ساڵەی داهاتوو كە حكومەتێكی تازەی هەیە؟ 
 
جۆناسان ویڵكس: لە كۆبوونەوەمدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی ئەم بابەتەمان كرد. ئاشكرایە كە ئێستا گەشبینی زۆر هەیە بەراورد بە شەش حەوت ساڵی رابردوو. دوای شەڕی داعش و ئاڵۆزییەكانی دوای گشتپرسییەكە، ئێستا پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا ئاراستەیەكی دروستیان وەرگرتووە، شتێكی گرنگە هەردوولا بگەنە رێككەوتن لەسەر داهاتی نەوت. بە گشتی رەوشی ناوچەكە ئاڵۆزە، بەڵام قابیلی كۆنترۆڵكردنەوەیە. پێموانییە هیچ لایەنێك لە ناوچەكە ململانێی بوێت. بەریتانیاش لەڕووی دیپلۆماسییەوە ئەوەی لە دەستی بێت دەیكات بۆ ئەوەی رەوشەكە هێور بكاتەوە. ئەگەر ئێمە بتوانین رێگری بكەین لەوەی هەرێمی كوردستان و بەغدا بچنە نێو ململانێوە، ئەوە پێموایە دەتوانین گەشەسەندنی ئابووریی باش بەدی بهێنین. لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو خاڵە هاوڕا بووین كە ئێمە وەك بەریتانیا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەبین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هەلی كار و خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی كورد دابین بكرێن، بەجۆرێك لە شەش مانگی داهاتوودا هەموو تاكە كەسێك هەست بكات حكومەت كاری باش دەكات. ئەمە ئامانجێكی گەورەیە، بەڵام بناغەمان بۆی داڕشتووە. گفتوگۆی باشمان لەسەر هەموو بابەتەكان كرد. لە ئێستاوە كار دەكەین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكە. 
 
رووداو: سەرەڕای ئەو هەڵمەت و گوشارە نێودەوڵەتییە، داعش هەر ماوە. جیهان چۆن دەتوانێ لەو دوژمنە رزگاری بێ؟ ئایا هەر ئاوا وەك هەڕەشەیەك لەسەر خەڵكی ئەم ناوچەیە دەمێنێتەوە؟
 
جۆناسان ویڵكس: بەڵێ. گرنگە هەموو كەسێك بزانێت داعش هێشتا ماوە. لە چەند ناوچەیەك خەریكی خۆڕێكخستنەوەیە. بۆیە پێویستە هەڵمەتەكە لەدژی ئەو رێكخراوە بەردەوام بێت. هاوپەیمانیی دژی داعش كە بەریتانیا ئەندامێكی سەرەكییەتی، پابەندین بە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان. پێویستە هەموومان باشتر هەماهەنگی بكەین. هانی هەولێر و بەغدا دەدەین میكانیزمە ئەمنییە هاوبەشەكان چالاك بكەن. پێویستە كێشەی دارایی و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە چارەسەر بكەین. هەروەها پێویستە كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان یەكلایی بكرێتەوە، چونكە ئێستا چەكدارانی داعش بەزۆری لەو ناوچانە خۆیان شاردووەتەوە. نەتەوە یەكگرتووەكان سەركردایەتی هەوڵێك دەكات لە كەركووك و شنگال. بێگومان دەشزانین كە گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر هەر دێتەوە سەر ماددەی 140ی دەستوور. بۆیە ئێمە ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ رەخساندنی رەوشێكی ئەرێنی بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەم كێشە ئاڵۆزانە. 
 
رووداو: گوتت تازەگی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانیت بینیوە، بۆ ئاسانكاری و پێدانی ڤیزا هیچ رێككەوتنێكی كۆنكرێتی كراوە؟ 
 
جۆناسان ویڵكس: باسی بابەتی ڤیزامان كرد. ئێمە هانی هەموو عێراقییەكان دەدەین لە كاتی پێشكەشكردنی داواكاریی ڤیزا هەموو بەڵگەنامەكان پێشكەش بكەن و خزمەتگوزارییەكی پێشكەوتوو بەكاربهێنن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی هەموو ئەو زانیارییەی داوا كراوە دابینی بكەن. چونكە هەندێ كەس ڤیزای بۆ نایەتەوە تەنیا لەبەرئەوەی زانیاری داواكراو و بەڵگەنامە پێویستەكانی هاوپێچ نەكردووە. هەروەها گرنگە خەڵك بەڵگە بخەنەڕوو كە مووچە و داهاتیان چەندە و دڵنیایی بدەن لەوەی دەتوانن خەرجی مانەوەیان لە بەریتانیا دابین بكەن. كارەكە زۆر ئاسانترە بۆ ئەوانەی حسابی بانكییان هەیە. زۆربەی خەڵكی عێراق حسابی بانكییان نییە، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێ ڤیزا وەربگرن پێویستە حسابی بانكییان هەبێت و داهاتی مانگانەیان بخەنە سەر ئەو حیسابە بانكییە. 
 
