باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق: پێویستە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت و پێشمەرگە یەکبخرێتەوە

11-02-2023
شیراز رەئوف
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق  ​
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق ​
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق دەڵێت: پێویستە عێراق بڕوا بە ئەمریکا بهێنێت کە هاوپەیمان و دۆستێکی ستراتیژییە و نیگەرانی ئەمریکا لەبارەی پشتیوانی گرووپەکانی سەر بە ئێران لەم کابینەیەی حکومەت بڕەوێنێتەوە. هەروەها دەڵێت، "پێویستە هەرێمی کوردستانیش پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدات و هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێنەوە." 
 
دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی رووداوی ئەمڕۆدا کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات باس لە سەردانی شاندی عێراق بۆ ئەمریکا، کێشەی بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراق، ئاییندەی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن دەکات و دەڵێت: سەرکەوتنی عێراق زۆر گرنگە بۆ ئەمریکا، چونکە سەرکەوتنی عێراق کانگای ئاسایشێکی سەرکەوتوو و پێشکەوتنێکی باشی ئابووریە بۆ تەواوی ناوچەکە. 
 
لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی "زۆر بێ ئومێدە لە گرژی بەردەوامی نێوان هەولێر و سلێمانی. کوردەکانی عێراق بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە بەغدا لەدەستدەدەن، ئەگەر لە سیاسەتکردنیاندا لەگەڵ بەغدا دەنگێکی یەکگرتووی کوردی پێکنەهێنن." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق 
 
رووداو: بەڕێز سیلیمان، سوپاس کە لە واشنتنەوە میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی. ئەم شاندەی عێراق کە هاتوون بۆ واشنتن جیاواز لە هەموو کۆبوونەوەکان پەیامەکەیان ئەوەیە کە بە ئەمریکییەکان بڵێن، ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتیی سوودانی کە تێیدا گرووپە نزیکەکان لە ئێران باڵادەستن هێشتا وەکو هاوبەشێکی ستراتیژی لە ئەمریکا دەڕوانێت. ئەمریکا بە ئاسانی بڕوا بەم پەیامەی عێراقییەکان دەکات؟ 
 
دۆگڵاس سیلیمان: پێش هەموو شتێک دەمەوێت سوپاست بکەم بۆ دووبارە میوانداریکردنم لە تەلەفزیۆنی رووداو. دەمەوێت سڵاوی خۆم بە هەموو بینەرەکانتان لە عێراق و هەموو شوێنێکی دیکەی جیهان بگەیێنم. هەروەها هاوخەمی خۆم بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەکەی هەفتەی رابردوو و خێزانەکانیان دەنێرم. گیانلەدەستدان و ئازاری خەڵک خۆم و خێزانەکەشمی زۆر دڵگران کرد، کە لە باکووری عێراق و تورکیا ژیاوین، دڵمان لەلایانە. 
 
لەبارەی پرسیارەکەی تۆوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە کارێکی هاوسەنگیکردنی زۆر سەختی هەیە کە دەبێت لە واشنتن بیکات. پرسی کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دۆلار لە عێراق پرسێکی نوێ نییە. ئەمە پرسێکە کە حکومەتی ئەمریکا لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ماوەیەکی زۆر زۆر درێژە کاری لەسەر دەکات، زیاتر لە 10 ساڵە. ئەوەش بۆ کۆنترۆڵکردنی چوونە دەرەوەی دۆلار و رێگەگرتن لە دۆلار بۆ چوونە نێو ئێران. هەروەها بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوەی پرۆسەی هاتنە ناوەوەی دۆلار بۆ عێراق بە باشی چاودێری کراوە و گەندەڵی تێدا ناکرێت. بۆیە، وەزیری دەرەوە و شاندەکەی دەبێت گفتوگۆیەکی تووند بکەن لەبارەی ئەوەی کۆنترۆڵکردنی ئەمریکا لەسەر دۆلار دەکرێت زیان بە ئابووریی عێراق بگەیێنێت، بەڵام دەبێت لە هەمان کاتیشدا بیرۆکەی باشتریان پێبێت لەبارەی چۆنێتی رێگەگرتنی رژانی دۆلار بۆ ناو ئێران، هەروەها بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوەی پرۆسەکە لە نێو عێراقیشدا گەندەڵی تێدا ناکرێت. 
 
