رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر رایدەگەیێنێت، کردنەوەی دەروازەی زێت - دەرەجیک لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، خواست لەسەر داواکاریی ڤیزای تورکیا زیاتر دەکات. دەشڵێت: "لەسەر ئاستی عێراقدا، کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر زۆرترین ڤیزا دەداتە گەشتیاران."
رۆژی چوارشەممە، 10-05-2023، دەروازەی زێت کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سۆران لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە رێوڕەسمێکدا کرایەوە. مەولوود یاقووت، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شەوکەت هەرکی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ دەروازەکە، گوتی: "دەروازەکە لە هەنگاوی یەکەمدا، تەنیا بۆ هاموشۆی خەڵکی و گەشتوگوزارە، کە دواتر دەگاتە ئاستی چالاکییە بازرگانییەکان".
سەبارەت بە ژێرخانی دەروازەکەش، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان گوتی: "ژێرخانی گواستنەوە و گەیاندن لە دیوی تورکیا هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام لە دیوی دەسەڵاتی هەرێمی کوردی عێراق پێویستی بە کارکردنی زیاترە بۆ بەهێزکردنی."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەولوود یاقووت، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر:
رووداو: خەڵکی ناوچەکە بە هەردوو دیوی، چاوەڕوانییان هەیە لەگەڵ کرانەوەی ئەم دەروازە سنوورییە، بووژانەوەیەکی بازرگانیی لە بەرژەوەندیی هەردوولایەن بەدی بکرێت. ئێوە بۆچوونتان چییە و ئایا ئەم دەروازە سنوورییە لەم قۆناخەدا چالاکیی بازرگانیی تێدا دەکرێت؟
مەولوود یاقووت: سەرەتا دەمەوێ دڵخۆشی خۆم دەرببڕم ئەمڕۆ لەم ناوچەیەم، راستییەکەی هەڵکەوتەیەکی زۆر نایابی جوگرافی هەیە و سرووشتەکەیشی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشە. بەڕاستی شوێنێکی یەکجار خۆشە، دەمەوێ ئەوە بڵێم بەڕاستی سەرسامی جوانیی سروشتەکەی بووم. یەکەمجارمە سەردانی ئێرە بکەم و زۆر خۆشحاڵم. ئەمڕۆ لێرە لەم رێوڕەسمەدا دەروازەی سنووریی دەرەجیک – زێت-مان کردەوە کە دەمێکی زۆر لە چاوەڕوانی کرانەوەیدا بوو. چەندین ساڵە لە رۆژەڤماندا بوو، خەڵکی هەردوولایەنمان چاوەڕوانییەکی لەم ئاستەیان هەبوو، بەهۆی ئەوەی کەسوکاری یەکدین و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی زۆر بەهێزیان هەیە و پێویستە سەردانی یەکدی بکەن بەتایبەتی لە بۆنە جیاوازەکاندا، لە جەژنەکاندا، لە پرسە و خۆشییەکاندا. هۆکاری سەرەکیی کردنەوەی ئەم دەروازە سنوورییە بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە، ئینجا فاکتەر و پاڵنەری دیکەی بەدوادا دێت.
راستییەکەی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان دیوێکی گەشەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندیی بازرگانیشی هەیە، هیوادارم دەروازەی سنووریی دەرەجیک – زێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەو تایبەتمەندییە لەخۆبگرێت بۆ ئەوەی لە هەمان کاتدا فاکتەری پەیوەندیی و چالاکییە بازرگانییەکانیش تێیدا بەرجەستە بکرێت، بەڵام وەک ئاشکرایە، لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا بۆچوون و هاتنی هاووڵاتییانە واتە بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و رێگەگرتنە لە قاچاخچێتیی و رێکخستنی چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان سنوورەکان. پەنا بەخوا لە داهاتوودا وەبەرهێنان لە ژێرخانی بەهێزکردنی تایبەتمەندیی چالاکییە بازرگانییەکان دەکرێت و پێموایە لە سایەی ئەم دەروازە سنوورییەوە، بووژاندنەوەیەکی زۆر بەپیت بۆ ناوچەکە بەدی دەکرێت.
رووداو: یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی سەرخستنی ئەم دەروازە سنوورییە، گواستنەوە و گەیاندنە کە مەبەستم بۆ هەردوو دیوە، بەهۆی ئەوەی ئەم دەروازەیە لە هەڵکەوتەیەکی جوگرافیی سەختدایە. پێتانوایە رێگەکان تا چەند گونجاون بۆ بەکارهێنانیان لە چالاکییە بازرگانییەکان؟ ئایا ژێرخانی گواستنەوە و گەیاندنی بەرچاو دەستەبەرکراوە؟
مەولوود یاقووت: ژێرخانی گواستنەوە و گەیاندن لە قۆناخی داهاتوودا پلانی بۆ دادەڕێژرێت. باسمکرد، هەنگاوی یەکەم تەنیا بۆ هاموشۆی خەڵکی و گەشتوگوزارە کە دواتر دەگاتە ئاستی چالاکییە بازرگانییەکان. لە دیوی تورکیا هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام لە دیوی دەسەڵاتی هەرێمی کوردی عێراق پێویستی بە کارکردنی زیاترە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوە و گەیاندن.
رووداو: بەڕێزتان دەزانن هەردوو دەروازەی سنووریی ئوزوملو و خابووریش هەن، لە هەردوو دەروازەکەدا چالاکییەکی زۆر بەدی دەکرێت، پێتانوایە بە کردنەوەی دەروازەی زێت، باری قورسی سەر ئەم دوو دەروازەیە کەمێکیش بێت سووک دەکاتەوە؟
مەولوود یاقووت: بەدڵنیاییەوە لەو باوەڕەدام ئەرکەکانیان سووک دەکات، وەک باسمکرد خەڵکی ئێرە کەسوکاری یەکدین و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بەهێز لەنێوانیاندا هەیە و پێویستە هاموشۆکردنیان بەردەوام بێت و نەپچڕێت. بۆ سەردانیکردنی یەکدییان ناچاربوون سەتان کیلۆمەتر ببڕن بۆ ئەوەی لە دەروازەی ئوزوملو بپەڕنەوە، بۆیە کردنەوەی دەروازەی دەرەجیک خاڵێکی زۆر گرنگ و ئەرێنی بوو. لە هەمانکاتدا کارئاسانییەکی یەکجار زۆریش دەکات.
رووداو: هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان، یان گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلەکان سەری زمان و بنی زمانی هاووڵاتییانی هەردوو دیوە. لێرە بەردەوام ئەم پرسیارە دەکەن، منیش هەمان پرسیار لە بەڕێزتان دەکەم، هاووڵاتییان کەی دەتوانن بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەشت بکەن؟
مەولوود یاقووت: هاتووچۆی هاووڵاتییان بە ئۆتۆمبێلەکانیان لە رێگەی ئەم دەروازەیەوە، پێویستی بە هاوئاهەنگی و رێکخستنی کاروبارەکان هەیە لەلایەن دامودەزگاکانی هەردوولا. لە قۆناخەکانی داهاتوودا، ئەم بابەتە بڕیاری لەبارەیەوە دەدرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەنگاوی یەکەممان نا، هەنگاوەکانی دیکەش یەک بەدوای یەک دێن.
رووداو: دەزگای ئاماری تورکیا مانگانە ئاماری کڕینی خانووبەرە لەلایەن بیانییەکانەوە بڵاودەکاتەوە و عێراقییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو یەکەی نیشتەجێبوون لە ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و ئیزمیر دەکڕن. پێتانوایە لە قۆناخەکانی داهاتوودا هاووڵاتییانی عێراقی لە رێگەی ئەم دەروازەیەوە یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ و ئامەد بکڕن؟
مەولوود یاقووت: ئەمە پرۆسەیە و هەنگاوی یەکەممان بۆ ناوە، هاتووچۆی هاووڵاتییان ئاسانتر دەبێت و دڵنیام سوودی بۆ گەشتوگوزاریش دەبێت، بەتایبەتی چاوەڕوانییەکانم لە کەرتی گەشتوگوزاری تەندروستییە، بەهۆی ئەوەی لە تورکیا نەخۆشخانەی زۆر پێشکەوتووی نزیک لەم جوگرافیایە هەیە کە لە رووی کوالێتی و ستاندەردی پزیشکی، زۆر پێشکەوتوون. لە رێگەی ئەم دەروازەیەوە، خەڵکی بۆ چارەسەری روو لە پارێزگا نزیکەکانی تورکیا دەکەن. بەهەمان شێوە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی بیر لە کڕینی یەکەی نیشتەجێبوونیش بکەنەوە لەم ناوچانەدا. ئەمە پرۆسەیەکی سرووشتییە و دەکرێ هەموو شتێک بەدوای یەکدیدا بێن.
رووداو: بەکرانەوەی دەروازەی سێیەم، خواست بۆ بەدەستهێنانی ڤیزاش زیاد دەکات. ئێوە وەک کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر هیچ ئامادەکارییەکتان بۆ ئەم بابەتە کردووە؟ پلانی پێشترتان هەبووە؟ چاوەڕوانییەکی لەمشێوەیەتان هەبووە؟ پێتانوایە داواکاریی بۆ وەرگرتنی ڤیزا؟
مەولوود یاقووت: داواکاریی بۆ وەرگرتنی ڤیزا روو لە هەڵکشان دەکات، ئێمەش بۆ ئەم بابەتە ئامادەین. کۆنسوڵگەریی گشتیی تورکیا لە هەولێر یەکێکە لەو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەی تورکیا لە عێراق کە زۆرترین داواکاریی ڤیزای پێشکێش دەکرێت، بۆیە ژێرخانی بەهێزمان هەیە و کێشەمان نابێت لە زیادبوونی خواستەکان.
رووداو: کێشەی هۆتێل هەیە، لە شەمزینان و دەرەجیک، بۆ ئەمە چ پلانێک لە دیوی تورکیا هەیە. بەڕێزتان دەزانن، یەکێک لە خاڵی سەرکەوتنی کەرتی گەشتوگوزار بوونی میوانخانە و هۆتێلە بۆ حەوانەوەی گەشتیاران. دەکرێ لەم نێوەندەدا پرۆژەی هاوبەش هەبێت؟
مەولوود یاقووت: بەزیادبوونی قەبارەی هاتووچۆ و گەشتوگوزاری، ئێمە سوودمەند دەبین و روو لە وەبەرهێنان دەکەین و وەک زنجیر ئەڵقە دوای ئەڵقە یەکدی رادەکێشن و بوار بۆ وەبەرهێنان لە کەرتەکانی دیکەش دەڕەخسێت. لەم بوارەدا من گەشبینم.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم، تا چەند دەرفەت بۆ دۆزینەوەی هەلی کار دەدات. وەک دەزانرێت لە هەردوولا بێکار هەن، هەلی کاریان بۆ دەدۆزرێتەوە؟
مەولوود یاقووت: بە گەشەسەندنی چالاکییە بازرگانییەکانی ئەم دەروازە سنوورییە، دۆخی ئابووریی خەڵک باشتر دەبێت، بەو مەرجەی بەشێوەیەکی رێکخراو بازرگانیی بکرێت نەک بە قاچاخ. ئیدی دەروازەی سنووریی دەرەجیک بوار بە بازرگانیی رێکخراو دەدات و ئەمەش لە هەموو روویەک پێشهاتێکی زۆر گرنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