ئەمە بەشێكە لە كێشەیەكی گەورەتر، ئەگەر ئابووری گەشە بكات، ئەگەر هەلی كار بڕەخسێت، خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق بە یەكجاری وڵات بەجێناهێڵن. ئەوە وادەكات وەرگرتنی ڤیزا ئاسان بێت. كاتێك بزانرێت عێراق لەو وڵاتانە نییە كە خەڵكەكەی كۆچ دەكەن، ئەوكات پێدانی ڤیزا ئاسانتر دەبێ بۆ گەشتیاران و ئەوانەی دەیانەوێ بۆ خوێندن و وەبەرهێنان بچنە وڵاتێكی دیكە. بۆ ئەمەش پێویستە كەرتی تایبەت بەهێز بكرێت. پێویستە هەلی كار بڕەخسێت. بایەخ بە بزنسی بچووك بدرێت. بۆ ئەوەش پێویستتان بە كەرتی بانكی متمانەپێكراوە. یەكێك لەو هۆكارانەی خەڵك حیسابی بانكییان نییە ئەوەیە متمانە بە بانكەكان ناكەن. بانكە نێودەوڵەتی و لۆكاڵییەكان ئامادەییەكی بەهێزیان نییە. ئەمە چاكسازی ریشەییە كە لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق كاری لەسەر دەكەین، لە هەمانكاتدا لێرەش لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی كەرتی بانكی بەهێز دروست بكرێت كە جێی متمانەی خەڵك بێت. ئەمە سوودی بۆ ئابووری دەبێت، سوودیشی بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە داوای ڤیزا دەكەن.
 
رووداو: هەزاران كوردی باشووری كوردستان و لەوانەیە هەزارانیش لە بەشەكانی دیكەی كوردستانەوە لە بەریتانیا نیشتەجێن. ئەمانە كاتێك داوای مافی پەنابەرێتییان كردووە لەژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعس رایانكردووە و ناچار بوون ژمارەیەك یان زانیارییەك بە هەڵە بدەن، ئیستا ئەوانە بۆ نوێكردنەوەی پاسپۆرت یان بردنی منداڵەكانیان كێشەی گەورەیان تووش بووە، چۆن دەتوانن چارەسەری ئەوە بكەن؟ 
 
جۆناسان ویڵكس: ناتوانم باسی كەیسی دیاریكراو بكەم، بەڵام بە گشتی ئەمە كێشەیەكی گەورەیە. خەڵكی عێراق، كورد و پێكهاتەكانی دیكە، هەوڵدەدەن بەنایاسایی خۆیان بگەیەننە بەریتانیا. دەزانین زۆربەیان پەنابەری ئابوورین، داوای مافی پەنابەریی سیاسی ناكەن، تەنیا داهاتوویەكیان دەوێت بۆ خۆیان و خێزانەكانیان. لەبەرئەوەیە كە گەشەكردنی ئابووری پێویستە، چونكە پێویستە داهاتووێك هەبێت بۆ گەنجانی كوردی بەهرەمەند لە هەرێمی كوردستان. كاتێك ئەو زەمالەیە دەدەینە خوێندكارە یەكەمەكان بۆ ئەوەی لە بەریتانیا ماستەر بخوێنن، دەمانەوێ بگەڕێنەوە ئێرە و سەركردایەتی گەشەسەندن و بونیادنانەوەی وڵاتەكەیان بكەن. 
 
رووداو: بەڵام ئەوانەی من باسیان دەكەم هاووڵاتیی بەریتانین، واتە رەگەزنامەی بەریتانییان هەیە، بەڵام هەڵەیەك لە وردەكاری دۆكیۆمێنتەكەیاندا هەیە، بۆ نموونە لە رێكەوتی لەدایكبوونیاندا. چی دەكەن بۆ ئەوەی كێشەی ئەوانە چارەسەر ببێ، چونكە ئەوان دەیانەوێ پاسپۆرتەكەیان نوێ بكەنەوە، بەڵام نایاندەنەوە؟
 
جۆناسان ویڵكس: راستە، ئێمە كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی كونسوڵخانەكانمان بۆ هاووڵاتیانی بەریتانییە. بۆ ئەوەی ماوەی پاسپۆرت و دۆكۆمێنتەكانیان بەسەرنەچێ. ئێمە تیمی تایبەت بە كۆنسوڵخانەكانمان لە بەغدا هەیە كە كارەكەیان هەموو عێراق دەگرێتەوە، بەڵام سەردانی هەولێریش دەكەن. بەشێوەیەكی گشتیش ئێمە هانی ئەو خەڵكە دەدەین كە پاسپۆرتی بەریتانیایان هەیە و لە هەمانكاتدا پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ ئەوەی بەشێك بن لە پەرەسەندنی ئەو هاوبەشییە ئابوورییە. بۆیە ئێمە هەم خزمەتگوزاریی كونسوڵخانەكانیان پێشكەش دەكەین و هەم دەمانەوێ ئەوان بە بەردەوام سەردانی ئێرە بكەن و بەشێك بن لەو هاوبەشییە گەشەسەندووەی لە بواری ئابووری و بزنسدا هەمانە. 
 