رووداو: وەکو خۆت ئاماژەت پێکرد، زیاتر لە 10 ساڵە ئەم بابەتە هەیە و تازە نییە؛ بابەتی چوونی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران و وڵاتانی دیکە ناوچەکە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە، بەڵام بۆچی ئەمریکا لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ لە عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریدا ئەم مەرج و رێکارانە بسەپێنێت بەسەر عێراقدا؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: راستییەکەی من هۆکاری کاتەکەی نازانم. بە بڕوای من کاتەکەی پەیوەندییەکی ئەوتۆی نییە بە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران سوودانی و حکومەتەکەیەوە، بەڵکو پەیوەندییەکە بیبینی ژمارەیەکی زۆری دۆلار بوو لە نێو ئێران، هەروەها پێشێلکارییەکی زۆر لە ئاڵوگۆڕی دۆلاردا لە نێو عێراق، بۆیە پێموانییە ئەو دوو بابەتە پەیوەندییان بەیەکەوە هەبێت. من دەڵێم، ئەمریکا پێیوایە سەقامگیری عێراق، بەتایبەت سەقامگیری ئابووری گرنگە بۆ هەموو ناوچەکە. پێموایە هەوڵدەدەن لەگەڵ حکومەتدا کار لەسەر هەندێک چارەسەر بکەن کە هەردوولا پەسندی بکەن بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە. بەڵام وەک گوتم، دڵنیام ئەو پەیامەی وەزیری دەرەوە لە واشنتن دەیدرێتێ ئەوەیە، عێراق ناتوانێت پاشەکشە بۆ رابردوو بکات، ناتوانێت بگەڕێتەوە کاتێک کە کۆنترۆڵی خەرجکردنی دۆلار و هەناردەی دۆلار لە نزیکەوە چاودێری نەدەکرا، بۆیە پێموایە گفتوگۆیەکی تووند روودەدات. بەڵام ئەمریکا دەیەوێت پاڵپشتی ئابووری عێراق بکات و بەهیوایە لە نێو حکومەتی عێراق هاوبەشێک بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بدۆزێتەوە. 
 
