رووداو دیجیتاڵ
شێری تاڵەبانی، سەرۆک و بەڕێوەبەری رێکخراوی سید باسی گرنگیی بەهێزکردنی ژنان و رۆڵی گرنگیان لە کۆمەڵگەدا دەکات و پێیوایە "پێویستە خێزانەکان بەهێز بکرێن و بازنەی توندوتیژی ببڕین."
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ لە رووداو، شێری تاڵەبانی باسی رۆڵی ژنان لە کوردستان و گرنگیی بەهێزکردنیان دەکات، هەروەها باسی ئەو ئاستەنگانە دەکات کە رووبەڕووی ژنان دەبنەوە و ئەو گۆڕانکارییانەی پێویستە لە یاسا و سیاسەتەکاندا بکرێن.
"بۆ ئەوەی ژنان گەشە بکەن، پێویستە توانای ژیانیان بە ئازادی و بەبێ توندوتیژی بۆ دابین بکەین، بەشداریکردنیان لە ئابووریدا، تەواوکردنی خوێندنیان، بەدەستهێنانی مووچەی یەکسان و ژینگەیەکی کاری ئارام"، شێری تاڵەبانی وای گوت.
دەیان ساڵ توندوتیژی کاریگەری لەسەر خێزان هەبووە
شێری تاڵەبانی جەخت لەوە دەکاتەوە؛ کۆمەڵگەی کوردستان لەژێر کاریگەریی چەندین ساڵەی ملمانێ و تووندوتیژیدا بووە و دەڵێت، "هەموو کۆمەڵگە بە ناسەقامگیری، توندوتیژی، سەردەمی سەدام، شەڕەکان، ئامانجگرتنی ئەم ناوچەیە و ئامانج گرتنی ژنانی ئەم ناوچەیە کە قوربانی بوون لە هەڵمەتی ئەنفالدا، کاریگەربوون. کاتێک کە خێزان دەکرێتە ئامانج، ژنان زیانی زۆر گەورە دەبینن."
ئەو ئاماژە بەوە دەکات "دەیان ساڵی شەڕ کاریگەریی لەسەر خێزان هەبووە، بۆیە دەبێت سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت" و بە گوتەی ئەو، "پێویستە گەڕێینەوە بۆ کوردستانی پێش هەموو ئەم تووندوتیژییە، ئەو کوردستانەی تێیدا خێزان بەڕاستی بەهێز و تەواو بوو."
کێشەکانی دەبنە هۆی جیابوونەوە
لەبارەی کێشەی جیابوونەوە لە کوردستان، شێری تاڵەبانی دەڵێت "پێموایە جیابوونەوە لەبەرئەوە روودەدات چونکە تووندوتیژی لە خێزاندا کاریگەریی لەسەر خێزان هەیە. پێموایە ئەگەر بتوانین چارەسەری پێکهاتەی خێزان بکەین و پەیوەندییەکانی خێزان دووبارە بنیات بنێینەوە و خێزانی تەندروستتر، بەهێزتر دروست بکەین، بۆ هەموو کۆمەڵگە باشتر دەبێت".
ئەو پێیوایە "ئەو منداڵانەی لە ماڵێکدا گەورە دەبن کە توندوتیژیی تێدایە، دەبنە قوربانی یان تاوانکار. بۆیە دەبێت بازنەی تووندوتیژی ببڕین و دەبێت یەکەی خێزان بەهێز بکەین".
"هەمیشە بە هێزی ژنانی کورد سەرسام بووم"
سەبارەت بە ژنانی کورد، شێری تاڵەبانی دەڵێت: "من لە ساڵی 1998ـەوە لە کوردستان کار دەکەم. هەمیشە بینیومە ژنانی کوردستان تەنها بۆ مافەکانی ژنان خەبات ناکەن، بەڵکو بۆ باشترکردنی هەموو کۆمەڵگە، بۆ مافەکانی مرۆڤ؛ دژی جەنگ، دژی ناکۆکی و بۆ پێداویستییەکانی خەڵک. بۆیە هەمیشە بە هێزی ژنانی کورد سەرسام بووم".
یاسای توندوتیژیی خێزانی لە کوردستان، پێشکەوتووە
بە بۆچوونی شێری تاڵەبانی، "کوردستان یاسایەکی زۆر پێشکەوتوو و گرنگی هەیە کە توندوتیژی لە خێزاندا قەدەخە دەکات. واتە یاساکە تایبەتە بە توندوتیژی نێوان هاوژینەکان و توندوتیژیی دژی منداڵانیش. یاساکە زۆر باشە. هەروەها زۆر باشە کە کوردستان ئەو یاسایەی هەیە. هەمان یاسا لە بەشەکانی دیکەی عێراق و زۆر وڵاتی دیکەش نییە".
کاتێک شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری رووداو پرسیار لە شێری تاڵەبانی دەکات ئایا حەزی سیاسی و پابەندی هەیە بۆ هەمواری یاساکان، ئەو دەڵێت "بەڵێ، دەبینم حکومەت پێی وایە توندوتیژی بۆ هەموو کۆمەڵگە خراپە و دەیانەوێت چارەسەری بکەن. پێویستمان بە گۆڕانکاریی سیستەمییە،"
بڕینی یارمەتییەکانی ئەمریکا و کاریگەریی لەسەر پڕۆژەکان
سەبارەت بە کاریگەریی بڕینی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ رێکخراوەکان، شێری تاڵەبانی دەڵێت "بەڵێ، کاریگەریی لەسەر هەموو کەسێک هەبووە. کاریگەریی لەسەر سید-یش هەبووە. پێداچوونەوە بە بەرنامەکانمان کراوە. زۆربەیان بەردەوام دەبن و بەرەوپێش دەچن."
ئەو جەختی لەوە کردەوە"سید رێکخراوێکی زۆر گەورەیە و ئەم دۆخە تێدەپەڕێنێت"، پێشنیازی کرد "پێویستە سەرنجمان لەسەر گەشەپێدان بێت تاوەکو گۆڕانکارییەکان درێژخایەن و بەردەوام بن و کوردستان بگاتە خۆبژێوی و پشت بە پارەی دەرەکی نەبەستێت".
20 ساڵی هاوژینی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی
شێری تاڵەبانی هاوژینی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، ئەو لەبارەی هاوژینەکەیەوە دەڵێت "قوباد لەلایەن ژنانی بەهێز و لەلایەن پیاوانێکەوە پەروەردە کراوە کە بڕوایان بە ژنانی بەهێز هەبووە. بۆیە ئەو بەو بیرۆکەیەوە گەورە نەبووە کە ژنان دەنگیان نییە. ئەو بەو بیرۆکەیەوە گەورە بووە کە ژنان بەشێکی یەکسانی خێزانن و رۆڵێکی بەهێزیان هەیە".
"ساڵی رابردوو یادی 20 ساڵەیمان کردەوە و ماوەیەکی زۆرە پێکەوەین"، بە گوتەی شێری تاڵەبانی، ئەو پێیوایە قوباد تاڵەبانی "وەک پیاوێکی بەهێزی کورد دەردەکەوێت. بڕواکردنی بە رۆڵی ژنان 150٪ گونجاوە لەگەڵ ئەوەی؛ ئەو پیاوێکی بەهێزی کوردە".
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: چۆن دەتوانین ژنان بەهێز بکەین؟
شێری تاڵەبانی: چۆن ژنان بەهێز بکەین، پێش هەموو شتێک با لە رۆژی جیهانیی ژنانەوە دەستپێبکەین. پێموایە ئەم رۆژە لەسەر ئاستی جیهان و لێرەش لە کوردستان گرنگە، بۆ ئەوەی بە بەشداری و دەستکەوتەکانی ژنان بزانرێت. ژنانی وەکو تۆ لە رۆژنامەڤانی، ژنانی نێو بازرگانی، لە حکومەت، لە کەرتی رێکخراوە ناحکومییەکان، رێکخراوە خێرخوازییەکان وەک ئەوەی من. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی دان بەو بەشدارییانەی ژناندا بنرێت کە دەیکەن. هەروەها بۆ ئەوەی بە گرنگیی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا بزانرێت، هەروەها کە چۆن ژنان دەتوانن رۆڵێکی گرنگ لە بنیاتنانی کۆمەڵگە، سەقامگیریی کۆمەڵگە، سەرکەوتن و گەشەی کۆمەڵگە ببینن. پێموایە ئەم رۆژە بۆ ئەم شتانەیە. ئەگەر بێینە سەر پرسیارەکەت کە چۆن ژنان بەهێز دەکەین، دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی ژنان هەمان مافی پیاوانیان هەیە لە بەشداریکردن، لەخۆگرتن و بڕیاردان؛ هەروەها لەوەی کۆسپەکانی بەردەم ژنان لەگەڵ تێپەڕینی کات کەمدەبنەوە. ئێمە پێمان خۆشە هەموو ئەم کۆسپانە سبەی نەمێنن، لە هەموو شوێنەکانی جیهان ژنان پێکەوە کاردەکەن، بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانە بکەن کە رووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی رۆڵێکی کاریگەرتر لە کۆمەڵگە ببینن.
رووداو: ژنی کورد چۆن دەبینی؟ ئاستەنگیی بەردەمیان چین و خاڵە باشەکانیان چین؟
شێری تاڵەبانی: من، پێموایە هەموو کۆمەڵگە لەژێر کاریگەریی چەندین ساڵەی ملمانێ و توندوتیژیدا بووە. پێویستە لێرەوە لەو تێگەیشتنە دەستپێبکەین کە ژنان ئەمڕۆ لە چ بارودۆخێکدان و ئاڵنگارییەکانیان چین. بڕوام وایە هەموو کۆمەڵگە بە ناسەقامگیری، توندوتیژی، سەردەمی سەدام، شەڕەکان، ئامانجگرتنی ئەم ناوچەیە و ئامانجگرتنی ژنانی ئەم ناوچەیە کە قوربانی بوون لە هەڵمەتی ئەنفالدا، کاریگەر بوون. کاتێک خێزان دەکرێتە ئامانج، ژنان زیانی زۆر گەورە دەبینن. ژنان، کچان و منداڵان. پێویستە ئاوڕ لە مێژووی خۆمان بدەینەوە. پێویستە لەم بارودۆخە تێپەڕین. دەبێت لە دۆخی قەیرانەوە بۆ دۆخی مانەوە و پاشان بۆ دۆخی گەشەکردن بڕۆین. بۆ ئەوەی ژنان گەشە بکەن، پێویستە توانای ژیانیان بە ئازادی و بەبێ توندوتیژی بۆ دابین بکەین، بەشداریکردنیان لە ئابووریدا، تەواوکردنی خوێندنیان، بەدەستهێنانی مووچەی یەکسان و ژینگەیەکی کاری ئارام. ئەمانە هەموو بەشێکن لەوەی کە هەوڵی بۆ دەدەین کاتێک بیر لە بەهێزکردنی ژنان و مافەکانیان دەکەینەوە. پێموایە گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کاتێک ژیانی ژنان باشتر دەکەی و بەشداریکردنیان زیاد دەکەی، هیچ شتێک لە پیاوان کەم ناکاتەوە. بەڵکو، هەموو کەسێک لە کۆمەڵگەدا سوودمەند دەبێت چونکە کاتێک ژنان بەشداری لە بڕیاردان دەکەن، زۆر جار سەیری پێداویستییەکانی خێزان دەکەن. ئەمە زۆر گرنگە بۆ بڕیاردان، سیاسەت داڕشتن، یاساکان و چۆنیەتی خەرجکردنی سەرچاوەکانمان. ژنان لە پەرلەمان لە سەرتاسەری جیهاندا سەلماندوویانە؛ گەندەڵی کەمدەکەنەوە، خەرجیی گشتی زیاتر بۆ تەندروستی و پەروەردە تەرخان دەکەن و کەمتر بۆ سوپا. بۆیە بوونی ژنان لەم پۆستە بڕیاردەرانەدا زۆر گرنگە، نەک تەنها بۆ ژنان، بەڵکو بۆ باشترکردنی هەموو کۆمەڵگاکەمان.
رووداو: ئایا هیچ شتێک لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بۆ تۆ لەبارەی ژنانەوە مایەی سەرسوڕمان بوو؟
شێری تاڵەبانی: من لە ساڵی 1998ـەوە لە کوردستان کار دەکەم. لەو کاتەوە، لەگەڵ ئەو ژنانە کارم کردووە کە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، کارگێڕیی گشتی و مافەکانی مرۆڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانماندا کردووە. هەمیشە بینیومە ژنانی کوردستان تەنها بۆ مافەکانی ژنان خەبات ناکەن، بەڵکو بۆ باشترکردنی هەموو کۆمەڵگە، بۆ مافەکانی مرۆڤ؛ دژی جەنگ، دژی ناکۆکی و بۆ پێداویستییەکانی خەڵک. بۆیە هەمیشە بە هێزی ژنانی کورد سەرسام بووم. بۆیە کاتێک بۆ ئێرە گواسترامەوە، بۆ من جێگەی حەپەسان نەبوو کە ببینم ژنان بەڕاستی بەردەوامن لە پێشخستنی خۆیان لە شوێنە گرنگەکاندا. بەڵام پێویستمان بە دەرفەتی زیاتر و بواری زیاترە بۆ ئەوەی ئەوان بەشداری بکەن.
رووداو: چۆن؟ دەرفەتی زیاتر لە چییە؟
شێری تاڵەبانی: من نموونەی ویلایەتە یەکگرتووەکانتان نادەمێ، چونکە ئێمە لەوێش هێشتا خەریکی پێشکەوتنین. پێموایە دەتوانین سەیری نموونەی نزیک بکەین، ئەگەر سەیری ئیمارات بکەین، کۆمەڵگەیەکمان هەیە، کۆمەڵگەیەکی موسڵمان و پارێزگار، کە تێیدا ژنان بەشداری لە هەموو لایەنەکانی ژیانی گشتیدا دەکەن. کەواتە سیاسەت و یاسای باشت هەیە، وەک یاسای مووچەی یەکسان بۆ نموونە. نیوەی ئەندامانی کابینەی حکومەت ژنن. لە هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبردنی حکومەتدا ژنان هەن. نیوەی ئەو ئەندازیارانەی کار لەسەر پڕۆژە گشتییەکان و ژێرخان، دەکەن ژنن. زیاتر لە نیوەی خوێندکارانی زانکۆ ژنن. ژنان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا دەبینرێن، لەو کەرتانەی من تێیاندا کار دەکەم، لە پزیشکی، هیچ سنووردارییەک نییە. ژنان بۆ رابەرایەتیکردن بەهێزکراون. پێم وایە ئەمە نموونەیەکی باشە بۆ ئێمە تاوەکو سەیری بکەین، نەک تەنیا ژنان لە پۆستە کارگێڕییەکاندا ببینین، بەڵکو ژنان لە ئاستە بەرزەکانی حکومەتدا ببینین، دەمانەوێت ببینین ژنان بە تەواوی بەشداری لە هەموو کارەکاندا دەکەن.
رووداو: لە کوردستان زەمینە هەیە بۆ ئەو مەبەستە؟
شێری تاڵەبانی: پێموایە پرۆسەیەکە و دەبێت لێرەوە دەستپێکەین. پێموایە ژن هەن و من هەموو کات لەگەڵیان دا کار دەکەم، لە بازرگانی و لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەدا. ژن هەن. کەواتە مەسەلەکە ئەوەیە دڵنیاببینەوە لەوەی ئەوان لەو ژوورەدان کە بڕیارەکانی تێدا دەدرێت و دەنگیان دەبیسترێت. لەوەی ژنان هەست بە بەهێزی دەکەن بۆ قسەکردن و ژنان لە شوێنی کاردا ئارامن.
رووداو: رێکخراوەکەتان چی کردووە بۆ ژنانی کوردستان و چۆن دەتوانن ئەم پلان و روانگەیە جێبەجێبکەن؟
شێری تاڵەبانی: ئێمە لە ساڵی دەیەمی کارەکانمان داین و سەرەتا سەرنجمان لەسەر کارکردن بوو لەگەڵ رزگاربووانی توندوتیژی و شەڕ و دڵنیابوون لەوەی کە ژنان ئارامن، هەروەها یارمەتیدانیان بۆ چاکبوونەوە لە توندوتیژی دژیان و پاراستنی منداڵان. ئێستا بەڕاستی سەرنجمان لەسەر ئەوەیە چۆن لەو قەیرانە تێپەڕین؟ چۆن بەرەو ئەو جۆرە گۆڕانکاریانە دەچین لە یاسا و سیاسەتەکاندا رێگە دەدەن هەموو کۆمەڵگە ئارام و باشتر بێت. ئێمە زۆر بە نزیکی لەگەڵ دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی یاسا کار دەکەین. بە نزیکی لەگەڵ خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بەشەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کار دەکەین. لەگەڵ هەموو لایەنەکانی حکومەت کار دەکەین، چونکە قەیرانی مرۆیی بەجێهێڵراوە. ئێستا لەم قۆناخەی گەشەکردنداین کە پێویستە ئابووری گەشە بکات. پێویستە خەڵک باش و یەکگرتوو بن. پێویستمان بە کۆمەڵگایەکە کە گەشە بکات و لە رووی ئابوورییەوە باشتر بێت. بۆیە بۆ ئەوەی ئەمە بکەین، پێویستە خەڵک بەهێز بکەین. ئێمە لەگەڵ ژنان، پیاوان، و منداڵان کار دەکەین، کەواتە لەگەڵ هەمووان کار دەکەین. بۆ نموونە، لەگەڵ پیاوان کار دەکەین بۆ دڵنیابوون لە خێزانێکی تەندروست و بەهێز، پیاوان و کوڕان. ئێمە کۆمەڵێک پرۆگراممان هەیە بۆ پیاوان و کوڕان دەربارەی ئەوەی چۆن دەتوانن، بۆ نموونە باوکان پشتگیرییان بۆ منداڵەکانیان زیاتر بێت.
رووداو: پیاوان چ کاردانەوەیەکیان هەیە؟ ئەوان چی دەڵێن؟
شێری تاڵەبانی: پیاوان بەدەم بانگەوازەکەوە دێن. هەندێک جار سەختە ئەوان بهێنیتە نێو بەرنامەکان، بەڵام دواتر لە هاوڕێکانیانەوە دەبیستن کە ئەمە بەڕاستی بۆیان بەسوود بووە. ئێمە 10 دانیشتنمان هەیە. 8 دانیشتن لەگەڵ باوکان و 8 دانیشتن لەگەڵ کوڕان. پاشان دوو دانیشتنمان لەگەڵ هەردووکیان پێکەوە هەیە. ئەوان دەڵێن "هەموو تێڕوانینم بۆ خێزانەکەم گۆڕاوە، دەمەوێت پەیوەندییەکی نزیکترم لەگەڵ هاوژینەکەم هەبێت. دەمەوێت پەیوەندییەکی نزیکترم لەگەڵ منداڵەکانم هەبێت و ئێستا دەزانم چۆن ئەمە بکەم. دەزانم کە کێشەکان تەنیا هی من نین تا بە تەنیا شانیان بدەمە بەر، بەڵکو ئێمە وەک خێزان دەتوانین پێکەوە کار بکەین و دەمەوێت ببینم منداڵەکانم خەونەکانیان بەدیدێنن. ئێستا دەزانم چۆن یارمەتییان بدەم." دەبینین هاوژینەکانی ئەو پیاوانەی بەشداری لە بەرنامەکە دەکەن دەڵێن هەموو کەس دڵخۆشتر و تەباترە. لێرە لە کوردستان کێشەی جیابوونەوە هەیە.
رووداو: هۆکاری کێشەی جیابوونەوە چییە؟
شێری تاڵەبانی: پێم وایە جیابوونەوە لەبەر ئەوە روودەدات چونکە توندوتیژی لە خێزاندا کاریگەری لەسەر خێزان هەیە. پێم وایە ئەگەر بتوانین چارەسەری پێکهاتەی خێزان بکەین و پەیوەندییەکانی خێزان دووبارە بنیات بنێینەوە و خێزانی تەندروستتر، بەهێزتر دروست بکەین، بۆ هەموو کۆمەڵگە باشتر دەبێت. ئەو منداڵانەی لە ماڵێکدا گەورە دەبن کە توندوتیژیان تێدایە، دەبنە قوربانی یان تاوانکار. بۆیە دەبێت بازنەی توندوتیژی ببڕین و دەبێت یەکەی خێزان بەهێز بکەین. پێم وایە دەیان ساڵی شەڕ کاریگەری لەسەر خێزان هەبووە. بۆیە دەبێت سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت.
رووداو: ئێوە کارتان بۆ هەموارکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و توندوتیژیی دژی ژنان، کارەکەتان بە کوێ گەیشت؟ ئایا هەموار دەکرێت؟ چۆن هەمواری دەکەن؟
شێری تاڵەبانی: کوردستان یاسایەکی زۆر پێشکەوتوو و گرنگی هەیە کە توندوتیژی لە خێزاندا قەدەخە دەکات. واتە یاساکە تایبەتە بە توندوتیژی نێوان هاوژینەکان و توندوتیژی دژی منداڵانیش. یاساکە زۆر باشە. هەروەها زۆر باشە کە کوردستان ئەو یاسایەی هەیە. هەمان یاسامان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و لە زۆر وڵاتی دیکەش نیمانە. بەڵام لە شوێنێکی وەک دووبەی، یاسایێکی لەو جۆرە هەیە. هەروەها لێرە دامەزراوەی باشمان هەیە. یەکەی تایبەتی جێبەجێکردنی یاسا و پەناگەی ژنانمان هەیە. کەواتە سیستەمێکی باشمان هەیە. دەتوانین یاساکە باشتر بکەین؟ بێگومان، دەتوانین یاساکە باشتر بکەین. بەڵام ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ بەڵێ، دەکرێت باشتر بکرێت و هەموو یاساکان دەکرێت بەردەوام باشتر بکرێن. بەڵێ، هەوڵماندا یاساکە باشتر بکەین. چونکە حکومەتیش گرنگیی پێیدا. کەواتە ئامانجمان پشتگیریکردنی گۆڕانکارییەکانە کاتێک ئیرادە و پابەندبوونی سیاسی هەیە بۆ گۆڕانکاری هەبێت.
رووداو: ئەو حەزە سیاسییە و پابەندییە هەیە؟
شێری تاڵەبانی: بەڵێ، دەبینم حکومەت پێی وایە توندوتیژی بۆ هەموو کۆمەڵگە خراپە و دەیانەوێت چارەسەری بکەن. پێویستمان بە گۆڕانکاری سیستەمییە. کەواتە کارەکە لەوە زیاترە کە یارمەتی ژنان بدەین لە توندوتیژی هەڵبێن. دیسانەوە، زیاتر پەیوەندی هەیە بە بەهێزکردنی خێزان. چونکە پێویستە خێزانەکان هەڵوێست بنوێنن بۆ خۆشەویستەکانیان و دڵنیا ببنەوە کە هیچ کەسێک ناکرێتە قوربانی.
رووداو: ئێستا بە کام قۆناخ گەیشتووە؟ ئەو هەموارانەی دەتانویست بیکەن، وەستاون؟
شێری تاڵەبانی: ئێمە ماوەی حەوت یان هەشت ساڵە لەگەڵ ئەم دامەزراوانە کاردەکەین، وەک دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی یاسا و راهێنانمان ئەنجام داوە. زیاتر لە 600 کەسمان لە بواری جێبەجێکردنی یاسا راهێناوە، هەروەها لەگەڵ دادوەرانیش کارمان کردووە بۆ بەهێزکردنی کاردانەوەیان بەرامبەر بەم جۆرە توندوتیژییە و بۆ جێبەجێکردنی یاسا بە باشترین و بەهێزترین شێوە. کەواتە پێشکەوتنێکی زۆرمان بینیوە. بێگومان، بوار هەیە بۆ بەردەوامبوون، بەڵام دەبێت هۆکارە بنەڕەتییەکانی توندوتیژی چارەسەر بکەین. پێویستە چارەسەری ئەوە بکەین کە خەڵک چۆن هەست بە ژنان و توندوتیژی دەکەن. پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کوردستانی پێش هەموو ئەم توندوتیژییە، ئەو کوردستانەی کە تێیدا خێزان بەڕاستی بەهێز و تەواو بوو. هەست بە متمانە و هیوا دەکەین کە دەتوانین ئەوە بکەین.
رووداو: پێشبینی دەکەن ماوەیەکی زۆر بخایەنێت تا ئەو هەموارانە بەدیدەهێنرێن؟
شێری تاڵەبانی: پێم وایە گۆڕانکاری کاتێکی درێژ دەخایەنێت. لە روانگەیەکی دەرەکییەوە، من چەندین گۆڕانکاری ئەرێنی دەبینم لەو 12 ساڵەی کە لێرە لە کوردستان ژیاوم و لەو 25 ساڵەی کە لێرە کارم کردووە. لە قۆناغەکانی سەقامگیریدا، ئێستا تا رادەیەکی زۆر سەقامگیریمان هەیە و دڵنیایی زیاتر لەبارەی داهاتووە هەیە. کەواتە ئێستا کاتی ئەوەیە سەرنج بخەینە سەر دڵنیابوون لەوەی کە هەموو کەسێک لە کۆمەڵگەدا دەتوانێت گەشە بکات. بۆیە دەبێت لەم قۆناغەدا بەرەوپێش بچین.
رووداو: دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، یارمەتییە دەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ رێکخراوەکان بڕدران، ئەوە چۆن کاریگەریی خستووەتە سەر کارەکەتان؟
شێری تاڵەبانی: بەڵێ، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاری داوە پێداچوونەوە بە هەموو یارمەتییە دەرەکییەکانی بکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەرژەوەندی ئەمریکا پێش دەخات، کە هەر حکومەتێک لە سەرتاسەری جیهاندا پێویستە ئەمە بکات. بۆ دڵنیابوون لەوەی کە شێوازی دابەشکردن و جێبەجێکردنی پارەکان و بەرنامەکان کاریگەرترین و باشترینە. ئەمە مافی حکومەتە. بەڵام هۆشدارییەکە بۆ ئێمە لێرە لە کوردستان کە ئێمە، ویلایەتە یەکگرتووەکان گەورەترین بەخشەرمانە. بۆیە کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک هەبووە. کاریگەری لەسەر سید-یش هەبووە. پێداچوونەوە بە بەرنامەکانمان کراوە. زۆربەیان بەردەوام دەبن و بەرەوپێش دەچن. بەرنامەی دیکەشمان هەیە لەلایەن بەخشەرانی دیکەوە پشتیوانی دەکرێن. هەروەها لەلایەن بەخشەرانی تایبەتەوە لێرە پشتگیریمان دەکرێت، کۆمپانیاکان و تاکەکان لە کوردستان کە بڕوایان بە کاری ئێمە هەیە، پشتگیریمان دەکەن. کەواتە سید باش دەبێت. سید رێکخراوێکی زۆر گەورەیە و ئەم دۆخە تێدەپەڕێنێت. بەڵام پێم وایە پێویستە هەموومان بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن لە قۆناغی قەیران تێدەپەڕین کە بڕێکی زۆری ئەو پارە نێودەوڵەتییەی دەهات لەم قۆناخەدا وەستاوە، پێویستە سەرنجمان لەسەر گەشەپێدان بێت تاوەکو گۆڕانکارییەکان درێژخایەن و بەردەوام بن و کوردستان بگاتە خۆبژێوی و پشت بە پارەی دەرەکی نەبەستێت. دەبێت لەو خاڵەدا گۆڕانکاریی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بکرێت، لەسەر ئاستی یارمەتیدانی تاک بە تاکی کەسەکان، بەڵکو یارمەتیدانی هەموو کۆمەڵگە و هەروەها یارمەتیدانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوەی پشت بە رێکخراوە ناحکومییەکان یان پارەی دەرەکی نەبەستێت، بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەو کارە کۆمەڵایەتییانەی کە دەبێت لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بکرێت. کەواتە پێم وایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئێمە تاوەکو سەیری چۆنیەتیی کارکردنمان بکەین، ببینین ئایا دەتوانین کاریگەرتر، باشتر کار بکەین. بەڵێ، پارەی ئەمریکی زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام هەروەها دەبێت لەم کاتەدا سەیری ئەوە بکەین کە چۆن کارەکان دەکەین و چۆن دەتوانین لەم دۆخی ژیانەوە بگەینە گەشەکردن و بەرەو گەشەپێدانی درێژخایەنی کوردستان کار بکەین.
رووداو: واتە پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانتان کەمدەبنەوە؟
شێری تاڵەبانی: کەمبوونەوەمان بینی، بەڵام زۆر بەختەوەرین کە بەرنامەکانمان بەهێزن و ئەم وەبەرهێنانە درێژخایەنانە لە گەشەپێداندا دەکەین. بۆیە زۆربەی بەرنامەکانمان بەردەوام دەبن. کەواتە هەست دەکەین زۆر بەختەوەرین، بەڵام نیگەرانیی هەندێک لەو رێکخراوە بچووکترانەین کە پشت بە یەک سەرچاوەی دارایی دەبەستن. زۆر گرنگە کە هەموو رێکخراوەکان کۆمەڵێکی جۆراوجۆر و هەمەچەشنی بەخشەریان هەبێت. بۆیە کاتێک بچووکتری، کاریگەری خراپتری لەسەر تۆ دەبێت. ئەوەی بینیومانە ئەوەیە کە لە هەر شوێنێک، لە دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کە پێشتر پارەی نێودەوڵەتی دەهات، ئێستا رێکخراوەکان ناچار بوون خزمەتگوزارییەکانیان کەم بکەنەوە. کەواتە پێویستە بە شێوەیەکی ستراتیژی بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن ئەو بۆشاییە بە شێوەیەکی ناوخۆیی لێرە پڕ دەکەینەوە.
رووداو: سەرەتا کە هاتی بە کوردی قسەتکرد. حەوت هەشت ساڵ لەمەوبەر هەڤپەیڤینێکمان لەگەڵ کردی کوردییەک وەک ئێستا باش نەبوو، ئێستا هەندێ باشترە، راستە؟
شێری تاڵەبانی: بەڵێ. من کوردی دەخوێنم بەڵام شەرمدەکەم. دەزانم گرنگە فێری کوردی بم. دەخوێنم و هەوڵدەدەم، بەڵام هەوڵدەدەم لە هەڤپەیڤینە تەلەڤزیۆنییەکاندا بە کوردی قسە نەکەم، چونکە دەکرێت هەڵەبکەیت.
رووداو: منداڵەکانت بە کوردی قسە دەکەن؟
شێری تاڵەبانی: کەم. ئەوانیش زمانی کوردی لە قوتابخانە دەخوێنن و فرەزمانن و چەندین زمان قسە دەکەن. هەروەها بۆ ئێمەش زۆر گرنگە کە منداڵەکانمان کوردی قسە بکەن.
رووداو: ئەی کاک قوباد لە ماڵەوە بە کوردی قسە دەکات؟ مامۆستایێکی باشی کوردە؟
شێری: هەندێک جار. بەڵێ. با بڵێین، با دیپلۆماتی بین و بڵێین ئەو پشتگیریمان دەکات.
رووداو: وەک پیاوێکی رۆژهەڵاتی، قوباد تاڵەبانی چۆن دەبینی؟
شێری تاڵەبانی: بەڵێ، پێم وایە ئەمەم بە ئاشکرا زۆر گوتووە، بەڵام قوباد لەلایەن ژنانی بەهێز و لەلایەن پیاوانێکەوە پەروەردە کراوە کە بڕوایان بە ژنانی بەهێز هەبووە. بۆیە ئەو بەو بیرۆکەیەوە گەورە نەبووە کە ژنان دەنگیان نییە. ئەو بەو بیرۆکەیەوە گەورە بووە کە ژنان بەشێکی یەکسانی خێزانن و رۆڵێکی بەهێزیان هەیە، بۆیە پێویست نەبوو من فێری بکەم. پێویستم نەبوو وا بکەم. ئەو بەو بیرکردنەوەیە دەستی بە ژیانی هاوژینیمان کرد، کە ساڵی ڕابردوو یادی 20 ساڵەیمان کردەوە و ماوەیەکی زۆرە پێکەوەین. بۆیە
ئەو بەم بڕوایانەوە هاتە نێو ژیانی هاوژینی، بڕوای وایە کە گرنگە ژنان رۆڵێکی گرنگیان هەبێت لە حکومەت، لە رۆژنامەگەری، لە کەرتی تایبەت، و پێم وایە یەکگرتووین لەو بیرکردنەوەیە کە پێویستە هەموو کەسێک پێکەوە کار بکات بۆ بینینی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و کۆمەڵگەیەک کە باش بێت خۆشگوزەرانی هەموو کەسێک ڕەچاو بکرێت.
رووداو: زیاتر لە پیاوێکی رۆژهەڵاتی یان رۆژئاوایی دەچێت؟
شێری تاڵەبانی: پێم وایە ئەو وەک پیاوێکی بەهێزی کورد دەردەکەوێت. بڕواکردنی بە رۆڵی ژنان سەد و پەنجا لەسەد گونجاوە لەگەڵ ئەوەی کە ئەو پیاوێکی بەهێزی کوردە.
رووداو: زۆر سوپاس
شێری تاڵەبانی: سوپاس. رۆژی جیهانی ژنان پیرۆز بێت و سوپاس بۆ رابەرایەتیکردنت و ئەو کارەی کە تۆ دەیکەیت. سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