رووداو: ئێوە لەگەڵ ئەڵمانیا و لەگەڵ ئەمریكییەكان یارمەتیدەرن بۆ چاكسازی لە هێزی پێشمەرگەدا. هەتا ئێستا بە كردەنی چیتان بۆ ئەوە كردووە؟
 
جۆناسان ویڵكس: بێگومان ساڵی رابردوو خاو دەڕۆیشتینە پێشەوە، ئەویش بەهۆی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتەوە بوو، بەڵام پێكهاتنی حكومەتی نوێ و هەڵوێست و سیاسەت و پرۆگرامی بەرایی زۆر دڵخۆشكەرە، ئێمە لەگەڵ هەموو سەركردەكانی پێشمەرگە و وەزیری نوێ بۆ كاروباری پێشمەرگە دانیشتووین، پابەندبوون بە چاكسازی هەیە، بەڵام تێشدەگەین كە ئەمە چەندە كارێكی قورسە، چونكە هەوڵێكە پەیوەندی بە پەرەپێدانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، هەم لەڕووی سیاسی و هەم لەڕووی سەربازییەوە. هەموو لایەنەكان خەمی ئەوەیانە ئەمە بە جۆرێك بكرێ كە یەكڕیزی هەرێمی كوردستانی لەسەر بنیات بنرێ و شەڕ و گرژی لێنەكەوێتەوە. ئێمە هەستمان بەوە كردووە و رێزی لێدەگرین و دەزانین ئەوانەی كە سەركردایەتی ئەو پرۆسەیە دەكەن، دەبێ ئیدارەی مەلەفە سیاسییەكەش بكەن، بەڵام ئێمە لەگەڵیان دەبین بۆ ئەوەی پشتیوانی تەكنیكییان پێشكەش بكەین. بەم دواییانەش ئێمە لێكتێگەیشتنێكی هاوكاریی سەربازیمان بۆ هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە واژۆ كردووە كە راهێنانی ئەفسەرەكان لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق و پێشمەرگە لەخۆدەگرێ.
 
رووداو: لە گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێراندا، هەم هەولێر و هەم بەغدا بە جۆرێك لە جۆرەكان گیریان خواردووە و نازانن چۆن مامەڵە بكەن. بە بڕوای تۆ هەولێر و بەغدا چۆن دەتوانن خۆیان لەو بەربەرەكانیەی نێوان ئێران و ئەمریكا دووربخەنەوە؟ 
 
جۆناسان ویڵكس: هەمیشە ئەوەم بە سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی عێراق گوتووە كە ئێمە دەزانین عێراق دەیەوێ لە دەرەوەی ئەو بەربەرەكانیەدا بمێنێتەوە، عێراق بەشی خۆی تەحەدای لە پێشە و هەموو ئەو بەرەوپێشچوونانەی كە دەكرێ بەدی بێن پێچەوانە دەبنەوە ئەگەر عێراق پەلكێشی شەڕێكی ناوچەیی بكرێ. تاكە رێگە بۆ عێراق ئەوەیە بەرژەوەندییەكانی روون بكاتەوە كە بریتییە لەوەی نابێ خاكی ئەو بەكاربهێنرێ بۆ هەڕەشەكردن لە هیچ وڵاتێكی ناوچەكە، وەك چۆن نابێ لەلایەن وڵاتێكی دیكەشەوە بەكاربهێنرێ بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتانی دیكە. ئەگەر وڵاتێك رێزی لەو سیاسەت و بەرژەوەندییەی عێراق نەگرت، ئەوە ئەو وڵاتە رێز لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق ناگرێ. پێموایە ئەمە باشترین رێگەیە بۆ ئیدارەكردنی ئەم ریسكە. لە كاتێكدا ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ ئێرانییەكان و ئەمریكییەكان و ئەوانی دیكەش هەیە، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین ئاڵۆزییەكان كاڵ بكەینەوە. من پێموانییە هیچ لایەنێك بەڕاستی شەڕ و پێكدادانێكی گەورەی بوێ. بۆیە دۆخەكە ئیدارە دەكرێ، بەڵام مەترسییەكە ئەوەیە شتێكی بێ ئەنقەست و بەهەڵە رووبدات، لەو حاڵەتەدا ئەوە ئەركی دیپلۆماتیكی هەموومانە، واتە ئەوانەی لەو شەڕەدا بەشدار نین، كە گەرەنتی ئەوە بكەن هیچ تێگەیشتنێكی هەڵە نایەتە ئاراوە، هەرچەند هەڵەش دەكرێ. پێموایە چانسێكی باشمان هەیە ئەوە بكەین، بەڵام بێگومان دەمانەوێ دیالۆگ بەردەوام بێ. 
رووداو: بۆ تۆ، تیمەكە و ئەو پاسەوانانەش كە لەگەڵتن، هەتا چەندە عێراق و كوردستان سەلامەتە بۆ ئەوەی بگەڕێن؟
 
جۆناسان ویڵكس: ئێمە هەرێمی كوردستان بە یەكێك لە پارێزراوترین ناوچەكانی عێراق دەزانین. ئاشكرایە كە هەڕەشەكانی جارانی داعش لە كەركووك و مەخموور و شوێنەكانی دیكە هەیە و سفر نییە. بەڵام هێزە ئەمنییەكانی كورد ئاستێكی باشی ئاسایشیان دەستەبەر كردووە. بێگومان من هەست دەكەم كاركردن لە كوردستان ئاسانترە لەوەی لە بەشی زۆری عێراق كار بكەین. كاتێك لەگەڵ بزنسمانەكانی بەریتانیا قسە دەكەم، پێیاندەڵێم كە ئامۆژگاریی من بۆ گەشت ئەوەیە هەرێمی كوردستان گڵۆپی زەردە، سەوز نییە، واتە تۆ دەبێ ئاگادار بی، بەڵام ئێمە ناڵێین سەردانی هەرێمی كوردستان مەكەن. بێگومان هەندێك ناوچەی دیكە هەن، وەك ناوچە رزگاركراوەكان كە داعشیان لێبووە و هەتا ئێستاش لێیەتی و زۆر مەترسیدارن و ئێمە ئامۆژگاری هیچ كەس ناكەین بچێتە ئەو ناوچانە. بەڵام دەزانین كە بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئەو ناوچانە پێویستە درێژە بە هەڵمەتی دژی داعش بدەین، چونكە ئەوان لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، واتە لەسەر سنووری هەرێمی كوردستانن.
 
رووداو: بەم دواییە شاندێكتان چووبووە سووریا، دەمەوێ بزانم مەبەستتان لە ناردنی ئەو شاندە چییە، بە تایبەتی لە بەشی رۆژئاڤای كوردستان؟
 
جۆناسان ویڵكس: دوو شت هەیە كە ئێستا لەبارەی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا بیریان لێدەكەینەوە، یەكێكیان ئەوەیە كە دڵنیابینەوە لەوەی شەڕ روونادات، چونكە ئەمە لێشاوی پەنابەران و كۆمەڵێك لێكەوتەی نێگەتیڤی دیكەی بۆ وڵاتانی دراوسێ دەبێت. خاڵی دووەمیش ئەوەیە كە وەك دەزانین زۆر خەڵكی دەستبەسەر لەوێ هەن هەندێكیان پەیوەندییان بە بەریتانیاوە هەیە و چەكدار و خێزانی داعشن. ئێمە هەوڵدەدەین ئیدارەی ئەو كەیسانە بكەین، بە جۆرێك كە نەبن بە هەڕەشەیەكی زیاتر بۆ ئێمە و هیچ هاوپەیمانێكمان لە ناوچەكە. ئەوەی لە دەستمان بێ دەیكەین بۆ ئەوەی كوردی سووریا بەشێك بن لە پرۆسەی سیاسیی سووریا. 
 
رووداو: گیراوەكانی ئێوە ژمارەیان چەندە لەوێ؟ 
 
جۆناسان ویڵكس: ژمارەیان كەمە، ناگەنە ژمارەی سەتەكان، لە دەیەكاندان. 
 
رووداو: چۆن بڕیار لەبارەی چارەنووسیانەوە دەدەن، دەیانبەنەوە بەریتانیا؟
 
جۆناسان ویڵكس: نایانگەڕێنینەوە بۆ بەریتانیا. ئێمە سەرقاڵی گفتوگۆین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق كە ئاخۆ دەتوانین لە عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەو كەیسانەدا بكەین؟ كۆمەڵێك كێشە هەیە لەبارەی سزای لە سێدارەدانەوە كە مەسەلەكە ئاڵۆز دەكات. ئێمە تەنیا كاتێك دەتوانین شتێك لەمبارەوە لەگەڵ عێراقییەكان بكەین، ئەگەر رێز لە یاسا و بەرژەوەندییەكانی عێراق بگرین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن بۆڵتن.

جۆن بۆڵتن: ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات

جۆن بۆڵتن لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاری کردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ، دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، مافی کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.