رووداو: بەڵام ئێستا رەنگە ئەو هاوبەشەی کە باسی دەکەیت لەناو عێراقدا دۆزینەوەی بۆ ئەمریکا ئاسان نەبێت؛ کەواتە دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارەکەی سەرەتا. پەیامی سەرەکی شاندەکەی عێراق ئەوەیە کە بە ئەمریکا بڵێت، عێراق هێشتا وەک هاوبەشێکی دیپلۆماتی تەماشایی ئەمریکا دەکات. ئەمریکا دەتوانێت بڕوا بەم پەیامەی عێراق بکات؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: پێموایە یەکەم خواستی ئەمریکا ئەوەیە کار لەگەڵ حکومەتێکی یاسایی دەستووری و سەرۆکوەزیران سوودانیدا بکات. زۆر شت هەیە سەرۆکوەزیران کردوویەتی لە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ عێراقییەکان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. ئەمانەش باشن بۆ عێراق و ئەمریکاش پاڵپشتی لێدەکات. ئەوەی پێموایە پێویستە رووبدات و ئەو پەیامەی وەزیری دەرەوە و شاندەکەی لە واشنتن گوێیان لێدەبێت ئەوەیە، عێراق دەبێت چاکسازی زیاتر بکات، دەبێت بەربەستە بیرۆکراتییەکانی بەردەم کەرتی تایبەتی عێراق و کەرتی تایبەتی دەرەوە کەمبکاتەوە، هەروەها پێویستە رێگەی نوێ بدۆزێتەوە بۆ فراوانکردنی کەرتی تایبەتی عێراق ئەویش لە رێگەی کەمکردنەوەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی کاریگەری باندەکانی تاوانکاری و لە هەندێک جێگەش گرووپە میلیشیاکان. ئەمانە هەمیشە پەیامی تووندبوون کە حکومەتی عێراق لە 10 ساڵی رابردوودا گوێی لێبووە. ئەو پەیامانە بۆ سەرۆکوەزیران سوودانیش تووند دەبن. هەروەها لەبەرئەوەی پاڵپشتی سەرۆکوەزیران لە پەرلەمانی عێراق لە ئەندام پەرلەمانانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دێت. بەشێوەیەکی دیکە بیڵێم، لە خەڵکێکەوە کە زۆربەیان لایەنگری ئێرانن و لە دژی ئەمریکان، بۆیە ئەو پرسیارەی من هەمە ئەوەیە، هەرچەندە سەرۆکوەزیران سوودانی ژمارەیەک هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ هەوڵدان لە یارمەتیدانی حکومەتی عێراق بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە عێراقییەکان، ئایا ئەو چاکسازیانەی دەیکات و ئەو هەنگاوانەی دەیڵێت رێگەیان تێدەچێت؟ لەکاتێکدا ئەوانەی لە پەرلەمان پاڵپشتی دەکەن لایەنگری ئێرانن لە پەرلەمان. وەڵامەکەشم بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە کە "نازانم". بەهیوام پەیوەندییەکی هاوسەنگ دروستبکەن لەگەڵ ئەمریکا و بەشداری ئابووریی ئەمریکا و کەرتی تایبەتی ئەمریکی لە عێراق زیادبکەن کە بۆ خەڵک باش بێت. ئێمەش رێگە بە سەرۆکوەزیران دەدەین هەندێک لەو هەنگاوە گرنگانە بنێت. 
 
رووداو: ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت ئەو مەرج و چاوەڕوانییانەی ئەمریکا جێبەجێ بکات، پێشبینی دەکەیت کە ئەمریکا لە قۆناخێکدا سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: راستییەکەی پێشبینی بۆ ئەنجامی گفتوگۆیەک لە واشنتن ناکەم کە هێشتا نەشکراوە. ئەوە ئەرکی بلینکن، وەزیری دەرەوە و سەرۆک بایدن و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییە کە بڕیاربدەن. من ئەوە بە بیر عێراقییەکان دەهێنمەوە کە سەرۆک بایدن هاوڕێی عێراقە. کە یەکەم جار لە بەغدا بووم لە 2011، بایدن جێگری سەرۆک بوو و بەشدارییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ سیاسەتی حکومەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق هەبوو. ئەو بە تایبەتی دەیویست عێراق سەرکەوێت، دەیویست پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق باشتر ببن. بۆیە ئێوە گوێگرێکی لایەنگرێکتان لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەشدا هەیە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا سەرۆکوەزیران سوودانی و وەزیری دەرەوە و شاندەکەی دەتوانن هەنگاوی پێویست بنێن تا وا لە حکومەتی ئەمریکا بکەن بەردەوام بێت لەوەی لە نزیکەوە کار لەگەڵ عێراق بکات؟ راستیەکەی نازانم وەزیری دەرەوە چی پێیە و لەم کاتەشدا نازانم وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و کۆشکی سپی داوای چی دەکەن. ئەوە پشت بەو گفتوگۆیانە دەبەستێت کە بڕیارە ئەم هەفتەیە لە واشنتن بکرێت. 
 
