د. تۆرهان موفتی: ئێران هێشتا کار بە رێککەوتننامەی جەزائیر دەکات و ئاو بۆ عێراق بەرناداتەوە

08-03-2025
شیراز رەئوف
د. تۆرهان موفتی، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
د. تۆرهان موفتی، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو دەڵێت بەهۆی رێککەوتنی عێراق و تورکیا لەبارەی بەردانەوەی ئاو، پشکی ئاوی عێراق لە دیجلە، بۆ دووهێندە بەرزبووەتەوە، بەڵام ئێران پابەند نییە بە رێککەوتنەکان و وەکو پێویست بەشە ئاوی عێراق بەرناداتەوە.
 
د. تۆرهان موفتی، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی عێراق یەکێکە لەو 15 وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانە ژینگەییەکانیان لەسەرە لەسەر ئاستی جیهان دا. گوتیشی "تاوەکو ئێستا نەچووینەتە قۆناخی بەبیابانبوون، بەڵکو لە قۆناخی هەژاریی ئاوداین و هەموو جیهان بەوەوە دەناڵێنێت، بەڵام لە جیهان و لەنێو سەدان وڵات دا، یەکێک لەو 15 وڵاتەی زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، عێراقە کە بەدەست گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە دەناڵێنێت."
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێ "عێراق رێژەیەکی زۆر باشی گلدراوەی ئاوی ژێرزەویی هەیە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە بەرهەمێکی هەڵسەنگێندراوە، هەندێک کات بەتایبەتی دوای ساڵی 2003، ئەو حکومەتانەی پێکهێندران گرنگییان بەم بابەتە نەدا، بۆیە ژمارەیەکی زۆر بیر بەبێ هەڵسەنگاندن هەڵکەندران، راستە بیرەکان لە سەرەوە لە یەکتر جیان، بەڵام لە ژێرەوە هەموویان لەسەر یەک سەرچاوەن و دادەبەزنە سەر یەک کۆگەی ئاو."
 
"کاتێک ژمارەی بیر لە رووبەرێکی دیاریکراو زیاتر دەبێت لە ژمارەی هەڵسەنگێندراو، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و داڕمانی هەموو کۆگەکان، ئێمە لە ئاوی ژێرزەویدا ئەو کێشەیەمان هەیە، بەشێوەیەکی گشتی لە عێراق ژمارەیەکی زۆر بیر هەن."

دەقی گوتەکانی د. تۆرهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە ئەمشەو (شەممە، 8-3-2025) پەخش کرا:

رووداو: ئەوەی پەیوەندیی بە ئاوەوە هەیە بابەتێکی زۆر گرنگە لە عێراق بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق، هەروەها ئەو کاریگەرییانەی لە وڵاتانی دیکەوە دێن، ئەگەر لە داهاتی ئاوی ئێستاوە لە عێراق دەستپێبکەین، بەتایبەتی دیجلە و فورات، ئێستا چەندە؟
 
تۆرهان موفتی: تاوەکو وێنەکە روون بێت، عێراق نزیکەی 75٪ـی سەرچاوەکانی ئاوی لە دەرەوەیە، پشکی گەورەمان لە تورکیاوە بۆ دێت، دوای ئەویش ئێران، بەشێکی زۆر کەمیش کە رێژەکەی لەبەردەست نییە بەڵام زۆر کەمە، لە سووریاوە دێت، ئەم داهاتانەی ئاو زۆرینەیان یان بە گشتی لەو وڵاتانەوە دێن، بڕی داهاتی ئاوی نێوخۆیی نزیکەی 25٪ـە، بەهۆی ئەم هاوکێشانەوە هەمیشە ئەوە لەبەرچاو دەگرین کە زۆرترین سەرچاوەی ئاو یان داهاتی ئاومان لە رێگەی دیجلە و فوراتەوەیە، ئێستا داهاتی ئاوی رووباری دیجلە ئەگەر باسی بکەین بەبێ وەبیرهێنانەوەی ژمارەکان، دوو بەرامبەرمان هەیە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، واتە ساڵی 2023 کە ئێستا لە ساڵی 2025ـداین.
 
رووداو: واتا دووهێندەیە؟
 
تۆرهان موفتی: لە دیجلە دوو هێندەیە، من باسی داهاتی ئاو دەکەم نەوەک ئاوی گلدراوە، لە فورات سەرەتای ساڵی 2024 کەم بوو، ئێستا هەندێک گۆڕانکاریی باش هەن بە ئاڕاستەی زیادبوونی داهاتی ئاو لە رووباری فورات دا، هاوکات ئەمساڵ یان ئەم وەرزەی کۆتایی، داهاتی ئاو زۆر باشترە لە وەرزەکانی رابردوو بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا تەنیا پەیوەندی بە عێراقەوە نییە، بەڵکو هەموو ناوچەکە و جیهان بە گشتی بەدەست گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە دەناڵێنێت، بەڵام لە بەختی عێراق، عێراق یەکێکە لەو 15 وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی لەسەرە لەسەر ئاستی جیهان دا، لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە ژینگەییەکانن، ئەو کاریگەرییەی لەسەرمانە وەکو وڵات لە گۆڕانی کەشوهەوا و نیشانەکانی بەبیابانبوون، کە تاوەکو ئێستا نەچووینەتە قۆناخی بەبیابانبوون بەڵکو لە قۆناخی هەژاری ئاوداین و هەموو جیهان بەوەوە دەناڵێنێت، بەڵام لە جیهان و لەنێو سەتان وڵات دا، یەکێک لەو 15 وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی لەسەرە، عێراقە کە بەدەست گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە دەناڵێنێت، ئەو بابەتەش لە دەرەوەی دەسەڵاتە.
 
رووداو: زیادبوونی داهاتی ئاو بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە دیجلەوە هەیە، پەیوەندی بە رێککەوتنەکان لەنێوان عێراق و تورکیا لەبارەی بەردانەوەی ئاوەوە هەیە؟
 
تۆرهان موفتی: بە دڵنیاییەوە، یەکێک لە گرفتەکانی دەوڵەتی عێراق لە دامەزراندنییەوە، هەندێک رێککەوتنی گشتی هەن بۆ نموونە رێککەوتنی دۆستایەتی نێوان عێراق و تورکیا، رێککەوتننامەی جەزائیر لەگەڵ ئێران، ئەمانە رێککەوتنی گشتین، رێککەوتنە گشتییەکان بەشێوەیەکی چڕوپڕ بابەتی ئاویان لەخۆنەگرتووە، چونکە ئەو سەردەمەی رێککەوتنەکان کراون کێشەی کەمئاوی یان کێشەی بەبیابانبوون نەبوو، سیستەمی ئاوی عێراق یان سیستەمی ئاودێریی عێراق سیستمی لافاو بوو نەوەک سیستمی کەمئاوی، لە بنەڕەتدا بیرۆکەی دروستکردنی بەنداو یان فەلسەفەی دروستکردنی بەنداو لە عێراق بۆ گلدانەوەی ئاو نەبوو، بەڵکو بۆ پاراستنی ناوچەکان بوو لە لافاو، لەو سەردەمە دا کە ئاو زۆر بووە، بڕگەکان لەبارەی ئاو لە رێککەوتنەکان دا بڕگەی زۆر کەم و ئاسانن. ئێستا کاتێک گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکەین، دەگەڕێنەوە بۆ ئەو رێککەوتنانە و لەمەدا ئێمە ناتوانین دەستکەوتی زۆرمان هەبێت، بەڵام ئێستا لە چوارچێوەی رێککەوتن یان لێکتێگەیشتنی نوێ لەگەڵ تورکیا، بابەتەکە باشترە، ئێستا کاتێک کەسێک دەڵێت داهاتی ئاومان زۆر باشترە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، من ناڵێم زۆر باشە، بەڵام دەڵێم باشترە بە لەبەرچاوگرتنی پشک و رێژەکان، ئەوە لە ئەنجامی ئەم رێککەوتنە یان ئەم لێکتێگەیشتنەیە، هاوکات ئەو لێکتێگەیشتنەی واژۆکراوە لەگەڵ لایەنی تورکی کە پەیوەندیی بە دیجلە و فوراتەوە هەیە نەوەک تەنیا دیجلە، بەڵام زۆر بە روونی لە رووباری دیجلە دەرکەوتووە، کە ئەنجامەکانی باشن، هەروەها من هیوام هەیە، چونکە لێکتێگەیشتنەکە تەمەنی بۆ ساڵێک و دوو ساڵ نییە، هیوام هەیە ساڵی داهاتوو داهاتی ئاو و ئەنجامی لێکتێگەیشتنەکەمان روونتر دەبێت.
 
رووداو: وەزیری سەرچاوەکانی ئاو بە راشکاوی گوتی، زیاتر هەست بە بەدەنگەوەهاتنی تورکیا دەکەن بەراورد بە ئێران، پێموایە گوتەکانی تۆش کاتێک دەڵێیت بەردانەوەی ئاو زیادی کردووە بەهۆی ئەم رێککەوتنانە بەشێکی پەیوەندی بە وەڵامدانەوەی لایەنی تورکی هەیە بۆ لایەنی عێراقی لەم بابەتە، کێشەکان چین یان ئاستەنگەکان چین کە وایان کردووە ئێران بەدەنگەوەهاتنی بۆ لایەنی عێراقی نەبێت، ئایا هیچ گرفتێک هەیە؟
 
تۆرهان موفتی: نا لەگەڵ ئێران بابەتەکە جیاوازە، یەکەم وەکو گوتم ئێمە زۆرترین سەرچاوەی ئاومان لە تورکیاوە دێت و لە بەرامبەردا 13٪ تاوەکو 15٪ـی داهاتی ئاومان لە ئێرانەوە بۆ دێت، ئەو ئاوەی لە ئێرانەوە دێت تەنیا لە گۆمی دیجلەدایە، واتە نایەتە گۆمی عێراق بە گشتی یان دیجلە و فورات، من دەمەوێ سەرنج بخەمە سەر خاڵێکی زۆر گرنگ ئینجا بێمە سەر وەڵامی پرسیارەکەت، ئێمە گوتمان عێراق یەکێکە لەو 15 وڵاتە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، دیارترین بەشیش لە عێراق کە زۆرترین کاریگەریی لەسەرە لە خانەقینەوە دەستپێدەکات تاوەکو نزیکەی ناوچەی تیب، واتە دەتوانین بڵێین 40٪ یان 35٪ـی سنووری نێوان عێراق و ئێران بووەتە ناوچەی وشکهەڵاتوو، هەندێک رووبار و زێی بچووک لەم ناوچەیە وشک بوون کە لە ئێرانەوە دەڕژێنە نێو خاکی عێراق، هاوکات ئەو رێککەوتنەی هەیە لەنێوان عێراق و ئێران رێککەوتننامەی جەزائیرە، ئێران پێداگیری دەکات کە رێککەوتننامەی جەزائیر هێشتا کارایە، بەڵام روانینی دەوڵەتی عێراق جیاوازە بۆ ئەم بابەتە، نەبوونی رێککەوتنێک کە هەردوو وڵات لەسەری کۆک بن، دەبێتە هۆکاری ئەم کێشانە، لەلایەن عێراقەوە رەتکراوەتەوە، ئێران هێشتا پێوەی پابەندە و وا مامەڵە دەکات وەکو ئەوەی رێککەوتنێکە عێراقیش پێوەی باپەندە، بەڵام ئەمە واتای نەبوونی رێککەوتنێکی راستەقینە... 
 
رووداو: دانپێدانەنانی دەوڵەتی عێراق، یان هەبوونی تێڕوانینی جیاواز لەنێوان عێراق و ئێران، ئەمە بە هەمانشێوە رەنگدانەوەی هەیە لەسەر شەتولعەرەب، واتە عێراق و ئێران ناکۆکن لەبارەی شەتولعەرەبیش، چونکە رێککەوتنەکە شەتولعەرەب لەخۆدەگرێت؟
 
تۆرهان موفتی: من باسی بەشی ئاو دەکەم، لە شەتولعەرەب بابەتی بەشەئاو جیاوازە، چونکە پێش ماوەیەک رێڕەوی رووباری کارۆن لەلایەن ئێرانییەکانەوە گۆڕدرا، ئەوە کاریگەریی خراپی لەسەر ژینگەی شەتولعەرەب هەبوو، ئێستا نا، کارۆن دووبارە دەڕژێتەوە نێو شەتولعەرەب و کاریگەریی ئەرێنی هەبووە لەسەر ناوچەکە، ئەوە پەیوەندی بە رووباری کارۆنەوە هەیە، بەڵام وەکو گوتم ئەو رووبارە بچووکانەی لە ناوچە سنوورییەکانن لە شوێنێکن کە خۆی لەژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایە، نەبوونی رێککەوتننامەیەکی دیاریکراو دەبێتە هۆکاری ئەم گرفتانە لە پشکی ئاو، بۆچوونێک هەیە بۆ رێککەوتن یان لێکتێگەیشتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران وەکو ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ تورکیا دا کرا و رەنگە ئەم بابەتە ببێتە هۆی زیادبوونی داهاتی ئاو.
 
رووداو: ئێستا، دۆخی عێراق لە ئاوی گلدراوەدا چۆنە؟
 
تۆرهان موفتی: من، وەکو گوتم ئێمە بە کەمئاویدا تێدەپەڕین، ئێمە بە سەردەمی هەژاریی ئاودا تێدەپەڕین، لە ئاوی گلدراوە دا، تاوەکو رادەیەک دەوڵەتی عێراق گەرەنتی ئاوی کردووە، واتە بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ و ماڵ و پێداویستییەکانی رۆژانە گەرەنتی کراوە، بەشی کشتوکاڵیش هەیە، بەڵام تەنانەت لە ساڵانی رابردووش دا حکومەتەکانی پیشووش ناچاربوون بەشێک کشتوکاڵ کەمبکەنەوە بۆ نموونە چاندنی چەڵتووک یان برنج، ئەو رووبەرەی کە پێشتر داچێنراوە بەهۆی کەمئاوییەوە کەمکراوەتەوە، دەوڵەتی عێراق بڕێکی باش ئاوی هەیە بەڵام ئێمە هیواخوازین بڕێکی زیاترمان هەبێت، عێراق ساڵانە مامەڵە لەگەڵ بودجەیەکی ئاو دا دەکات کە 50 تاوەکو 90 ملیار مەتر سێجا ئاوە، ساڵانی باراناوی یان کە پشکی زۆر باشمان بووبێت جا بەهۆی دابارینی باران لە نێوخۆی عێراق یان هاتنی ئاو لە وڵاتانی دیکەوە، دەگەینە زیاتر لە 90 ملیار مەتر سێجا، ساڵانی وەکو ئەمساڵ و ساڵی رابردووش بۆ نموونە کە پێویستە کەمتر نەبێت لە 50 ملیار مەتر سێجا، جا بە باران یان سەرچاوە نێوخۆییەکان و سەرچاوە دەرەکییەکان، پێموایە داهاتی ئاو لەنێوان 50 بۆ 90 ملیار مەتر یان کەمێکیش کەمتر لە 50 ملیار مەتر بێت، دەوڵەتی عێراق دەتوانێت خۆی بگونجێنێت و گرفتی نابێت، لەو بڕە زیاتر، دانابەزێت چونکە چەندین زۆنگاو و چاڵاومان هەن کە بڕێکی باش ئاویان گلداوەتەوە وەکو سەرسار، یان لە بەنداوەکان دا، راستە ئاو نەگەیشتووەتە ئاستی باڵا بەڵام بڕێکی باشیان تێدایە، هاوکات بەپێی سرووشتی خۆمان لە وەرزی بەهار دا ئاوێکی زۆر دەڕژێتە عێراق، بەهۆی توانەوەی بەفر جا لە هەرێمی کوردستان بێت یان لە باکووری تورکیا یان لە هەندێک ناوچەی سووریا، هەربۆیە ئێمە لە بەهار دا داهاتێکی زۆری ئاومان بۆ دێت، پشتیوان بە خودا ماوەیەکی باشمان لەپێشە تاوەکو کۆگاکان و بەنداوەکان بڕێکی باش ئاو گلبدەنەوە.
 
رووداو: باران چەند کەمی کردووە، پێموایە روونە کە بارانبارینمان کەمبووەتەوە؟
 
تۆرهان موفتی: من بۆچوونێکی تایبەتم هەیە لەوبارەیەوە، لە رۆژانی کۆلێژ یەک شت فێربووین کە رۆژژمێری بارانبارین لە عێراق لە 1/10 دەستپێدەکات، واتە ئەگەر هایدرۆلۆجی بخوێنیت، یان لێکۆڵینەوە لە جوگرافیا دا بکەیت فێرت دەکەن کە بۆ نموونە رۆژژمێری زایینی لە کانوونی دووەم دەستپێدەکات 1/1، بەڵام رۆژژمێری بارانبارین لە 1/10 دەستپێدەکات. بە بۆچوونی تایبەتی من پێویستە ئێستا دەوڵەت و ئەوانەی بەو بابەتە هەڵدەستن و لێکۆڵینڤانان ئەو رۆژمێرە بگۆڕن، چونکە ئێمە لە مانگی 10 بارانبارینمان نییە، لەکاتێکدا بارانبارین لای ئێمە تاوەکو مانگی 4 بەردەوام دەبێت، ئێمە هاتووینەتە پێشەوە لە وادەی بارانبارین لەبری ئەوەی لە 1/10 دەستپێبکات پێویستە لە 1/12 دەستپێبکات، ئێمە ئەگەر رۆژمێری بارانبارینمان گۆڕی دەتوانین رۆژمێری کشتوکاڵیش بگۆڕین و، ژمارەیەک کێشەی کشتوکاڵیمان چارەسەر دەبن، من پێموایە ئێمە پێویستمان بە گۆڕینی رۆژمێری بارانبارین هەیە لە عێراق.
 
بەگشتی خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە، ئەوەی عێراقی پێدا تێدەپەڕێت بارودۆخێکی لەناکاو نییە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نووسینە بزمارییەکان لە سەردەمی بابلییەکان و تاوەکو سۆمەرییەکان و ئاشوورییەکان، دەبینین، دەڵێن لەم ساڵەدا ئێمە ئاوی ساردمان خواردووەتەوە وەکو بەڵگەی ئەوەی کە ساڵەکە باراناوی بووە و بەفر تاوەکو بەهار ماوەتەوە، هەندێک ساڵیش هەیە کاتێک هەڵکۆڵدراوەکان لەبارەی کشتوکاڵ دەخوێنیتەوە دەردەکەوێت کە هەندێک ساڵ وشک بووە، بۆیە وشکەساڵی و ماوەی کەمئاوی لە عێراق هی ئەم سەردەمە نییە، واتە عێراق یەکەمجاری نییە بە دۆخی وشکەساڵی تێدەپەڕێت، نا ئەمە هەزاران ساڵ پێش ئێستا هەبووە، هاوکات ماوەیەک هەبووە نزیکەی 2 هەزار و 700 ساڵ پێش زایین کە عێراقی پێدا تێپەڕیوە، وشکەساڵی بۆ زیاتر لە 100 ساڵ درێژەی کێشاوە، وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق بەدیاریکراوی و لە ناوچەکە و جیهان بەشێوەیەکی گشتی شتێکی نوێ نییە، بەڵام دەکەوێتە سەرئەوەی ئێمە چۆن کاروبارەکانمان رێکدەخەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە چونکە ئەم قۆناخە دووبارە دەبێتەوە، تووشی کەمئاوی و وشکەساڵی و کەمئاوی دەبینەوە.
 
رووداو: لەبارەی دۆخی عێراق، باسمان لە بەنداوەکان کرد کە ئاوی سەر زەوین، بەڵام ئاوی ژێرزەوی وەکو کۆگاکراوێکی ستراتیژی، دۆخی چۆنە؟
 
تۆرهان موفتی: عێراق رێژەیەکی زۆر باشی گلدراوەی ئاوی ژێرزەوی هەیە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە بەرهەمێکی هەڵسەنگێندراوە، هەندێک کات بەتایبەت دوای ساڵی 2003 و ئەو حکومەتانەی پێکهێندران گرنگییان بەم بابەتە نەدا، هەربۆیە ژمارەیەکی زۆر بیر بەبێ هەڵسەنگاندن هەڵکەندران، راستە بیرەکان لە سەرەوە لە یەکتر جیان، بەڵام لە ژێرەوە هەموویان لەسەر یەک سەرچاوەن و دادەبەزنە سەر یەک کۆگای ئاو، کاتێک ژمارەی بیر لە رووبەرێکی دیاریکراو زیاتر دەبێت لە ژمارەی هەڵسەنگێندراو، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و داڕمانی هەموو کۆگاکە، ئێمە لە ئاوی ژێرزەوی دا ئەو کێشەیەمان هەیە بەشێوەیەکی گشتی لە عێراق ژمارەیەکی زۆر بیر هەن، پێش هەفتەیەک پێموایە هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو زیاتر لە 150 بیری لە یەکێک لە پارێزگاکانی باشوور پڕکردەوە چونکە کاریگەرییان کردبووە سەر ئاوی ژێرزەوی و کاریگەرییان کردبووە سەر رووبەرەکانی ئاو، بەرهەمی هەڵسەنگێدراوی ئاوی ژێرزەوی گرفتی تێدا نییە، بەڵام نەبوونی چاودێرییەکی بەهێز لەسەر داهاتی ئاوی ژیرزەوی دەبێتە هۆی گرفت بۆمان.
 
رووداو: چەند پلانێک هەن لە عێراق، پلانی ستراتیژی بۆ دروستکردنی بەنداوی نوێ، وردەکاری ئەو پلانە چییە؟
 
تۆرهان موفتی: ئەوانە بەنداو نین، بەڵکو پۆندن، یان پێی دەڵێن کۆکردنەوەی ئاو، بیرۆکەی پۆندی ئاو بەنداوی بچووکن و لەو ناوچانە دروستدەکرێن کە سەرچاوی ئاوی کاتییان تێدایە، چەند ملیۆن مەتر سێجایەک ئاوت بۆ گلدەداتەوە و لە وەرزی هاوین دا بەکاردەهێنرێن تاوەکو زستانی داهاتوو، ئەمە لە بیرۆکە و پرۆژە زۆر سەرکەوتووەکانە، پێموایە لە هەولێر 2 بۆ 3 پۆند لەکاردان، لە کەرکووکیش هەیە، لە دەوروبەری کەربەلاش پێموایە هەیە، لە موسڵ لای شنگال پێموایە دروستکراوە، ئێستا بیرۆکە و پڕۆژەی گەورە هەن و لە دروستکردندان ژمارەیەک لە موسڵ و ژمارەیەک لە پارێزگاکانی باشوور دروستدەکرێن، لە بنەمادا دروستکردنی ئەو پۆندانە لەکاتێکدا دەبێت پێویستە رێرەوی ئاوت هەبێت، بەبێ بوونی رێڕەوی ئاو ناتوانیت دروستیان بکەیت، ئەم رێرەوە ئاوییانە لە رۆژئاوا و باکوور و ناوەڕاستی عێراق بەشێوەیەکی چڕ هەن و لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتیش هەن، لەلایەکی دیکەوە رەنگە دروستکردنی ئەم پۆندانە بۆ کۆکردنەوەی ئاو میکانیزمێکی نایاب بێت بۆ کشتوکاڵ کە ئێستا هەمانە.
 
رووداو: تێچووی ئەم پۆندانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابین دەکرێن؟
 
تۆرهان موفتی: بەڵێ بە دڵنیایی، هەیە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بودجەی بۆ دابین دەکرێت و هەشە لەلایەن پارێزگا و حکومەتە خۆجێیەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: ئاستی هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دا، بەتایبەت لە بواری ئاو دا چۆنە؟ بۆ نموونە دوو بەنداوی زۆر گەورە و ستراتیژی لە هەرێمی کوردستانن، هاوکات سەرچاوەی ئاو بەتایبەت ئەو سەرچاوانەی دەڕژێنە دیجلەوە، زێی گەورە و زێی بچووک، لە هەرێمی کوردستانەوە تێدەپەڕن.
 
تۆرهان موفتی: دۆسیەی ئاو، بە راستگۆیانە دەڵێم دۆسیەی ئاو دۆسیەیەکی زۆر دوورە لە هەر مامەڵە و کێشمەکێش و گفتوگۆیەکی سیاسی و ئابووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بابەتێکی فیدراڵییە و هەمووان کۆکن لەبارەیەوە چونکە ئەوەی کاریگەریی لەسەر هەولێر هەیە کاریگەریی لەسەر بەغدا و بەسرەش هەیە، دۆسیەی ئاو لە دۆسیە زۆر گرنگەکانە و ژیان پشتی پێدەبەستێت و زۆر بابەت پەیوەندییان بەم دۆسیەیەوە هەیە، دۆسیەکە زۆر دوورە لە سیاسەت، لە راستیدا دۆسیەیەکی تەکنیکییە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە بەغدا و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان پەیوەندی و هاوئاهەنگییەکی وردیان لە هەموو بابەتە گەورە و بچووکەکان دا هەیە بۆ پێکەوە کارکردن، ئەم دۆسیەیە زۆر دوورە لەوەی بە سیاسی بکرێت، زۆر دوورە لە هەر گفتوگۆیەکی سیاسی و ئابووری کە هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
 
رووداو: لە بابەتی ئاودا، عێراق هەموو دەوڵەتێک پێویستی بە پلانی ستراتیژی درێژمەودایە، ئەم پلانە بە گۆڕینی حکومەتەکان و بە گۆڕینی سیاسەتەکانی حکومەت لە بوارەکانی دیکە دا ناگۆڕێت، ئایا عێراق پلانێکی بەهێز و گشتگیری ستراتیژی هەیە لەبارەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و کەمئاوی؟
 
تۆرهان موفتی: وەکو کەمترین هەڵسەنگاندن باسی ئەم ماوەیەت بۆ دەکەم، زۆر سەرنج ناخەمە سەر ماوەکانی رابردوو، ستراتیژێک هەبوو پێموایە ساڵی 2012 بۆ ماوەی 15 ساڵ، ئێستا وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو چەند ستراتیژێکی بۆ زیادکردووە بۆ چەند ساڵێکی دیکە کە کەمتر نەبێت لە 10 ساڵی داهاتوو بەرامبەر ئەم دۆخی کەمئاوییە، پلانی ئاو هەیە و ئامادەیە، وەزارەت بەگوێرەی داتای زۆر ورد و دروست کاریان لەسەر دەکات، ئێستا تواناکانی وەزارەت وەکو پێشتر نییە، بە پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ تەکنیکی مانگە دەستکردەکان و ئەوەی هەیە و ئەوەی روودەدات لەبەرچاوی وەزارەت روونە، لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و پلانی 10 ساڵە ئامادەیە و بەردەوام نوێ دەکرێنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە