هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لە سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە لقی 5ـی پارتی لە بەغدا و دەڵێت، ئاڵای کوردستان هێڵی سوورە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغدا هەڵیانکوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، ئاڵای کوردستان و پارتییان لەسەر لق داگرت و دواتر لەگەڵ بارەگاکە سووتاندیان و ژێرپێیان خست.
سەبارەت بەو رووداوە و سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە بەغدا، لاهوور تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تویتێکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی لە دەستبردن بۆ ئاڵای کوردستان دەربڕی و دەڵێت، ئەو ئاڵایە "بەخوێنی هەزاران رۆڵەی قارەمان پارێزراوە، ئەم ئاڵایە سیمبۆلی پێکەوە ژیان و ئاشتی و ئاوەدانییە".
لاهوور تاڵەبانی هەروەها نووسیویەتی، "هەر گرووپ و تاقمێک ئەگەر نیگەرانن لە کەسێک یان پارتێک، رێگەپێدراو نین دەست بۆ پیرۆزییەکانی نەتەوەکەمان بەرن. ئاڵای کوردستان هێڵی سوورە".
شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، پێش دوو رۆژ پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا کراوە، لە دوێنێوەش هێزێکیان ناردبوو کە پێیان دەگوترێت بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی هێزێکی زۆریان هێنابوو، بەڵام ئەمڕۆ بەیانی هیچ بەرپەرچدانەوەیەکیان بەرامبەر هێرشبەران و گێرەشێوێنان نەبوو، دەرگایان بۆ کردنەوە بە شێوەیەکی زۆر سووک و سانایی بەلێشاو رژانە سەر بارەگای لقمان و ئیتر بارەگای لق سووتا، بەڵام ئێمە پێشتر ئامادەکاری خۆمان کردبوو لە هەڕەشەکە ئاگاداربووین دەمانزانی نیازیان چییە و بە چ مەستێکیش هاتوون.
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت "بارهگا سووتاندن رێگهی شارستانی نییه بۆ دهربڕینی ناكۆكی لهگهڵ هیچ كهس و پارتێكدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