رووداو: سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم شاندەوە گفتوگۆیەکی ئەرێنی لەگەڵ واشنتن دروست ببێت و لە داهاتوودا رێگە خۆش بکات تاوەکو کۆبوونەوەیەکی لووتکە لەنێوانی خۆیی و سەرۆک بایدن دروست ببێت، ئایا ئەو ئامادەییە هەیە لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: کۆشکی سپی بە گشتی ئامادەیە بەخێرهاتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات، چونکە وەک گوتم، سەرکەوتنی عێراق زۆر گرنگە بۆ ئەمریکا، چونکە سەرکەوتنی عێراق کانگای ئاسایشێکی سەرکەوتوو و پێشکەوتنێکی باشی ئابوورییە بۆ تەواوی ناوچەکە. من دەڵێم، هەمیشە گرنگە سەرکەوتنی گەورەتر هەبن، شتێک کە سەرۆکوەزیران بتوانێت بیهێنێت بۆ کۆشکی سپی؛ تاوەکو باس لەوە بکەن چۆن پەیوەندی ئەمریکا و عێراق فراوان بووە؛ پێموایە ئەمە ئەرکی لایەنی سەرۆکوەزیرانە. پێموایە وەزیری دەرەوە ئەمە دەزانێت، چونکە ئەو زۆر بە ئەزموونە و بە باشی واشنتن دەناسێت. پرسیارەکە لێرەدا دەبێت بەوەی، سەرۆکوەزیران دەتوانێت چی بۆ واشنتن بێنێت کە ئەوە نیشان بدات حکومەتەکەی هێشتا پابەندە بە پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ واشنتن، بە تایبەت لە بابەتی کاریگەریی پاڵپشتییە پەرلەمانییەکەی کە زۆربەیان لایەنگری ئێرانن. پێموایە دانوستاندنێک لەو بارەیەوە دەکرێت و پێویستە شتێک هەبێت سەرۆکوەزیران لەگەڵ خۆیدا بیهێنێت کە ئەوە نیشانبدات کە عێراق گرنگی بە فراوانکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن دەدات.
 
رووداو: باسی وەزیری دەرەوەی عێراقت کرد د. فوئاد حوسێن، ئەوەندەی ئێمەش بزانین د. فوئاد حوسێن پەیوەندییەکی لەمێژینەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکادا هەیە لەسەر ئاستی کەسیش یەکتر باش دەناسن، ئێستا د. فوئاد حوسێن نوێنەرایەتی دیبلۆماسییەتی عێراق دەکات، وەک گوتیشتان جۆ بایدن هاوسۆزە لەگەڵ عێراق و دەیەوێت یارمەتی حکومەتی عێراق بدات، د. فوئاد حوسێن دەتوانێت چ رۆڵێک بگێڕێت لەم نێوەندەدا؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: پێموایە دکتۆر فوئاد رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لەم گفتوگۆیانەدا، نەک تەنیا لەگەڵ سەرۆکدا، بەڵکو لەگەڵ وەزیری دەرەوە، بلینکن و بەرپرسانی باڵای دیکەش. ئەوەی کاک فوئاد پێویستە بیکات گفتوگۆیەکی زۆر جیددی و زۆر راستەقینەیە لەبارەی ئەو هەلانە و ئەو کێشانەش کە لە عێراقدا رووبەڕووی ئەوانە دەبنەوە کە دەیانەوێت پەیوەندییەکی نزیکتر لە نێوان عێراق و ئەمریکادا دروستبکەن. ئەو لە پێگەیەکی زۆرباشدایە بەهۆی پەیوەندییە تایبەتییەکانییەوە و ئەو راستییەش کە ئەو کرۆکی هەموو کێشەکان لە کوردستانی عێراق و تەواوی عێراقیش دەزانێت. ئەو لە پێگەیەکدایە بتوانێت قسە لە جیاتی هەموو عێراق بکات. پێموایە گفتوگۆیەکی راشکاو زۆر گرنگ دەبێت بۆ زیاتر لێکتێگەشتن لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و جێگەی دیکەش لە واشنتن لەبارەی ئەوەی کە واشنتن چۆن دەتوانێت هەنگاو بنێت تاوەکو بۆ عێراقی ئاسانبکات هاوئاهەنگییەکان فراوانبکات. 
 
رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا لەناکاو سێرگێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گەیشتە بەغدا، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەن لاڤرۆڤ داوای لە عێراق کردووە کە عێراق و رووسیا بە یوانی چینی و رۆبڵی رووسی مامەڵەی بازرگانی بکەن لەنێوانیاندا، ئەمریکا چۆن دەڕوانێتە ئەمە؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: ئەمریکا ناتوانێت شتێکی ئەوتۆ بکات لەبارەی ئەوەوە، بەڵام راستییکەی بڕی پێویستی یەن و بڕی پێویستی رەبڵ نییە کە بەڕاستی بتوانێت بەشێکی گەورەی بازرگانی نەوت بەڕێوەبەرێت. تەنیا دۆلار دەتوانێت ئەو کارە بکات. سەدان ملیار دۆلارت پێویستە تاوەکو بتوانیت بازرگانییەکی گەورە لە نەوتدا بکەیت. پێموایە لە واشتنتن پەیامێکی زۆر تووند دەدرێتە عێراقییەکان کە ئەو کارە نەکەن، بەتایبەت لە کاتی داگیرکارییە تووندوتیژەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ساڵێک پێش ئێستا. هەرچییەک کە یارمەتی پاڵپشتیکردنی ئابووریی رووسیا بدات، دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی جەنگ لە ئەوروپا و هۆکارێک بۆ دابەشبوون. بۆیە پێموایە وەزیری دەرەوە پەیامێکی زۆر تووندی لە واشنتنەوە دەدرێت بە گوێدا کە بە هەوڵی رووسیا بۆ گۆڕینی دراوی نێودەوڵەتی بازرگانی بۆ دراوێکی دیکە رازی نەبێت. راستییەکە ئەوەیە، ئێستا تەنیا دۆلاری ئەمریکی ئەو بەهایەی هەیە کە ئەم بازرگانییە بەڕێوەبەرێت. بۆیە کاتێکی زۆری دەوێت هەم بۆ یەن و هەمیش بۆ رەبڵ کە من هەرگیز نەمبینیوە ئەوەندە بەهاکەی سەقامگیر بێت بتوانێت بازرگانی نەوت بەڕێوەبەرێت. بۆیە پێموایە واشنتن یەکجار ئەوەندەش نیگەران نییە لەو بارەیەوە، بەڵام پەیامێکی تووند بۆ عێراق دەنێرێت کە یارمەتی رووسیا نەدات و پاڵپشتی داگیرکردنەکەی ئۆکراینای نەکات. 
 
رووداو: وەزیری دەرەوەی عێراق ماوەیەک پێش ئێستا رایگەیاند کە ئەمریکا رازی نییە مامەڵەی بانکی لەنێوان عێراق و رووسیادا هەبێت، خۆشت چەند ساڵێک لە عێراق بوویت و دەزانیت کە کۆمەڵێک کۆمپانیای رووسی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا کار دەکەن، عێراق چۆن دەتوانێت شایستە داراییەکانی ئەم کۆمپانیایانە بدات بەشێوەیەک کە ئەمریکاش تووڕە نەکات؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: من شارەزایەک نیم لەسەر ئەو بازرگانیانەی بە دۆلار و دینار لە نێو عێراقدا ناکرێن. بەڵام ئەوە دەزانم کە ئیدارەکە زۆر نیگەرانی ئەو ناوچانەن لە جیهان کە رێی تێدەچێت تێیاندا سیستمی بانکی رووسیا لەگەڵ سیستمی بانکی نێودەوڵەتیدا یەکترببڕێت. یەکێک لەو رێگانەی ئەمریکا بەرپەرچی داگیرکاری تووندوتیژی رووسیا لە ئۆکراینا دەداتەوە ئەوەیە زۆر سەختی بکات بۆ رووسیا و کۆمپانیا رووسیەکان کە بازرگانی بکەن. هەر ئەمەش هۆکاری ئەو سزایانەیە کە سەپێنراوە، تاوەکو ئەو باجەی رووسیا و کۆمپانیا رووسیەکان دەیدەن لە سایەی داگیرکارییەکەی ڤلادمیر پووتین هەرچەندی رێی تێبچێت بەرزبێت دەنگێکی هاوسۆز لە واشنتن نادۆزنەوە ئەگەر خواستیان لەسەر فراوانکردنی بازرگانی لەگەڵ رووسیا هەبێت.
 
رووداو: دەمانەوێت چەند پرسیارێک لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە بکەین، ئێستا ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە واشنتن چۆن تەماشا دەکرێت، وەکو پرسێکی نێوخۆیی عێراق تەماشا دەکرێت یان هێستا ئەو پاڵپشتییەی کە کورد چاوەڕوانی دەکات لە ئەمریکاوە ماوە؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: پێموایە واشنتن گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەم وەکو کێشەیەکی نێوخۆی عێراق، هەمیش وەک کێشەیەکی نێودەوڵەتی دەبینێت کە دەبێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئەو بەشانەی دیکەی حکومەتی ئەمریکاوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کە ئەرکیان سیاسەتی دەرەوەیە. پێموایە بە گشتی تێڕوانینێک هەیە کە حکومەتی ناوەندی بەغدا هەوڵدەدات کۆنترۆڵی زیاتری بەسەر هەرێمی کوردستاندا هەبێت، کۆنترۆڵێکی زیاتری بەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هەبێت و بە تایبەتتریش کۆنترۆڵێکی تەواوەتی بەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بۆ جیهان هەبێت. ئەمە زۆربەی ئەو رێگایانەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان مامەڵەی پێدەکەن لەگەڵ عێراق. کۆمپانیا ئەمریکییەکان زیاتر لە نێو هەرێمی کوردستان کاردەکەن لە عێراق، ئەوەش لەبەر ئەو ژێرخانە یاساییەی کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە خراوەتە کار لە رابردوودا. 
هەروەها ئەوەش کە دەستووری عێراق لەلایەن سەرکردایەتیی کوردەوە قبوڵکراوە کە حکومەتی هەرێم توانای ئەوەی هەیە پەیوەندی ئابووریی جیاوازی هەبێت و ژێرخانی ئابووری جیاوازیش دابمەزرێنێت. کەمێک نیگەرانم لەوەی، وەک کێشەیەکی نێوخۆیی، بەغدا بیەوێت ئەو جووڵە ئابووریەی هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات. پێموایە لەو دۆخەدا بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش سەخت دەبێت بەردەوامبن لە کارکردن لە کوردستان، بۆ کوردستانیش سەخت دەبێت کە بتوانێت سەرنجی کۆمپانیای ئەمریکی، ئەوروپی و رۆژئاوایی دیکە رابکێشێت بۆ کارکردن لە کوردستان. دووبارە، جارێ نازانم تا چ رادەیەک بەغدا دەیەوێت کۆنترۆڵی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بکات لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو هەنگاوانەی بینیومن، بە تایبەت بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، بەرەو ئەوەم دەبەن کە بڕوا بەوەبکەم، خواستێک هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ تەواوی جیهاندا، بە تایبەتی لە بازرگانی نەوت و گازدا. بۆیە کەمێک لەو بارەیەوە نیگەرانم کە وەک کێشەیەکی نێوخۆیی عێراق، بەغدا بیەوێت دڵنیابێتەوە کە سەروەریی تەواوەتیان بەسەر هەموو وڵاتەکەدا هەبێت و دەست بەوە بکات دەستووری عێراق بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەرچوونی دەستوورەکەوە تێیگەشتووە، وەربگێڕێت. 
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستانیش بۆچوونێکی وا هەیە لەبارەی نییەتی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان، بەڵام جگە لە کێشەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا هەرێمی کوردستان لە ناوخۆشدا کێشەی زۆرە ئێستا بە تایبەتی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دوایین سەردانیشیدا برێت مەکگۆرک داوای لە هەردوو لایەن کردبوو ئەم کێشانە چارەسەر بکەن و پێی گوتبوون کە جێگەی نیگەرانی ئەمریکایە؛ ئەمریکا چۆن لەم کێشانە دەڕوانێت؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: پێموایە ئەمریکا زۆر بێ ئومێدە لە گرژی بەردەوامی نێوان هەولێر و سلێمانی، لە نێوان یەکێتی و پارتی. بۆ نموونە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ئەگەر دەنگی کوردستان، دەنگی پارتە سیاسییە کوردییەکان یەکگرتوو بووایە، ئەو کاتە کوردستان دەیتوانی بڕیار بدات کێ دەبێتە سەرۆکوەزیران. ئەویش چونکە دەنگی ئەوان پێویست بوو بۆ هەر بەربژێرێک کە ببێتە سەرۆکوەزیران. ئەگەر هەر نیگەرانییەک لە هەولێر یان لە سلێمانی هەبێت کە بەغدا زۆر تووند بووە لەم حکومەتە نوێیەدا یان ئەو پاڵپشتییە سیاسییەی سەرۆکوەزیران هەیەتی لەوەی شتی زیاتر لە هەرێمی کوردستان ببات، ئەوا پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەیانتوانی 6 یان 7 مانگ لەمەوپێش رێگری لەوە بکەن، ئەویش بە هەبوونی پێگەیەکی یەکگرتوو لە دروستکردنی حکومەتی بەغدا. ئەوەش دەزانم کە لە مێژووشدا، لە دوای 2003ـوە سەرکردایەتی کورد نەیویستووە ئەو رۆڵە ببینێت و پێموایە کاتێک دەنگێکی یەکگرتوو لە هەولێر و سلێمانییەوە هەبێت، ئەوە زۆر ئاسانتر دەبێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات. هەروەها بۆ پارتە سیاسییەکانیش کە دڵنیابنەوە لەوەی بەرپرسانی حکومەت لە بەغدا هاوسۆزن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بۆیە پێموایە، گرنگترین خاڵ لێرەدا ئەوەیە، کوردەکانی عێراق بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە بەغدا لەدەستدەدەن ئەگەر لە سیاسەتکردنیاندا لەگەڵ بەغدا دەنگێکی یەکگرتووی کوردیی پێکنەهێنن.
 
رووداو: شکستی هەردوولا پارتی و یەکێتی لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان، هەروەها دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش کە پایەیەکی سەرەکی دیموکراسییە کاریگەریی دەبێت لەسەر پشتیوانیی و پشتگیریی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەندێک کاریگەری لەسەر پاڵپشتی ئەمریکا دەبێت، چونکە ئیدارەی ئێستای سەرۆک بایدن و پاڵپشتییەکەی لە پارتی دیموکراتەکان سەرنجێکی زۆر زۆر راستەوخۆیان لەسەر جیاوازییەکی نێودەوڵەتی نێوان ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی دیموکراسیانە بەڕێوەدەچن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بە ئۆتۆکراسی بەڕێوەدەچن، بۆیە هەر هەنگاوێک کە هەر حکومەتێک لە جیهاندا بینێت کە دیموکراسی کەمدەکاتەوە، لەوانە جێبەجێنەکردنی چەند خاڵێکی دەستوور یان دواخستنی هەڵبژاردنەکان شتانێکن کە زۆر بە جیددی وەردەگیرێت لە واشنتن. 
 
لەگەڵ ئەوەشدا، پێموانییە ئەو نیگەرانییەی لەبارەی دیموکراسییەوە هەیە لە کوردستانی عێراق کاریگەریی گەورە لەسەر هاریکاریی ئاسایش دابنێت. ئێمە هێشتا زۆر نیگەرانین لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش، کە لە تەواوی سنووری باشووری هەرێمی کوردستاندا هەن. پاڵپشتییەکانمان بۆ پێشمەرگە بەبێ دابڕان بەردەوامە و هاریکاری زۆر دیاری کۆنگرێسیش بۆ پێشمەرگە هەر دەمێنێت ئەمە جگە لەو پاڵپشتییەی دەدرێتە یەکە سەربازی و ئاسایشەکانی بەغدا یان ئەوانەی پەیوەندییان بە بەغداوە هەیە، بەڵام ئەگەر کوردستان نەتوانێت کاتێک بۆ هەڵبژاردنەکان دابنێت و هەڵبژاردن نەکات و پەرلەمانێکی هەرێمی نوێ دانەمەزرێنێت و سەرۆکوەزیرانێکی نوێ هەڵنەبژێرێت، ئەوە زۆر بە نەرێنی لە واشنتن سەیر دەکرێت، بەتایبەت لەم ئیدارەیەدا.
 
رووداو: هەر لەبارەی پێشمەرگەوە کە باست کرد، ئەمریکا هاوکار و پاڵپشتێکی سەرەکیی پێشمەرگەیە، بەڵام ئەمریکا لە بەرامبەردا داوای ریفۆرمی پێشمەرگەشی کردووە، کاتێک ئەو ریفۆرمە دەستیپێکرد کە بەڕێزت لە بەغدا بوویت و باڵیۆزی ئەمریکا بوویت، بەڵام هێشتا هێزی پێشمەرگە لە کوردستان یەکنەخراوەتەوە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، پرسیارەکە ئەوەیە سەرەتا ئەم ریفۆرمە کە دەستیپێکرد هیچ وادەیەکی دیاریکراو هەبوو کە تاوەکو چەند ساڵ دەبێت ئەم ریفۆرمە تەواو بکرێت، ئەگەر پارتی و یەکێتی شکست بهێنن لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، پاڵپشتی ئەمریکا و کۆنگرێس بۆ پێشمەرگە هەر بەردەوام دەبێت یان ئەویش نامێنێت؟
 
دۆگڵاس سیلیمان: راستییەکەی پرسیارەکەت زۆر بڕیاردەرانەیە. کاتێک ئەمریکا دەستی بە هاریکاری کرد بۆ چاکسازی بیرۆکراسی و چاکسازی ئاسایش، هیچ کاتێک دانەنا. ئێمە دەزانین ئەوە کێشەی زۆر سەختن کە چارەسەر بکرێن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بەرەوپێشچوونی لەسەرخۆ و بەردەوام ببینین. بۆ نموونە، ئەگەر کامپەینێکی دژ بە گەندەڵیت لەگەڵ حکومەت هەبێت، دەتەوێت ئەوە ببینیت کە حکومەتەکە چۆن ساڵ بە ساڵ کارەکانی باشتر دەبێت. هەمان شتیش بۆ هارکاریی ئاسایش و راهێنانی هێزی سەربازی و ئاسایش راستە. ئێمە چاوەڕێی ئەوە ناکەین لە یەک یان دوو ساڵی هاریکاری، راوێژکاری یان راهێنانکردندا بە تەواوی دامەزراوەیەکی ئاسایش کە دەیان ساڵە بە دابڕاوی هەیە، باشبکەین. ئەوەی واشنتن دەیەوێت بیبینێت بەرەوپێشچوونێکی بەردەوامە بۆ ئەو ئامانجەی هێزێکی یەکگرتووی سیاسی پێشمەرگە هەبێت کە بتوانێت جموجوڵ بکات و وەڵامدانەوەی هەبێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ پارتە سیاسییەکان، بەڵکو فەرمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
 
رووداو: بەڕێز دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق سوپاس کە میوانی رووداوی ئەمڕۆ بوویت لە واشنتنەوە.
 
دۆگلاس سیلیمان: سوپاس بۆ ئێوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە